ئا: ئیمان فەرهاد
بەگوێرەی ئامارەكانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان، ساڵانە لە سنووری پارێزگای هەولێر كرێكاران لەكاتی كاركردنیان، رووبەڕووی چەندین رووداوی نەخوازراو دەبنەوە و بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن یان بریندار دەبن، هۆكارەكەشی بۆ پابەندنەبوونی كۆمپانیای خاوەنكارەكان دەگەڕێتەوە، لەوەی بەشێكیان رێنمایی و مەرجەكانی سەلامەتی و دابینكردنی شوێنی شیاو بۆ كاركردن جێبەجێ ناكەن.حەسەن رەمەزان، لێپرسراوی راگەیاندنی لقی هەولێری سەندیكای كرێكارانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ساڵانە كرێكارانی سنووری پارێزگای هەولێر لەكاتی كاركردنیان تووشی چەندین رووداوی نەخوازراو دەبنەوە، تەنیا لە ساڵی 2024 دا لە سنووری پارێزگای هەولێر، 9 كرێكار لەسەر كارەكانیان تووشی رووداوی نەخوزراو بوونەتەوە و بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، چوار كرێكاری تریش بریندار بوون.
حەسەن رەمەزان
وتیشی: بەردەوامبوونی ئەو جۆرە رووداوانە بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێتەوە، لەوانە: نەشارەزایی بەشێك لە كرێكاران و جێبەجێنەكردنی یاسا و نەبوونی رێنمایی پێویست بۆ كۆمپانیا و خاوەنكارەكان، لە دابینكردنی پێداویستییەكانی شوێنی كاركردن و جێبەجێكردنی مەرجەكانی سەلامەتی.
راشیگەیاند: بۆ رێگرتن لە رووداوی نەخوازراو و پاراستنی گیانی كرێكاران لەكاتی كاركردنیان، پێویستە هەموو ئەو كرێكارانەی كارێكی زەحمەت ئەنجامدەدەن، بەشداریی لە خولەكانی راهێنانی پیشەیی بكەن، كە لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی سەرپەرشتی دەكرێت، تا كرێكاران شارەزایی كارەكەی خۆیان بن و بتوانن خۆیان لە رووداوەكان بپارێزن، بەڵام ئەو هەنگاوە وەكو پێویست جێبەجێ ناكرێت. لێپرسراوی راگەیاندنی لقی هەولێری سەندیكای كرێكاران ئەوەشی خستەڕوو: گرفتێكی دیكە كە رووبەڕووی كرێکاران دەبێتەوە، نەبوونی دەستەبەری كۆمەڵایەتییە(ضمان الاجتماعي) بەتایبەتی بۆ ئەو كرێكارانەی كاری رۆژانە دەكەن و خاوەن كاریان دیارنییە، بۆیە پێویستە چارەسەری ئەو گرفتە بكرێت و سەرجەمیان دەستەبەر بكرێن، چونكە لەكاتی تووشبوونیان بەهەر رووداوێكی نەخوازراو، هیچ مافێكی یاسایی نایانگرێتەوە.