رۆژنامەنووسان و وەرزشوانان:

هەڵبژاردنی دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی هەولێر، كێشەكانی ئەو یانەیە چارەسەر ناكات

11:33 - 2025-01-08
دووتوێ
210 جار خوێندراوەتەوە
یانەی وەرزشی هەولێر لە یەکێک لە یارییەکانیدا - ئەرشیف

ئا:  رەهێل سەمەد


ئەگەرچی بڕیاربوو لە كۆتایی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی دەستەی كارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر ئەنجامبدرێت، كەچی بەچەندین هۆكار ئەو هەڵبژاردنە دواخرا، رۆژنامەنووسان و وەرزشوانانیش پێیانوایە دەستێوەردان و گرفتی دارایی رێگرە لە بەردەم چارەسەركردنی كێشەكان و رەخساندنی  زەمینەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پێشیانوایە بەشێكی زۆر لەوانەی خۆیان بۆ بەرێوەبردنی یانەكە كاندیدكردووە، بەرژەوەندیی خۆیان بەلاوە گرنگترە لە یانەكە و ئایندەی وەرزش لە هەولێر. 

سامان بریفكانی:
بۆئەوەی گرفتەكانی یانەكە چارەسەر بكرێت و ئایندەیەكی گەشی بۆ دابین بكرێت، پێویستە ئەو كەسانەی بۆ دەستەی كارگێڕی هەڵدەبژێرێن، دەستڕۆیشتوو و وەبەرهێنەر بن، تابتوانن خزمەتی یانەكە بكەن، نەوەك كەسانێك بن توانای بڕیاردانیان نەبێت

سامان بریفكانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی یانەی وەرزشی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بە ئامانجی هەڵبژاردنی دەستەیەكی تازەی كارگێڕی بۆ یانەی وەرزشی هەولێر، بڕیاربوو لە مانگی رابردوو هەڵبژاردن بكرێت، بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەك لە كەسایەتییە وەرزشیەكانی هەولێر خۆیان بۆ كاندید كردبوو، بەڵام بەهۆی دروستبوونی پشێوی لەو پرۆسەیە، ئەو هەڵبژاردنە لەكاتی خۆی ئەنجامنەدرا و بەبڕیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش بۆ 1/7/2025 دواخرا.
وتیشی: بەشێك لە هۆكارەكانی ئەنجامنەدانی ئەو هەڵبژاردنە لەكاتی خۆی، بۆ سەرقاڵی یانەی وەرزشی هەولێر بۆ خولی ئەستێرەكانی عیراق و خولەكانی كوردستان دەگەڕێتەوە، لەلایەكی تر بەهۆی ئەوەی یاریزانەكان لەو هەڵبژاردنە دەنگ بەدەستەی كارگێڕی دەدەن، لەلایەن بەشێك لە كاندیدەكان فشاریان لەسەردروستكردبوون لەوەی دەنگیان پێ بدەن، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی زۆری كاندیدەكان، جۆرە پشێوییەك دروست بوو، هەموو ئەوانە وایانكرد ئەو هەڵبژاردنە نەكرێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی یانەی وەرزشی هەولێر باسی لەوەشكرد: بۆئەوەی گرفتەكانی یانەكە چارەسەر بكرێت و ئایندەیەكی گەشی بۆ دابین بكرێت، پێویستە ئەو كەسانەی بۆ دەستەی كارگێڕی هەڵدەبژێرێن، دەستڕۆیشتوو و وەبەرهێنەر بن، تابتوانن خزمەتی یانەكە بكەن، نەوەك كەسانێك بن توانای بڕیاردانیان نەبێت.

 

قەهار حسێن:
هۆكارەكانی ئەو بارودۆخە بۆ دەستێوەردانی حزبی و  دەستی دەرەكی و كێشەی دارایی دەگەڕێتەوە، زۆر لەوانەی هەوڵی گەیشتن بە دەستەی كارگێڕیی دەدەن، ئەوەندە لە خەمی بەرژەوەندیی خۆیانن، ئەوەندە لە خەمی یانەكەدا نین

لەلایەن خۆیەوە قەهار حسێن، رۆژنامەنووسی وەرزشی بۆ كوردستانی نوێ وتی: دوای ئەوەی لە ساڵی 2021 دەستەیەكی كارگێڕی گەنج و خاوەن مێژوو بۆ یانەی وەرزشی هەولێر هەڵبژێردران، بەڵام سەركەوتوو نەبوون لە ئەركەكانیان و بەرێوەبردنی یانەكە، هەر ئەمەش وایكرد دەستەیەكی كاتی شوێنیان بگرنەوە، بەداخەوە ئەوانیش بوون بە دوو بەرە و رەوەشی یانەی وەرزشی هەولێر بەم رۆژگارە بگات.
وتیشی: هۆكارەكانی ئەو بارودۆخە بۆ دەستێوەردانی حزبی و  دەستی دەرەكی و كێشەی دارایی دەگەڕێتەوە، زۆر لەوانەی هەوڵی گەیشتن بە دەستەی كارگێڕی دەدەن، ئەوەندە لە خەمی بەرژەوەندیی خۆیانن، ئەوەندە لە خەمی یانەكەدا نین، واتە مەرامی خۆیان پێش ئامانجەكە خستووە، بەگشتی یانەی وەرزشی هەولێر بۆتە قوربانی حزب و پەیج و ئەكاونتەكانی هەندێك كەسی بەرژەوەندیخواز.
ئاماژەی بەوەشكرد: من پێموایە پرۆسەی هەڵبژادنی دەستەی كارگێڕیش چارەسەری ئەو بارودۆخە ناكات، تا باری دارایی چاك نەكرێت، لەهەمانكاتدا دەبێت لە بنەڕەتەوە چارەسەری كێشەكان بكرێت نەوەك بەشێوەیەكی كاتی.
تەئكیدیكردەوە: لە كۆتایی من پێموایە هەولێر دەبێتە قوربانی هەموو ئەو كەس و گرووپانەی دەیانەوێت دەستەی كارگێڕی هەولێر وەربگرن، دواجار ئەوەی زەرەر دەكات جەماوەر و هاندرە دڵسۆزەكانە لەگەڵ ناوی شارەكە.

ئاراس رواندزی:
رەنگە هەڵبژاردن تا ماوەیەكی دیاریكراو هێور بوونەوەیەك دروستبکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە كێشەكان چارەسەر ناكات، چونكە گرفتەكانییانەی هەولێر زۆر لەوە گەورەترن بە هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن

لەسەر هەمان بابەت ئاراس رواندزی، رۆژنامەنووس و شارەزای بواری وەرزشی ئەوەی بە كوردستانی نوێ راگەیاند: دیارە یانەی وەرزشی هەولێر گیرۆدەی كۆمەڵێک كێشەی جۆراوجۆرە، هەر لە ئیدارەدانەوە بیگرە تا كێشەی دارایی، هەروەها تێڕوانین و سیاسەتی هەڵە بۆ بەشێكی زۆری بابەتەكان كە پەیوەستن بە بەڕێوەبردن و داهاتووی یانەكە. 
لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی كارگێڕی یانەكە وتی: رەنگە هەڵبژاردن تا ماوەیەكی دیاریكراو هێوربوونەوەیەك دروستبکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە كێشەكان چارەسەر ناكات، چونكە گرفتەكانی یانەی هەولێر زۆر لەوە گەورەترن بە هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد، یانەكەی پایتەخت ساڵانێكە قەیرانی دارایی تەنگی پێهەڵچنیوە، لە كاتێكدا تیپەكە خاوەن مۆڵێكی گەورەو چەندین شوێنی بازرگانیە، كەچی بە قسەی بەرپرسانی ئەو یانەیە، هێشتا نەیانتوانیوە لە رووی داراییەوە خۆیان بگەیەننە ئاستی خۆبژێوی، كەوابێ هەر كاتێک حكومەت تووشی قەیرانی دارایی بوو، راستەوخۆ یانەكەی پایتەختیش دەكەوێتە دۆخی قەیرانەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە ئێستادا چەندین دەستە و كوتلەی جۆراوجۆر هەن كە چاویان لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی یانەكەیە و ركابەرییەكانیشیان زۆر توندە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئێستا هەڵبژاردنیش بۆتە یەكێك لە كێشەكان و رەنگدانەوەی نەرێنیشی بەسەر دۆخی یانەكە دروستكردووە.
باسی لەوەشكرد: دەستێوەردانی حزبی یەكێكە لەو هۆكارانەی كە رێگرە لەوەی وەرزش بە شێوە دروست و زانستیەكەی پێش بكەوێت، هەولێریش یەكێكە لەو یانانەی كە لایەنێكی سیاسی بە هی خۆی دەزانێت، كەوایە بێ هیچ گومانێك دەتوانین بڵێین بەڵێ دەستێوەردان بوونی هەیە.
تەئكیدیكردەوە: لەئێستادا حزب بە ئاشكرا كەسەكان بۆ دەستەی كارگێڕی دیاریدەكەن، بێگومان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی حزبی، دواتر پێوەرە وەرزشیەكان، ئەم خاڵەش ئەو راستیەمان بۆ رووندەكاتەوە كە لەسەرووی دەسەڵاتی یانەكەش كەسانی دیكە هەن و زۆر جار بڕیاریش دەدەن.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان