ئا: هیوا محەمەد
لە دیدارێكدا مامۆستا مومتاز حەیدەری، نووسەر و رۆژنامەنووس، چەندین پێشنیاز بۆ بەرەوپێشچوونی دووتوێی (كوردستانی نوێ هەولێر) دەخاتەڕوو و ئاماژە بە قۆناغەكانی مێژووی رۆژنامەگەریی كوردیی لە شاری هەولێر دەكات و رایدەگەنێت، لە مێژووی سەد ساڵەی هەولێر چەندین گۆڤار و بڵاوكراوە دەركراون، ئێستا وەك بەشێكی زیندوو لە مێژووی رۆژنامەنووسی و كەلتوریی گشتی شارەكە ماونەتەوە، لەوانە زاری كرمانجی لە رواندز و گۆڤاری رووناكی لە شاری هەولێر، كە لەسەر دەستی حسێن حوزنی موكریانی دەركراون.
وتیشی: هەروەها(یەكێتی تێكۆشین) وەك یەكەم ئۆرگانی سیاسی نهێنی كۆمەڵەی میللەت، لە ناوەڕاستی چلەكانی سەدەی رابردوو لە هەولێر بەشێوەی دەست خەت دەركراوە و كۆچكردوو ساڵح حەیدەری و شەهید نافع یونس سەرپەرشتییان كردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەر لە هەولێر لە مێژووی نوێ و بە دیاریكراوی لە دوای راپەڕین، رۆژنامەی كوردستانی نوێ وەك یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی كوردی ژمارەی سفری دەرچووە، لە ماوەی تەمەنی خۆی بە چەندین قۆناغ تێپەڕیوە و چەندین گۆڕانكاریی بەسەرداهاتووە، بەتایبەتی لەم ماوەیەدا لاپەڕە و دوو توێی تایبەتی بەشارەكانی كوردستان زیادكراوە، ئەمەش هەنگاوێكی دیكەیە بۆ چڕكردنەوە هەوڵەكان لە بارەی گرنگیدان بەسەرجەم ناوچەكان، چونكە رەنگە خودی رۆژنامەكە فریا نەكەوێت كار لەسەر سەرجەم گرفتەكانی ئەو شوێنانە بكات.
رۆژنامەی كوردستانی نوێ وەك یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی كوردیی ژمارەی سفری دەرچووە، لە ماوەی تەمەنی خۆی بە چەندین قۆناغ تێپەڕیوە و چەندین گۆڕانكاریی بەسەرداهاتووە، بەتایبەتی لەم ماوەیە لاپەڕە و دوو توێی تایبەتی بەشارەكانی كوردستان زیادكراوە
راشیگەیاند: بۆ ئەوەی كوردستانی نوێ لە رێگای لاپەڕەو دووتوێكانی ئامانجی خۆی باشتر بپێكێ و هەر شارێك مافی خۆی پێبدرێت، لە هەڵدانەوەی مێژووەكەی و دابونەریت و بەسەرهات و رووداوەكانی رابردوو، پێویستە ئەوە لە بەرچاو بگرن، كە هەر شارێك تایبەتمەندی خۆی و تایبەتمەندی گشتی هەیە.
پێشیوابوو: ئەوەی پەیوەندی بە (كوردستانی نوێ هەولێر)ەوە هەیە كە چوار لاپەڕەی بۆ تەرخان كراوە، دەبێ سەرەتا بایەخ بەلایەنی كەلتوری ئەو شارە بدرێت، بەو پێیەی هەولێر مەڵبەندی رۆشنبیری و رۆژنامەنووسی بووە، هەروەها ئاوڕ لە كەسایەتییەكانی ئەو شارە بدرێتەوە، كە بوونەتەهۆی دروستكردنی مێژووی شارەكە، بە ئەوانەی كۆچی دواییان كردووە، یان لە ژیاندا ماون، بۆئەمەش پێویستە ژمارەی لاپەڕەكانی زیاتر بكرێت و پڕبێت لە زانیاری، تاكو وەك سەرچاوە بمێنێتەوە.
مومتاز حەیدەری تەئكیدیشیكردەوە: هەولێر لە مێژووی كۆنی خۆیدا چەندین روودا و كارەساتی بەسەرداهاتووە، بۆئەوەی بخرێنە بەردەم نەوەی نوێ، دەبێ لەسەر رووپەڕی رۆژنامەكان رەنگبداتەوە، چونكە ئەم نەوەیە بەهۆی تەكنۆلۆجیاوە، نەوەیەكی بێ ئاگایە و لە مێژووی دێرینی خۆی دابڕاوە، لەبەرئەوە پێویستە(كوردستانی نوێ هەولێر) پەیامی خۆی بگەیەنێت و گرنگی بەلایەنی كەلتوری و مێژوویی بدات، كەمتر بەلای گرفتی خزمەتگوزاری و بابەتی ژینگەیی بڕوات، چونكە ئەوانە زیاتر ئەركی خودی رۆژنامەكەیە، هەر لەبەرئەوە پێمخۆش (كوردستانی نوێ هەولێر) بەوجۆرە بێت كە ئاماژەم پێكردووە.