کۆتری سەلام بە نموونە

لە هەولێر چەندین پەیکەر لە شوێنی خۆیان لابراون، یان تێکدراون

12:19 - 2025-01-08
دووتوێ
200 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رەھێل سەمەد

دانانی پەیکەر لە هەر وڵاتێک گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، جگە لەوەی  وەک مێژووی شارەکە سەیر دەکرێت، پەیکەرێک  چیرۆکێک یان رووداوێکی مێژوویی دەگێڕێتەوە و گوزارشت لە کەسایەتی و شێوازی حوکمڕانی لەو شارە دەکات، لەوەش گرنگتر وڵاتان بایەخ بە پاراستن و ھێشتنەوەی ئەو پەیکەرانە دەدەن و وەک بەشێکی پیرۆزی وڵاتەکەیان سەیری دەکەن، کەچی لە شارێکی وەک هەولێر چەندین پەیکەر لە شوێنی خۆیان لابراون و یان تێکدراون، دواتر بەشێوازێکی تر دروستکراونەتەوە، لەوانە  پەیکەری کۆتری ئاشتییە لە سەنتەری شاری هەولێر، کە لە نێو خەڵکی بە کۆتری سەلام ناسراوە.
لەوبارەیەوە ئیبراھیم رەسوڵ کەسایەتی شاری هەولێر بە کوردستانی نوێی راگەیاند: مێژووی دروستکردنی پەیکەری کۆتری ئاشتی(کۆتری سەلام) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1959 کە دوای شۆڕشی 14ی تەموزی 1958، ئەو کات لە عیراق  ژمارەیەک حزبی سیاسی لە گۆڕەپانەکەدا بوون، یەکێک لەوانە (بزوتنەوەی لایەنگرانی سەلام) بوو، داوای ئاشتییان دەکرد، بۆ دانانی ھێماکەش کۆتریان هەڵبژاردن، بەو پێیەی ئەو باڵندەیە بەتایبەتی رەنگی سپی، بە رەمز ‌و ھێمای ئاشتی دادەندرێت، ئەوەبوو لە ساڵی 1959 لەلایەن ھونەرمەند جابر پیرداود پەیکەری کۆتری سەلام دروستکرا.
وتیشی: مانەوەی پەیکەری کۆتری سەلام لە هەولێر تەمەنی  درێژ نەبوو، بەڵکو  دوای ھاتنی موتەسەریفی تازە بۆ هەولێر لە ساڵی 1961 بە ناوی بەدرەدین عەلی، کە دژی جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد بوو، بڕیاریدا ئەو پەیکەرە لابچێت، ئەوەبوو هەر لەو ساڵە پەیکەری کۆتری سەلام روخێنرا، ئەمەش بووە هۆی نیگەرانی خەڵکی شارەکە و ئاشتیخوازان.
پێشیوابوو: راستە ئێستا لە شوێنی پێشووی پەیکەری کۆتری سەلام پەیکەرێکی تر بە هەمان ھێما دروستکراوە، بەڵام جیاوازە لەوەی پێشوو، کە دەبوو تایبەتمەندیی پەیکەرەکەی دیکە بپارێزرێت، هەروەھا دەبوو چواردەوری  کۆتری سەلام بکرێتە باخچەیەک بۆ حەوانەوە و پشوودانی گەشتیاران و رێبواران، کاتێک سەردانی سەنتەری شار دەکەن، بەڵام نەوەک هەر ئەوە نەکرا، بەڵکو ئێستا دەوروبەرەکەی بۆتە شوێنێک شایەنی مێژووی ئەو ھێمایە نییە و نەدەبوو بەو جۆرە بشێوێنرێت.
باسی لەوەشکرد: لە مێژووی شاری هەولێر جگە لە پەیکەری کۆتری سەلام، ژمارەیەک پەیکەری تر لە شوێنە جیاوازەکان دروستکرابوون، بەڵام ئەوانیش بەھۆکاری جیاواز لەو شوێنە لابران، یان لەشوێنەکەیان گوازرانەوە، لەوانە کەسایەتیە وەرزشیەکان و پەیکەری فلکەی زەعیم و پەیکەری کورد و عەرەب و چەندانی تر.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان