هەڵەبجە، زانیاری و ئامار لە بەڵگەنامەیەكی مێژووییدا

09:15 - 2022-03-16
کەلتور
1298 جار خوێندراوەتەوە


ئەسعەد جەباری
تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و قڕكردن و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بە یەكێك لە دڕندەترین مەرگەسات و جینۆسایدی چارەكی كۆتایی سەدەی بیستەم دەناسرێت لەسەر ئاستی ناوچەكەو جیهان، نەك هەر دژ بەكورد كرابێت بەڵكو دژ بەهەموو مرۆڤایەتی كراوە، بەڕادەیەك كە جیهانیش لە ساتەوەختی ئەو كارەساتە ویژدان هەژێنەدا نەیتوانی لەئاست رووداوەكەدا بوەستێ و بەری پێبگرێت!، بەڵكو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی هەڵبژارد بەهۆی سیاسەتی لارەسەنگ و كپكردن و بێدەنگكردنی جیهان لەئاست رووداوەكەدا لەلایەن رژێمی ئەوسای عیراقەوە.
لەئێوارەیەكی پڕ خەندەو خۆشی هەڵەبجەی سەركەش، لە رۆژی دووەمی خۆشی و شادی ئازادكردنی شارەكە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئێوارەی رۆژی چوار شەممە 16/3/1988 فڕۆكە مەرگهێنەرەكانی رژێمی بەعس بۆ تۆڵەسەندنەوەو رشتنی رقی گڵاویان، كەوتنە بۆردوومانكردنی شارەكە و لەهەموو لایەكەوە بەبۆمبی كیمیایی و تۆپی دوور هاوێژ ئەو شارە جوانەیان نغرۆی ژەهر و خوێن كرد، قوربانییەكان خۆی دەدا لە نزیكەی پێنج هەزار شەهیدو بێ سەروشوێن و 15 هەزار بریندارو و بەسەدان هەزاری تر دەربەدەرو ئاوارە، بێجگە لەخاپووركردنی هەزاران ماڵ و خانووبەرەو دامەزراوەی حكومی و رۆشنبیری و پەروەردەیی و ئایینی و هەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابووری شارەكەو كووشتنی سەدان هەزار سەر مەڕوماڵات و پەلەوەرو بەتاڵابردنی سەروەت و سامانی شارەكەو گووندەكانی دەوروبەری هەتا سەنتەری ناحیەی سیروان.
ئەم تاوانە مرۆییە چەند پەڵەیەكی رەش بێت بۆتاهەتا بەتەوێڵی رژێمی سەدام حوسێنەوە، دووبەرامبەر پەڵەیەكی رەشترە بەنێوچەوانی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری چەك و گازی كیمیایی ئەوانەی هاوكاربوون بۆ لێدانی كورد بەو چەكە قەدەغەكراوە.
بەشەهیدكردنی هەڵەبجە رژێم دەرگای بۆ كرایەوە كە تاوانی گەورەتر بكات لە گوندەكانی تری كوردستان لە گەرمیانەوە تا كوێستان هەمان گازی ژەهراوی بڕێژێ بەسەر خەڵكی بێ تاوان و سڤیل لەزۆرێ لەگووندەكان.
یەكەم ساڵڕۆژی هەڵەبجە
لە بیرەوەریی یەكەم ساڵڕۆژی شەهیدكردنی هەڵەبجە لە 16/3/1989، بە هەوڵ و كۆششی لقی سلێمانی حزبی سۆسیالستی كوردستانی ئەوسا، ئاماری بەشی هەرە زۆری ناوی شەهیدانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كۆكرایەوە و لە دووتوێی نامیلكەیەكدا لە (چاپخانەی شەهید ساڵح یوسفی) چاپكرا، لەو ساتەوەختەدا كارێك دەگمەن بوو، نامیلكەكە بەزمانی عەرەبی و بەناونیشانی (ضحایا مجزرة حلبجة- قوربانیەكانی قەسابخانەی هەڵەبجە)، ئەو نامیلكەیە بەڵگەیەكی زیندووە بۆ رای گشتی و جیهان، بڵاوكردنەوەی بەشی هەرە زۆری ناوی شەهیدان و داتاو تەمەن و پیشەو رەگەزیان لەم نامیلەكەیەدا بۆ ئەوسا كارێكی سەخت و گران بووە، نامیلكەكە ناوی تەنها (2215) شەهیدی تۆماركردوە لەكۆی زیاتر لە پێنج هەزار شەهید.
لەم وردەكاریەدا داتای لیستی شەهیدان پۆلێن دەكەم ئەوانەی لێرەدا ناویان هاتووە لەڕووی كارو پیشەو رەگەزو تەمەن و ئاستی زانستی و خوێنەواریان. ئەمەش پۆلێنكارییەكەیە بە پێی نامیلكەكە:
679 خوێندكار-قوتابی
شاری هەڵەبجە پێش رووداوە خوێناویەكەی 16/3 خاوەنی چەندین قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی و ئامادەیی پیشەسازی و بازرگانی و ئایینی بووە، لەو قوتابخانانەدا هەزاران خوێندكاری لەخۆگرتبوو، لەساتەوەختی بۆردوومانكردنی شاری هەڵبجەدا بەپێی ئەم لیستە (679) خوێندكار شەهید بوون.
333 منداڵ
قووربانیەكانی ئەو مەرگەساتە ویژدان هەژێنەی هەڵەبجە بەڕێژەیەكی بەرچاو رووبەڕووی منداڵان بوویەوە، لەو تاوانە وەحشیگەریەدا (333) منداڵ شەهید بوون بەپێی ئەم لیستە.
285 كاسب
هەڵەبجە شارێكی پڕ جموجۆڵ بوو، ئەگەرچی شارێكی سەر سنووری بوو، بەڵام ناوچەكەی پڕ بەپیت و بەرەكەت و ناوچەیەكی گەشتیاری و كشتوكاڵی و بازرگانی بوو، خەڵكی شار سەرقاڵی بازرگانی و كاری سەربەست و دووكانداری بوون، بەپێی لیستی ئەم دۆكۆمێنتە (285) كاسب لەكیمیابارانكردنی شارەكەدا شەهید بوون.
125 جوتیار
ناوچەی پڕ بەپیتی هەڵەبجەو دەشتی شارەزوور بەیەكێك لەناوچە كشتوكاڵییەكانی كوردستان بەناوبانگە، بەسەدان و هەزاران خێزان بژێوی ژیانیان لەسەر كشوكاڵە، لەو رووداوەدا (125) جوتیار شەهید بوون.
92 فەرمانبەر
هەڵەبجە وەك شارێك خاوەنی چەندین فەرمانگەو دامەزراوەی گشتی و حكومی بووە، لەو مەرگەساتەدا (92) فەرمانبەری شارەكە گیانیان لەدەستداوە.
84 پیروپەككەوتە
لەنێوان شەهیدانی شارەكەدا (84) كەسی پیرو پەككەوتە لەژن و پیاو گیانیان لەدەستدا كە تەمەنیان لەنێوان (80 بۆ 90) سال دەبوون.
65 كرێكار
هەر بەپێی ئەم داتایە بێت (65) كرێكار شەهیدبوون.
36 مامۆستا
لە بۆردوومانەكەدا (36) مامۆستای ژن و پیاو گیانیان لەدەستداو بوون بەقوربانی كوردو كوردستان.
28 شۆفێر
چینی كاسب و خزمەتكاری شارەكە لەشۆفێران (28) كەسیان شەهید بوون.
21 خانەنشین
خانەنشینانی ئەو شارە بەدەر نەبوون لەقوربانیدان لەو رووداوە مەرگهێنەرە، (21) خانەنشین لەژن و پیاو شەهید بوون.
12 دەرچووی زانكۆ
چەندین خوێندكارو قوتابی زانكۆو پەیمانگاكان شەهید بوون، سەرجەمیان پاشەڕۆژێكی گەورەیان لێچاوەڕوان دەكرا، (12) دەرچووی زانكۆو پەیمانگاكان شەهید بوون.
10 دەرچووی ئامادەیی
هەر بە پێی ئەم لیستە 10 خوێندكاری دەرچووی ئامادەییەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ شەهید بوون.
1 پزیشك
لەو هێرشە وەحشیگەریەی رژێمی بەعس تەنها (1) یەك پزیشك گیانی لەدەستدا كە خەڵكی شارەكە بوو، ئەم پزیشكە پەیامی مۆڤایەتی پێ بوو، لەخزمەت خەڵكی شارەكەی خۆیدا گیانی لەدەستدا.

كارێكی ئاسان نەبوو
هەڵبەتە ئەم داتاو ئامارەی لەبەردەستمانە، كاتی خۆی بەكۆششی زۆری پێشمەرگەو ئەندامانی حزبی سۆسیالستی كوردستان كۆكراوەنەتەوە لەكات و زرووفێكی دژوارو دیاریكراودا كە ئاسان نەبوو ناوی بەشێك لەقوربانیەكان بڵاوبكرێنەوە بۆ رایگشتی و جیهان بەتایبەتی بەزمانی عەرەبی، جێگەی دەست خۆشی و پێزانینە بۆ هەموو ئەو كەسانەی وەك سەربازی وون كاریان لەم نامیلكەیەدا كردوە.
شەهیدكردنی بەكۆمەڵی خەڵكی هەڵەبجە لە 16/3/1988 دوو راستی دەسەلمێنێ بۆ مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەكەمان:
1-شاری هەڵەبجە، مەڵبەندی زانیاری و رۆشنبیری لە هەمانكاتدا مەڵبەندی شۆڕش و پێشكەوتووخوازی گەلەكەمان بووەو رۆڵی گرنگی بینیوە لەهەموو بوارەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و كلتووری بەدرێژایی مێژوو.
2-شاری هەڵەبجە، گرنگی شوێنكەوتەی جوگرافیای خۆی هەیە بۆ بازرگانی سەر سنوور، هەروەها كەناڵێكی گەورەی پەیوەندییە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان دوو وڵات.
ئەو دوو راستیەی سەرەوە بۆمان دەردەخات كە دووژمنان بۆچی ئەم شارەیان كردە ئامانج و بەچەكی قەدەغەكراو شارەكەیان شەهید كرد لەماوەی چەند ساتێك بەهەزاران هەزار كەسیان شەهیدو بریدارو ئاوارەو دەربەدەر كرد، بەمەش گەورەترین گوورزیان لەشارەكەدا كە لانكەی شۆڕش و راپەڕین و مەڵبەندی رۆشنبیری و زانستی بوو نەك هەر بۆ ناوچەكە بەڵكو بۆ هەموو كوردستان، رژێمی بەعسی رووخاو لەپێناوی لاوازكردن و لەناوبردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی كورد ئەو رێگەیەی هەڵبژارد كە دواتر كەوتە پەلامارو وێزەی شارو شارۆچكە و گووندەكانی كوردستان لەپرۆسەی ئەنفال و قڕكردنی خەڵك و تەواوی خاكی كوردستان، ئەو هەوڵانەی رژێم بۆ لەتوپەتكردنی گیانی كوردایەتی و لەڕیشەهەڵكێشانی كۆمەڵگەی كوردەواریمان بوو تاكو نەتوانێ كار بۆ هێنانەدی ئامانج و ئاواتەكانی لەمێژینەی نەتەوەكەی بكات.
بەڵام دووژمنی دیكتاتۆرو رژێمی سەدام حوسێن لەدوای تەنها سێ ساڵ لە كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە، بەهەڵ و خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان بەگشتی لەهەنگاوێكی مێژووییدا گەلی كوردستان لە ساڵی 1991 راپەڕینی بەرپاكردو هەموو كوردستانی باشووری ئازادكرد بەشاری خۆشەویستی هەڵەبجەشەوە، دوای هەموو رووداوەكان لەم شارەدا زۆر نهێنی و پشتی پەردەو رووداوگەلێك جیاجیا ئاشكرا كران كە پیلان و هێرشی دووژمنكارانی رژێمی بەعس زۆر زەبەلاح بوو بۆ لەناوبردنی هەموو نەتەوەی كورد.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان