چیرۆكــی ئـــەو منداڵـــەی هــەشتا ساڵ پێش ئێستا لــە هەولێرەوە ونبوو لـــە شاری نـەجـەف گیرسایــەوە

12:00 - 2025-01-15
دووتوێ
246 جار خوێندراوەتەوە
ئاری خدر حسێن

سامان عوسمان خدر

ئاری خدر حسێن حەمەد تەمەنی 9 ساڵان دەبێت، كاتێك لە چلەكانی سەدەی رابردوو، باوكی بەناوی(خدر حسێن حەمەد)، بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی گوندەكەی خۆی لە دەشتی شەمامكی باشووری خۆرئاوای شاری هەولێر، بەناوی گامێشتەپە و سەلاحیە جێدەهێڵێت. بەڵام ئاری تەمەن 9 ساڵ لەگەڵ خۆی نابات و بەتەنیا لە گوندەكە دەمێنێتەوە، هەرچەندە باوكی بەڵێنی پێدابوو دەگەڕێتەوە و لەگەڵ خۆی دەیبات، بەڵام لەبەرئەوەی باوكی دوا دەكەوێت، ئاری هەوڵی رۆیشتن لەگوندەكە دەدات.
كاتێك ئەو منداڵە دێتە سەر شەقامێكی سەرەكی بۆئەوەی چارەنووسی خۆی دیاری بكات، لەوكاتەدا شوفێرێكی بارهەڵگڕ دەوەستێت و دەبینێ مناڵێک بەدەم گریانەوە بەتەنیا دانیشتووە، لێی دەپرسێ چی دەكەی؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: نازانم دایك و باوكم لە كوێن، دواتر شوفێرەكە داوای لێدەكات لەگەڵی بچێت، ئەویش هیچ چارەیەكی نابێت، بۆیە رازی دەبێت و لەگەڵی دەڕوات.

 

ئاری خدر حسێن، لە نەجەف ناوی دەبێت بە كازم عەبادی حسێن، لەگەڵ ئەوەی تێكەڵاوی كۆمەڵگای نەجەف دەبێت و لەگەڵ ژن و ماڵ و منداڵەكانی لەو شارە درێژە بەژیان دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا بیری كەسوكاری خۆی دەكات كە لەهەولێرن

شوفێرەكەی ئاری 9 ساڵان كە كوردێكی دەشتی شەمامكە، دەیباتە شاری نەجەف، لەوێ دەیدات بە كەسایەتێكی ناسراوی شارەكە بەناوی عەبادی حسێن، ئەویش بەهۆی ئەوەی تەنیا كچی هەیە و هیچ كوڕێكی نابێت، ئاری وەردەگرێت و دەیكات بە كۆڕی خۆی، لەبەرامبەر ئەم كارەش، بڕێك پارە بە شوفێرەكە دەدات، دواتر ناوە كوردییەكەی ئاری بۆ ناوێكی  عەرەبی بەناوی كازم دەگۆڕێت و كاتێك تەمەنیشی دەگاتە بیست ساڵان، ژنی بۆ دەهێنێت و دەیخاتە سەر ئیشوكاری خۆی.
ئاری خدر حسێن، لە نەجەف ناوی دەبێت بە كازم عەبادی حسێن، لەگەڵ ئەوەی تێكەڵاوی كۆمەڵگای نەجەف دەبێت و لەگەڵ ژن و ماڵ و منداڵەكانی لەو شارە درێژە بەژیان دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا بیری كەسوكاری خۆی دەكات كە لە هەولێرن، چونكە ئەوكاتەی كوردستان بەرەو نەجەف جێدەهێڵێت، ئاری تەمەنی 9 ساڵان بووە، ئەمەش وادەكات دایك و باوكی خۆی بناسێتەوە و لە بنەڕەتدا بزانێت خەڵكی كوێن، بۆیە ئاری دوای زیاتر لە بیست ساڵ، واتا لە شەستەكانی سەدەی رابردوو، بەپرسیاركردن دەگەڕێتەوە زێدی خۆی لەگوندەكانی هەولێر.
هەرچەندە سەرەتا خەڵكی گوندەكە گومانی لێدەكەن ئەوە كورد بێت و خەڵكی ئەو ناوچەیە بێت، چونكە شێوە و روخساری عەرەبی هەڵگرتبوو، بەڵام دوای چەندین پرسیار و وەڵام و ناونیشان، دەگەنە ئەو بڕوایەی، بەڵێ ئەوە ئاری كوڕی خدر حسێن حەمەدە و بە باوك و كەسوكاری شاد دەبێتەوە .
رووداوەكە لێرە كۆتایی نایەت، چونكە هەرچەندە  ئاری لە كوردستان و لە زێدی خۆی بەكەسوكاری خۆی شاد دەبێتەوە، بەڵام ئەو خێزانی لە شاری نەجەفە و ئەوان چاوەڕوانی گەڕانەوەی دەكەن، بۆیە پێیەكی لە هەولێر و پێیەكەی تری لە شاری نەجەف دەبێت، ئەو بارودۆخەش تا نزیكەی بیست ساڵ بەردەوام دەبێت، بەڵام بەهۆی رووداوەكانی نێوان حكومەتی بەعس و شۆڕشی كوردی، هەروەها هەڵگیرسانی شەڕی عیراق - ئێران، لە ساڵی 1980ەوە ئاری خدر كەناوە عەرەبییەكەی كازم عەبادییە، هیچ هەواڵێكی نامێنێت.
راستە ئەو پێشتر بە كەسوكارەكەی شاد بۆوە، بەڵام كاتێك بۆ دواجار دەگەڕێتەوە كوردستان و زێدی خۆی، جارێكی تر كەسوكاری نابینێتەوە، چونكە زۆربەی كەسوكارەكەی پێشمەرگە و زیندانی سیاسی بوون و ئاوارەی شوێنەكانی تربوون، كاتێكیش ئاری وەك هەر جارێكی تر دەیەوێ بگەڕێتەوە لای كەسوكارەكەی، دەبینێت كەسی لێنیە و هەموویان رایانكردووە یان خۆیان حەشارداوە، چەند هەوڵ دەدات هیچ سۆراغێكی دەست ناكەوێت، بۆیە بەناچاری دەگەڕێتەوە نەجەف، بەتایبەتی دوای راپەڕینی 1991 ئیتر بەیەكجاری بێ هیوا دەبێت، چونكە هاتووچۆی نێوان كوردستان و ناوچەكانی تری عیراق، زۆر زەحمەت و مەترسیدار دەبێت.
ئەو بارودۆخە تا رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 بەردەوام دەبێت،  ئەمجارە كەسوكارەكەی بەدوای ئاری كوڕیان دەگەڕێن، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی نەجەف و بەغدا دەكەن و چەندین هۆكاری تر بەكاردەهێنن بۆ دۆزینەوەی ئاری، هەرچەندە ناونیشانی پێشووی ئاری دەزانن كە بە كازم كوردی ناسراوە، لە شاری نەجەفی پیرۆزە، نزیك پۆستەی كۆنی ئەو شارە ژیاوە، پیشەیان فرۆشتنی بەهارات بووە، ناوی دوو كوڕیشی زاندراوە، بەناوەكانی(عەبدولكەریم كازم عەبادی و قاسم كازم عەبادی)، كەچی هەوڵەكانیان بێ سوود دەبێت و تا ئێستا چارەنووسی ئاری بەنادیاری دەمێنێتەوە.
بەوتەی كەسوكارەكەی دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە بەسەر رووداوەكە، ئێستا تەمەنی  ئاری خدر حسێن حەمەد یان كازم عەبادی حسێن لە 80 ساڵ زیاترە، بۆیە پێشبینی دەكەن خۆی لەژیان نەمابێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان دەیانەوێ‌ سۆراغی منداڵەكانی ئاری بزانن و چارەنووسیان یەكلابكەنەوە. 
*برازی ئاری خدر حسێن

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان