ئا: رەوەست نەوزاد
شاری هەولێر چەندین خوێندنگە و قوتابخانەی دێرینی هەبووە، وەك ناوەندێكی مەعریفی و زانستی خزمەتێكی زۆری خەڵكی شارەكە و دەووروبەریان كردووە، بە جۆرێك بوونەتە مێژووی هەولێر و جێگای یادو یادگاری خوێندكارانی ئەو سەردەمە، دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە لەكاتی ئێستادا بەشێكی زۆر لەو خوێندنگایانە دەوامی خوێندنیان تێداناكرێت، بەشێك وەك كەلاوە ماونەتەوە، ئەوانی تریش كراونەتەوە فەرمانگەی دیكەی حكومی، ئەمەش بۆتە جێگای نیگەرانی خوێندكارانی ئەو سەردەمە، پێیانوایە دەبوو پارێزگاری لە تایبەتمەندیی ئەو شوێنانە بكرێت و وەك شوێنێكی مێژوویی شارەكە بمێنەوە.
عومەر فەرهادی نووسەر و كەسایەتی شاری هەولێر لە بارەی خوێندنگە دێرینەكانی هەولێر دەڵێت: لە سەرەتای ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوودا یەكەم خوێندنگا لە شاری هەولێر بەناوی(اربیل اولی) لە سەنتەری شاری هەولێر كرایەوە، دواتر سێ خوێندنگای تر لەشوێنە جیاوازەكان كرانەوە، دواتر ناوەكانیان گۆڕانكاریی بەسەرداهات، بۆ نموونە(اربیل اولی) بوو بە ئیبن خەلەكان،(اربیل ثانیة) بوو بە مزەفەرییە و (اربیل ثالثة) بوو بە خالیدیە.
وتیشی: جگە لەوانە، چەند خوێندنگەیەكی تریش لە شارەكە هەبوون، كە ئێستا بیناكەیان كۆن بووە و بوونەتە كەلاوە، لەوانە قوتابخانەی(مەریوان) لە گەڕەكی مستەوفی و خوێندنگەی (نبراس) لە گەڕەكی تەعجیل، كە لە كۆندا خوێندنگەی قوتابیە جووەكانی دانیشتووی هەولێر بووە.
هەر پەیوەست بەو بابەتە عەبدولواحید محەمەد مامۆستای دێرین و سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند: لە هەولێر جگە لە یەك خوێندنگا كە كراوەتە مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەیی، ئەویش قوتابخانەی(ئیبن خەلەكان)ە لە سەنتەری شار، ئەوانی تر بەهۆی ئەوەی شوێنەكەی وەك نیشتەجێبوون نەماوەو خەڵكی تێدا ناژی، بۆیە خوێندنگاكانیش دەوامیان تێدا ناكرێت، دواتر پشتگوێخران، ئەوەش كارێكی زۆر خراپە، چونكە ئەو خوێندنگەیانە هەریەكەیان مێژوویەكی كۆنیان هەیە.
وتیشی: بەهەر جۆرێك بێت نەدەبوایە بینای ئەو خوێندنگایانە تێكبدرێن، بەڵكو دەبوایە وەكو شاكارێكی مێژوویی بمێننەوە، چونكە هیچ كامێكیان تەمەنیان لە 70 بۆ 90 ساڵ كەمتر نەبووە، بۆیە دەبوایە نۆژەن بكرێنەوە، بەڵام بیرۆكەی ئەوەش هەیە كە شوێنەكانیان بكرێتە بابەتی تر، كە پێموایە ئەمە رەشكردنەوەی مێژووی ئەو خوێندنگەیانەیە.
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان باسی لەوەشكرد: مانەوەی ئەو خوێندنگایانە و پاراستنی كەلوپەلەكانی، دەبوو بە مێژووی پەروەردە و خوێندن لەو شارە، ئەمەش وادەکات ببێتە شوێنی مێژوویی شارەكە و خەڵكی ناوەوە و دەرەوە سەردانی بكەن.