پیسبوونی ژینگەی هەولێر، هەڵوەستەی جددیی دەوێت

11:00 - 2025-01-08
دووتوێ
199 جار خوێندراوەتەوە

مەسەلەی ژینگە، یەكێكە لە بابەتە هەرە گرنگ و لە پێشینەكانی سەرجەم وڵاتانی جیهان، كە ساڵانە چەندین كۆڕبەند و دیدار و كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی بۆ سازدەكرێت و بەردەوام وڵاتان باس لە مەترسییەكانی پیسبوونی ژینگە دەكەن لە زۆر رووەوە، تەنانەت مەسەلەی هێنانە پێشەوەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی و داخستنی چەندین كارگەی زەبەلاح و دانانی چەندین مەرجی قورس بۆ كارگە و كۆمپانیاكان كە هۆكارن بۆ پیسبوونی ژینگە، ئەمە جگە لەوەی لە زۆربەی دەوڵەتەكاندا وەزارەت و دەستەی تایبەت بە ژینگە و ژینگەپارێزی و ژینگەدۆستی هەیە، كە كاریان پاراستنی ژینگەیە لەسەر هەموو ئاستەكان نەك وەكو هەرێمی كوردستان، دەستەیەكمان بەناوی ژینگە هەیە، كە نە دەنگی هەیە و نە رەنگ !.
بەداخەوە، لەشارێكی گرنگ و ئاوەدانی وەكو هەولێر ئەوەی بوونی نەبێت و لای ئیدارە و حكومەتی شارەكە گرنگ نەبێت مەسەلەی ژینگەیە، باوەڕ ناكەم ئەو پیسبوونی ژینگەیەی لەم چەند ساڵەی دوایی لە هەولێر و دەوروبەری هەستی پێدەكرێت، كە سەرچاوەكەی بوونی دەیان بەناو پاڵاوگەیە و  سەرجەمیان نایاسایین، تەنانەت ئەوانەشی مۆڵەتیان پێدراوە هیچ مەرجێكی پاراستنی ژینگەیان تێدا نییە، رەنگە لە هیچ شارێكی نەك كوردستان بەڵكو لەسەر ئاستی عیراقیش شتی وا نەبێت.
هەولێر، لەگەڵ خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوونیدا، تەنها دیمەنی چەندین چینی تەم و دووكەڵ و ماڵوێرانیی دەبینیت، كە بەداخەوە، چەندین هاووڵاتی گوندنشینی دەوروبەری هەولێری تووشی نەخۆشی رەبۆ و شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی پێست و چەندین نەخۆشی تریش كردووە.
ئەوەی بەلای هاووڵاتیانی هەولێرەوە بۆتە مایەی پرسیار و وەڵامەكەیان دەستناكەوێت، هەر دووهەفتە جارێك پارێزگاری هەولێر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی دەبەستێت و رایدەگەیەنێت بڕیارماندا بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان و بەخوا كەمێك هەڕەشەش دەكات لە خاوەن پاڵاوگەكان، كەچی رۆژ دوای رۆژ بەشایەدی خەڵكی هەولێر، پیسبوونی ژینگەی شارەكە هەر بەرەو خراپتر دەچێت !
ئیدارەی شارەكە، بەرپرسی یەكەمە لەو كارەساتە مرۆییەی تووشی خەڵكی هەولێر بووە، ئەو بەناو پاڵاوگانە چونكە مەسئولی حزبیی لەپشتە، وا دیارە پارێزگار و لیژنەی ئەمنی هەولێریش وەكو پێویست ناتوانن كۆنترۆڵی ئەو پیسبوونە بكەن، ئەگینا شەو لە شاشەی تەلەفزیۆنەكان دەڵێن: بڕیارماندا بەداخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی!، كەچی بۆ بەیانی كە لە خەو هەڵدەستین ژینگەی شارەكە پیستربووە و تەنها كەمتر لە 20 دانەیەك لەو پاڵاوگانە داخراون!. كەچی ئەوانەی تر بەشەو و رۆژ خەریكی بەرهەمهێنانی بەنزین و گاز و نەوتن بۆ خۆیان و لەبەرامبەردا خەریكی دەرخواردانی ژەهرن بەو خەڵكە سڤیلەی كە تەنها خوا شك دەبەن پەنای بۆ بەرن !

کوردستانی نوێ/ هەولێر

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان