محەمەد گۆران
له‌م سه‌رده‌می ته‌كنۆلۆژیایه و ئه‌م نه‌وه‌ی تیكتۆته، هه‌موو بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌كان خرانه ژێر پرسیار و سیسته‌م هیچ رێزێكی بۆ مامۆستا و خێزان نه‌هێشته‌وه
رۆژێك له‌گه‌ڵ براده‌رێك به پیاسه چووینه پاركی سامی عه‌بدولره‌حمان له هه‌ولێر، ده‌سووڕاینه‌وه و قسه‌مان ده‌كرد، سه‌رنجمان چووه سه‌ر كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك كه به‌شێوه‌ی بازنه‌یی وه‌ستابوون و سه‌یری خاڵی ناوه‌ڕاستیان ده‌كرد، ئێمه‌ش ورده ورده به‌ره‌و لای ئه‌وان شۆڕبووینه‌وه، كوڕێكی هه‌رزه‌كار، فانیله‌یه‌كی عه‌لاگه‌ی هاوشێوه‌ی یاریزانه‌كانی سه‌به‌ته‌ی له‌به‌ردا بوو، خهناوكهیهكی له مل كرد بوو، له‌گه‌ڵ توولهیهكی سپی، كه سه‌ری زنجیره‌كه‌ی به ده‌سته‌وه گرتبوو، ئیدی ئه‌م خه‌ڵكه هه‌مووی سه‌یری تووله‌ی خرپن و تیسكنیان ده‌كرد! ئێمه‌ش وه‌ك خه‌ڵكه‌كه سه‌یرمان ده‌كرد! كوڕه‌ی خاوه‌ن تووله، له ناكاو سه‌رێكی هه‌ڵبڕی و گوتی مامۆستا نامناسی؟ من ته‌له‌به‌ی تۆ بووم! ئیدی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئه‌وێ، زوومی چاوه‌كانیان له توولهوه وه‌رسوڕانده لای من! وه‌ها ته‌ماشایان ده‌كردم، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێن: «ئه‌وه په‌روه‌رده‌ی تۆیه!»، منیش حه‌په‌سا بووم، نه‌مده‌زانی نه بڕۆم نه قسه‌یه‌ك بكه‌م!
له‌و ساڵه‌ی(1997) بوومه مامۆستا، جا ئه‌وكات لێدان هه‌بوو، به زه‌بری هێز و قسه‌ی مزر و توند، ئینجا خوێندکار له پۆل دادهكهسا، به‌ڵام من هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژه‌وه به چاوی برا و منداڵی خۆم، سه‌یری خوێندکارم دەكرد، «ئه‌مه‌م كرده فه‌لسه‌فه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان خۆم و خوێندکارەکان».
رۆژێك چوومه پۆل، خوێندکارێک كڵاوێكی گه‌وره‌ی كاوبۆیی له‌سه‌ر كردبوو، منیش گوتم ئه‌و كڵاوه له‌سه‌ر كه‌وه و بیخه ناو رهحلهكهوه، گوتی له‌سه‌ری ناكه‌مه‌وه! خوێندکارەکان هه‌مووی سه‌یری منیان كرد، بزانن په‌رچه‌كرداری من چی ده‌بێ؟ گوتم باشه له‌سه‌ری مه‌كه‌وه، به‌ڵام وانەیەکی دیكه كه مامۆستایه‌كی دیكه هاته ژووره‌وه، ئه‌وكات له‌سه‌ری بكه‌وه، چونكه له‌وانه‌یه ئه‌و وه‌ك من نه‌بێ و ئه‌زیه‌تت بدات. دوای ئه‌م قسانه، خوێندکارەکە یه‌كسه‌ر كڵاوه‌كه‌ی له‌سه‌ر كرده‌وه!.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ئه‌و 25 ساڵه‌ی ژیانی مامۆستایه‌تیم سه‌رنجم داوه، به مه‌به‌ست و پلانێكی تۆكمه، زۆر له نرخی مامۆستا و مه‌كته‌ب هێنراوه‌ته‌وه خواره‌وه، به‌رنامه‌كه‌ش گشتگیره و سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، پاش ئه‌وه‌ی پایه‌كانی خۆی توندوتۆڵ‌تر كرد، ئیدی پێویستیی به مامۆستای جددی و سیسته‌مێكی خوێندنی باش نه‌ماوه، چونكه له به‌رژه‌وه‌ندیی پرۆژه بازرگانی قازانج ویسته‌كانی خۆیدا نایبینێت، بۆیه كه‌وتۆته تێكدانی زۆر له به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌می، تا ماوه‌یەكی درێژتر به‌رده‌وامی به‌خۆی بدات، بێگومان مامۆستا و قوتابخانه‌ش یه‌كێک له‌و ئامانجانهیهتی!.
له‌م پێناوه‌شدا زۆر رێگه‌ی گرتۆته‌به‌ر، تا به‌وه گه‌یشته ئەوەی كه قورسترین سزا بۆ ئه‌و مامۆستایانه دانرا كه له خوێندکار بدات، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا، ئه‌گه‌ر خوێندکار له مامۆستاكه‌ی خۆی بدات، هه‌زار و یه‌ك شێر و رێوی دههێننەوه بۆئه‌وه‌ی خوێندکارەكه له سزادان دووربخه‌نه‌وه! ئه‌مه له كاتێكدا كه خوێندکار هه‌نووكه به به‌راورد به پێشتر، زۆر بێ رێز بووه له به‌رامبه‌ر مامۆستادا، بێ رێزییهكه به جۆرێكه وه‌ك عه‌ره‌ب ده‌ڵێ«جهل مركب»ه، خۆیشی نازانێ كه بێ رێزه! گۆڕانی ئه‌م خه‌سڵه‌ت و خووڕه‌وشتی خوێندکارانەش، زیاتر بۆ سیسته‌م و نه‌مانی په‌روه‌رده‌ی ته‌ندروست ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له سه‌رده‌می ئێمەدا، له ماڵه‌وه دایك‌وباوك هه‌میشه لێیان دووپات ده‌كردینه‌وه كه رێز له خۆمان گه‌وره‌تر، له هاوسێ، له مامۆستا بگرین، دیسانه‌وه كه ده‌چووینه مه‌كته‌ب، مامۆستا هه‌مان ئه‌و ئامۆژگارییانه‌ی ده‌چرپانده گوێچكه‌مان، له ده‌ره‌وه‌ی مه‌كته‌ب و خێزان، له‌نێو میدیا و كۆمه‌ڵگا، خوتبه‌ی مامۆستایانی ئایینی، دیسانه‌وه نهسیحهتهكانیان چه‌ندپاته ده‌كرده‌وه، به‌ڵام به‌هۆی گۆڕانی شێوازی ژیان، نه دایك‌وباوك وه‌ك جاران كاتی ماوه، نه ئه‌توار و ئاكاریشی هێنده به لاوه گرنگە تا منداڵه‌كانی له‌سه‌ر ئامۆژگاری بكات، چونكه دنیای به‌رژه‌وه‌ندیی و ماددیاتی ئه‌م سه‌رده‌مه، هێنده بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌كانی به‌لاوه گرنگ نییه، هه‌روه‌ها له مهكتهبیش مامۆستا زیاتر ته‌ئكید له‌سه‌ر گه‌یاندنی زانیارییه‌كه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه و په‌یامه‌كه‌ی به لاوه گرنگ نه‌ماوه، كه نه‌وه‌یه‌كی به‌ڕێز، پێشكه‌ش به كۆمه‌ڵ بكات.
بۆیه له‌م سه‌رده‌می ته‌كنۆلۆژیایه و ئه‌م نه‌وه‌ی تیكتۆته، هه‌موو بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌كان خرانه ژێر پرسیار و سیسته‌م هیچ رێزێكی بۆ مامۆستا و خێزان نه‌هێشته‌وه. ئه‌و رێزه‌ی، جاران له‌ناو كۆمه‌ڵگادا و لای خوێندکار له مامۆستا ده‌نرا، ورده ورده، كه‌م كرانه‌وه، چونكه بۆ مانه‌وه و قازانجی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، مامۆستا ده‌بێت بكرێته بورغویه‌ك له‌و سیسته‌مه، نه‌ك وه‌كو رابه‌ر و قه‌دیسی ناو كۆمه‌ڵ سه‌یر بكرێت، بۆ ئه‌مه‌ش هێنده به‌سه بوترێت كه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، نازناوی «مامۆستا» له‌ناو كۆمه‌ڵگادا، به‌مه‌به‌ست درایه هه‌ندێک خه‌ڵكی چاوه‌ش و خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵ! هەندێک میدیاش زۆر ئاسایی (وه‌ك جۆرێك له رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات دا) هه‌میشه له دیمانه و راپۆرته‌كان دا، نازناوی «مامۆستا» ده‌خه‌نه پاڵ ئه‌م ناوانه!.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و به‌راورد به ئێستاكه‌ی بكه‌ین، ده‌بینین كه سه‌رمایه‌داری گه‌یشتووه‌ته هه‌مان قۆناغ و پێگه‌ی پیاوانی ئایینی سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر! چۆن له دوای كرانه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان، بەشێک لە پیاوانی ئایینی بۆ مانه‌وه‌ی بازاڕی خۆیان و چاونهكرانهوهی خه‌ڵكی ساده، مه‌كته‌ب و خوێندنیان به «عیلمی شه‌یتان» ده‌چوواند، ئێستاش سه‌رمایه‌داری، هه‌موو رێگه و پلانێكی به مه‌به‌ستی كه‌م كردنه‌وه‌ی پێگه‌ی مامۆستا و مه‌كته‌ب گرتۆته‌به‌ر.
به تایبه‌ت دوای جێگیربوونی سیسته‌می ئێستای جیهانی، هه‌بوونی به‌رنامه‌ی باشی خوێندن و هۆشیاری كۆمه‌ڵگا، وه‌ك جۆرێك له هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر پێگه‌ی خۆیان ده‌بینن، چونكه پێشكه‌وتنی زیاتری كه‌رتی ته‌ندروستی و بواری ته‌كنۆلۆژی، له به‌رژه‌وه‌ندیی به‌هێزیی و مانه‌وه‌ی سیسته‌م نابینن، ره‌نگه ئه‌مه زیاتر بۆ وڵاتانی خۆرئاوایی راستتر بێت، به‌ڵام له ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵات و وڵاته هه‌ژاره‌كان دا، به‌هۆی به سهربازییكردن و هه‌ژموونی بنه‌ماڵه و ره‌وته‌كان به‌سه‌ر كورسی حوكمڕانی دا، كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و به سه‌ربازگه بوون ده‌چێت و هێنده‌ی گرنگی به چه‌كی باش و سوپای بێ شومار ده‌درێت و بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، هێنده له خه‌می باشتركردنی به‌رنامه‌كانی خوێندن و لاوه بێکارە ده‌رچووه‌كانی زانكۆدا نین!.