پ.د.ئاراس محەمەد ساڵح
دواى ئەوەى کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی پەیمانگایەکى دامەزراندووە، بە مەبەستى کۆکردنەوە و زیندووکردنەوەى دەستنووسە عەرەبیەکان، نێردەى ناردووە بۆ زۆرێک لە وڵاتان، بۆ ئەوەى سۆراخى دەستنووسی بە نرخى عەرەبی بکەن، بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵى 1947 کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی نامەى ناردووە بۆ مامۆستا شێخ محەمەدى خاڵ کە هاوکارییان بکات بۆ نووسینى پێڕستى (فهرست)ى هەموو ئەو دەستنووسە عەرەبیانەى لە کتێبخانە گشتى و تایبەتەکانى سلێمانى و دەوروبەریدا هەیە.
لە دواى گەیشتنى نامەکان مامۆستا شێخ محەمەدى خاڵ وەڵامیان دەداتەوە و ئامادەیی دەربڕیوە ئەو کارەیان بۆ بکات لە ناو شارى سلێمانیدا، بەڵام لە دەرەوەى شار و قەزا و ناحیەکانى سەر بە پارێزگاى سلێمانى، داواى کردووە هاوکارێک یان دوو هاوکارى ترى بۆ دابنێن، چونکە لەو کاتەدا خۆى بوارى ئەوەى نەبووە بچێتە دەرەوەى شار و بەدواى دەستنووسدا بگەڕێت، هەروەها داواى کردووە هەموو پێداویستییەکى کارەکەى بۆ دابین بکەن، بۆ ئەو مەبەستە سێ نامە لە نێوان شێخى خاڵ و کۆمکارى وڵاتانى عەرەبیدا گۆڕینەوەیان پێکراوە، ئەمەش دەقى نامەکانە بە زمانى کوردى:
نامەى یەکەم
لە کۆمکارى وڵاتانى عەرەبیەوە بۆ شێخ محەمەدى خاڵ
کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی
ئەمینداریەتى گشتى
قاهیرە/ 21جومادى یەکەم 1366ک/ 12 نیسانى 1947ز
ژمارە/ 2282/35/7/1/ لە کاتى وەڵامدانەوەدا دەنووسرێتەوە
هاوپێچ/ 2
بەڕێز مامۆستا شێخ محەمەدى خاڵ قازى شەرعى سلێمانى
لیواى سلێمانى/ عیراق
کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی پەیمانگاى زیندووکردنەوەى دەستنووسى عەرەبی دامەزراندووە، دەیەوێت وێنەى بچوکى هەموو دەستنووسە عەرەبیەکان کە لە کۆگاى کتێبدایە لە هەموو جیهاندا تێدا کۆبکاتەوە.
بۆ ئەم مەبەستە ئامێر و کەرەستەى پێویست ئامادەکراوە بۆ وێنەگرتن، لە کاتى ئێستادا لە سوریا دەستەیەک لە وێنەگران نێردراون لەلایەن کۆمکارەوە، ئێستا سەرقاڵى وێنەگرتنى دەستنووسی بەنرخن لەو هەرێمە و لە وڵاتى لوبنانەوە چاودێرى کارەکەیان دەکرێت.
لەکاتى ئیستادا پسپۆڕان سەرقاڵى گەڕانن لە ناو پێڕستى دەستنووسەکاندا بۆ هەڵبژاردنى ئەوانەى شایەنى وێنەگرتنن.
لە وڵاتانى جیهاندا کۆگاى گشتى و تایبەت هەیە کە دەستنووسی بە نرخى تیدایە کە هەتا ئێستا لەناو پێڕستى چاپکراودا نین، هەروەها دەستنووسی تر هەیە هەتا ئێستا زانیارى و وەسفى پێویستى لە پێرستەکاندا نیە، بەشێوەیەک کە بەهاکەى بزانرێت، من هیوادارم لەلایەن بەڕێزتانەوە هاوکارى بکرێین بۆ دەستکەوتنى زانیارى پێویست لەبارەى دەستنووسی بەپێزى نەناسراو، یان وەسفنەکراو، وەسفێکى ڕوون و ئاشکرا لە پێڕستى چاپکراودا، ئەو دەستنووسانەى لە کۆگا گشتى و تایبەتەکانى لیواى سلێمانیدایە.
لەگەڵ ئەم نامە و گوتارەدا ڕوونکردنەوەى هەندێ بنەما دەنێرین کە ڕێگاپیشاندەرەى بۆ جیاکردنەوەى دەستنووسی بە پێز، وە نمونەیەک لە رێنومایی پێویست دەربارەى هەموو دەستنووسێکى بە نرخ.
تکا دەکەین لە نزیکترین کاتدا زانیاریمان بدەرێ بە رازی بوونت کە ئەم کارە بکەیت، هەروەها کەسانى تر بەشدار بکەى لەم کارەدا، ئەوانەى کە خۆت لە توانا و چالاکیان رادەبینى.
هەروەها تکا دەکەین هەواڵمان بدەرێ لەبارەى ئەو بنەماو تێبینیانەى هەتانە کە پێویستانە بۆ کارەکەتان.
لێرە بیرۆکەیەکمان هەیە لەبارەى بنەماکانى بڕى پاداشت، ئەوەى بۆ کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی ئاسانە، هەتا پێشکەشى بکەین وەک هاوکارى و نرخاندنى ماندووبوونیان، لەگەڵ ئەوەى ئەم ماندووبوونە لە کتێبێکى ئاڵتونیدا لە داهاتوودا وەک کارەکانى پەیمانگاى دەستنووس بڵاودەکرێتەوە، ئەم بیرۆکەیە بۆ دیاریکردنى پاداشتکردن دوو رەگەز لە خۆى دەگرێت:
یەکەم/ ژمارەى ئەو دەستنووسانەى زانیارى لەبارەوە تۆمارکردوون.
دووەم/ ژمارەى ئەو دەستنووسانەى زانیارى لەبارەوە دەستکەتووەو ناردوونى بۆ کۆمکار بە پێڕستکراوى، بەڵام ژمارەى ئەو دەستنووسانەى زانیارى لەبارەوە نووسیوون، لەبیرى ئەوەداین پاداشتەکە بەپێی ژمارە بێت، بۆ هەر هەزار دەستنووسى تۆمارکراو (٧) جونەیهى میسرى دادەنرێت بۆ نمونە.
بەڵام بۆ ژمارەى دەستنووسی پێڕستکراو، بۆ هەر هەزار دەستنووس (٣٥) جونەیهى میسرى دادەنرێت، ئەوەى تێدەگەین کۆگیرى لە نێوان ئەو دوو بڕەدا پاداشتى کۆتاییە.
ئایا ئێوە هیچ تێبینیەکتان هەیە لەسەر ئەو ئەندازە؟ لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئەندازە لە ئاستى ماندووبوونى ئەو کارەدا نیە، پاداشتى راستەقینە ئەو چێژە زانستیەیە لەم کارە وەردەگیرێت، وە بەشدارى لەم پرۆژە زانستییە بە نرخەدا.
زۆر دڵخۆش دەبین ئەگەر ناوى ئەو کۆگایانە بزانین کە زانیاریتان لێوەرگرتووە، وە ژمارەى ئەو دەستنووسانەى پشکنیان بۆ دەکرێت، وە کاتى پێویست بۆ ئەو کارە چەندە بە نزیکەیی.
لە دواى گوتارى رازیبوونتان بۆ ئەم کارە، ناوەرۆکى رێکەوتنى کۆتاییتان بۆ دەنێرین، وە لایەنى حکومەتەکەتان ئاگادار دەکەین بە رەزامەندیتان لەسەر ئەم کارە، بۆ ئەوەى هاوکارى پێویستان بکات لەکارەکەتاندا.
ئەگەر بەربەستێک هەیە نەتوانن ئەم کارە بکەن، بفەرموون بە ناردنى زانیارى پێویست و ناوى ئەو کەسەى کە لێوەشاوە و بە توانایە، کە ئامادە بێت بەم کارە هەستێت.
بفەرموون بە قبوڵکردنى گەرمترین سڵاو
بەڕێوەبەرى کاروبارى رۆشنبیرى
دکتۆر ئەحمەد ئەمین
****
وەڵامى مامۆستا شێخ محەمەدى خاڵ بۆ کۆمکارى عەرەبی
عێراق – سلێمانى
27/5/1947
بۆ خاوەنى گەورەیی بەڕێوەبەرى کارگێڕى کاروبارى رۆشنبیرى/ بەختەوەر: ئەحمەد ئەمین بەڕێز
لە دواى پێشکەشکردنى جوانترین سڵاو و رێز!
نووسراوتان بە ژمارە (2282/35/7/1) گەیشتە دەستم لەگەڵ هاوپێچەکانى، زۆر خۆشحاڵبووم بە هەوڵەکانى کۆمکارى بەشکۆ بەرامبەر ئەم خزمەتە زانستییە، هەموو موسڵمانێکى دڵسۆز بۆ ئاینەکەى و زمانى ئاینەکەى شانازى دەکات هاوکاریتان بکات لە کارە گرنگەکەتاندا، جێگەى شانازیمە هاوکاریتان بکەم لە پرۆژەکەتاندا، پێویستە لەسەرم رازیبم کە هەستم بەم کارە لە ناو شارى سلێمانیدا، بەڵام تایبەت بە دەرەوەى ناوەندى لیوا، واتە: لە قەزاو ناحیەکانى سەر بە ناوەندى لیوا، پێویستم بە هاوکارێک یان دوو هاوکار هەیە، هەتا بیانێرم بۆ تەواوکردنى ئەم کارە، من بەهۆى سەرقاڵى زۆرى ئیشوکارى فەرمى و کەسیمەوە ناتوانم ئەو کارە بکەم، لاى خۆمەوە هەریەکە لە مەلا مستەفاى مودەڕیس و مستەفا عەبدولڕەحیم نووسەرى ئامادەیی سلێمانى دەستنیشان دەکەم.
لاى بەڕێزتان شاراوە نیە کە مرۆڤ بۆ ئەنجامدانى کارێکى وەها، بەتایبەت لە شوێنێکدا کە ژیرى بەربڵاو لەم لیوایەدا، پێویستى بە:-
١/ دابینکردنى کارئاسانى پێویست بۆ پشکنینى ئەو کتێبخانانەى سەردانى دەکەین، بۆ دەستنیشانکردنى کتێبى پێویست، هەتا پشکنینێکى ئازاد و وردى بۆ بکرێت بەبێ پەلەپەل، ئەویش بە دەستبەرکردنى ڕێگەپێدانى تەواو هەتا ڕێگرى نەکرێت لەلایەن خاوەن کتێبخانەکانەوەو دەرفەت و کاتى پێویست بدەن بۆ پشکنینى کتێبەکان، ئەگەر ئەمە چەند رۆژێکیش درێژە بکێشێت، زۆربەى کتێبخانەکان مەخابن بەدەست کەسانى نەزانەوەیە، زۆر گرنگى دەدەن بە پاراستنى ئەو کتێبانە وەک میراتێکى پیرۆزى باوانیان.
٢/ دابینکردنى کرێی گواستنەوە و تێچووى هاتووچۆ بۆ ئەو شوێنانەى هیوا هەیە کە لە کتێبخانەکانیاندا دەستنووسى بە نرخ هەبێت.
٣/ دابیکردنى پشتیوانى حکومەت لە ناوەندى لیواو دەرەوەى شار بۆ ئەنجامدانى ئەم کارە بە شێوەیەکى پێویست، ئەگەر ئەمە پێویستى کرد، ئەمانە و لاى خۆمانەوە رێزى زۆرمان هەیە.
قازى شەرع لە سلێمانى
محەمەدى خاڵ
****
نامەى سێیەم/ لە کۆمکارى عەرەبیەوە بۆ مامۆستا شێخ محەمەدى خاڵ
کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی
ئەمینداریەتى گشتى
قاهیرە 20 رەجەب 1366 – 8/6/1947
ژمارە /75/7/1لەکاتى وەڵامدا یاد دەکرێت 3433
بەڕێز مامۆستا شێخ محەمەدى خاڵ* قازى شەرع لە سلێمانى
لیواى سلێمانى- عیراق
سوپاست دەکەین لەسەر نامە ناسکەکەت، تکات لێدەکەین دەست بکەن بەکارى هەڵبژاردنى دەستنووسە بەنرخەکانى سلێمانى.
بە تایبەت ناوچەکانى دەرەوەى ناوەندى لێواکەوە، داواکارین ئاگادارمان بکەیتەوە دەربارەى ئەوەى تا چەندێک هيواى بوونى ژمارەیەکى زۆر دەستنووسى بەنرخ هەیە، هەتا پێویست بە ناردنى شاند بکات کە بتوانن وەسفى تەواوی دەستنووسەکان بکەن، ئەگەر هەیە بڕى خەرجى پێویست چەندە کە ئێوە دیارى بکەن؟ وە ئەو لایەنانە کێن کە پێویستە ببنە ناوەندگیر بۆ کارئاسانى ئیشەکەمان.
بفەرمون بە قبوڵکردنى بەرزترین سڵاو و ڕێز
بەڕێوەبەرى کارگێڕى کاروبارى رۆشنبیرى
ئەحمەد ئەمین