کونسوڵی هیندستان لە هەولێر بۆ کوردستانی نوێ :

زمانی هندی و كوردی لە یەكتر نزیكن و وشەی هاوبەشیان زۆرە

11:27 - 2025-01-08
دووتوێ
209 جار خوێندراوەتەوە
مەدان گۆپال کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەولێر

ئا: هێمن عەبدوڵڵا

لەكاتی كردنەوەی بەشی كتێبەكانی هیندستان لە كتێبخانەی وەفایی (مەدان گۆپال) کونسوڵی گشتی هیندستان لە شاری هەولێر، وەڵامی چەند پرسیارێكی كوردستانی نوێی دایەوە و تیشكی خستەسەر پەیوەندییە كەلتورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی و ئاماژەی بە كاروچالاكییەكانی کونسوڵخانەی هیندستان لەهەرێم دەكات، كە ماوەی هەشت ساڵە كراوەتەوە.
سەرەتا وتی: لە ساڵی 2016 كونسوڵخانەی وڵاتەكەمان لە هەرێمی كوردستان كردۆتەوە و لەوكاتەوە توانیومانە پەرە بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بدەین، بەتایبەتی بازرگانی و كشتوكاڵ و رۆشنبیریی و تەندروستی و خوێندنی باڵا و چەندین بواری تر.
وتیشی: ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، پەرەپێدانی پەیوەندییە كەلتورییەكانی نێوان كورد و هیندستانە، كاتێك توانیمان لەو بوارە لەیەكتر نزیكبینەوە، دەتوانین لە بوارەكانی تریش سەركەوتووبین، هەر بۆ ئەو مەبەستە جگە لەوەی لە كتێبخانەی وەفایی گۆشەیەكی تایبەت بە هیندستان كراوەتەوە، لە زۆربەی كتێبخانەی زانكۆكانی كوردستان بەشی هیندستانمان هەیە و بەشێك لە كتێبەكانی وڵاتەكەمانی تێدا دانراوە، توێژەران دەتوانن سوودیان لێوەربگرن، هەوڵیش دەدەین كتێبی زیاتری هیندیی بهێنینە كوردستان و هەندێكیان بۆ سەر زمانی كوردی وەربگێڕین، بەپێچەوانەشەوە كتێبی كوردی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەربگێڕین، تا پەیوەندییە كەلتورییەكان بەهێزتربن.

 

هیندی و كورد لە رووی زمانەوە لە یەكتر نزیكن، بە جۆرێك ئەگەر كەسێك بە كوردی قسە بكات، تاڕادەیەك دەتوانم لێی تێبگەم، بەبێ ئەوەی زمانی كوردی بزانم، چونكە بەشێك لە وشەكان لە نێوان كوردی و هیندیدا هاوبەشە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە ژمارەكانەوە هەیە

ئەوەشی خستەڕوو: هیندی و كورد لە رووی زمانەوە لە یەكتر نزیكن، بە جۆرێك ئەگەر كەسێك بە كوردی قسە بكات، تاڕادەیەك دەتوانم لێی تێبگەم، بەبێ ئەوەی زمانی كوردیی بزانم، چونكە بەشێك لە وشەكان لە نێوان كوردی و هیندیدا هاوبەشە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە ژمارەكانەوە هەیە.
باسی لەوەشكرد: لەبارەی هونەرەوە بەهەمانشێوە خواستمان هەیە لەوبوارەدا پەیوەندییەكانمان بەهێزبن، بەتایبەتی لە بواری فیلم و فیلمسازی، هەرچەندە خەڵكی كوردستان ئاشنایەتیەكی باشیان لەگەڵ فیلم و سینەمای هیندی هەیە، لەگەڵ ئەوەش دەمانەوێ هەنگاوی زیاتر بنێین، بۆ ئەو مەبەستە لەماوەی رابردوودا هیندستان بە ژمارەیەك فیلمی سینەمایی بەشداری لە فێستڤاڵی دهۆك بۆ فیلم كرد، ئەمەش دەرفەتی زیاتر بۆ ئاشنابوون بە هونەری هیندستان دەرەخسێنێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە هەنگاوەكانمان تەنیا لە بواری كەلتوری و هونەری نەهێشتۆتەوە، بەڵكو پەیوەندییەكی باشمان لە بواری كشتوكاڵی و بازرگانی لەگەڵ كوردستان هەیە، بەتایبەتی لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشكی، هەر بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە لە مانگی شوباتی 2025، پێشانگایەكی تایبەت بە كۆمپانیاكانی هیندستان لە شاری هەولێر بكرێتەوە، تا دەرفەتی زیاتر بۆ كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان بڕەخسێت و سوود لە هیندستان لەو بوارە وەربگرن.
تەئكیدیكردەوە: لەماوەی رابردوو ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی كوردستان بۆ چارەسەری پزیشكی سەردانی هیندستانیان كردووە و هەندێكجاریش پزیشكی پسپۆڕە جیاوازەكانی هیند هاتونەتە هەرێمی كوردستان هاوكاری نەخۆشەكانیان كردووە، ئەمە جگە لەوەی لەماوەی رابردوو گەنجان و لاونی كوردستان بۆ تەواوكردنی خوێندن، سوودیان لە دەرفەتی زانكۆكانی هیندستانیان وەرگرتووە و بڕوانامەیان لەو زانكۆیانە بەدەستهێناوە.
لەكۆتاییدا کونسوڵی هیندستان لە هەرێمی كوردستان وتی: ئێستا دەرفەتی زیاترمان بۆ خەڵكی كوردستان رەخساندووە و ئاسانكاریی دەكەین، تاخەڵكی ئێرە بتوانن سەردانی هیندستان بكەن و بەمەبەستی بەهێزكردنی تواناكانیان بەشداریی لە خولی جۆراوجۆر بكەن.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان