نەخۆشیی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە باوەكان، رێژەكەشی ساڵ بە ساڵ لە بەرزبوونەوەدایە و بەپێی ئامارێك كە بڵاوكراوەتەوە 10 %ی دانیشتووانی هەرێم و 12 % ی دانیشتووانی عیراق، نەخۆشیی شەكرەیان هەیە.
لەوبارەیەشەوە د.تەها عوسمان مەحوی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی هەناوی و راوێژكاری نەخۆشییەكانی شەكرە و گلاندەكان بە كوردستانی نوێ– ی راگەیاند: 10 % ی تووشبووانی شەكرە تەمەنیان لە دوو ساڵ بۆ 30 ساڵاندایە و 90 %ی تووشبووانیش تەمەنیان لە 31 بۆ 90 ساڵانە.
روونیشیکردەوە کە 10 %ی تووشبووانی شەكرە پەنكریاسیان بە باشی كار ناكات و لەرێگەی دەرزیی ئەنسۆلینەوە چارەسەر وەردەگرن و 90 % ی دیكەش پەنكریاسیان ئەنسۆلین وەردەگرێت و جەستەیان پێشوازیی لە ئەنسۆلینەكە ناكات، بۆیە لە رێگەی حەبەوە چارەسەر وەردەگرن بەوەرنەگرتنی چارەسەرەکانیش تووشی چەند نەخۆشییەكی دیكە دەبن وەك نەخۆشییەكانی دڵ.
د. تەها مەحوی ئاماژەشی بەوە دا کە (ئەو كەسانەی شەكرەیان هەیە، پێویستە كێشی لەشیان دابەزێنن و خواردنی شیرینی و برنج و نان و هەندێك لەو میوانەی كە رێژەی شەكر تیایاندا بەرزە وەك شوتی و ترێ و هەنجیر و هەنار و مۆز نەخۆن و وەرزشی بەردەوام بكەن بەتایبەتی مەلە كردن و پاسكیل سواری و بەپێی رۆیشتن تا ئاستی ئارەقكردنەوە، لانیکەم لە هەفتەیەكدا سێ جار.
جەختیشیكردەوە ئەو كەسانەی دەیانەوێت چارەسەری تەواوی شەكرەكەیان بكەن، دەبێت پشكنینی سێ مانگانە شەكرە بكەن و چارەسەری پێویست لە كاتی خۆیدا بكەن و گرنگی بە جۆری خواردن و پارێزکردن بدەن و خەوێكی بەردەوامیان هەبێت بە جۆرێك لە شەو و رۆژێكدا حەوت سەعات بخەون بە بەردەوامی.
هەروەها ئەو كەسانەی شەكرەیان نییە و دەیانەوێت بزانن شەكرەیان هەیە یان نا، دەبێت بزانن تێنوویان دەبێت و لێویان وشك دەبێت و میزكردنیان زۆرە، جگە لەوەش دەبێت پشكنین بكەن تا دڵنیاببنەوە لەوەی کە نابێت پشتگوێ بخرێت، چونكە چارەسەرنەكردنی دەبێتە هۆی گرتنی دەمارەكانی خوێن، ئەوەش ئەگەری جەڵتەی دڵ و مێشك زیاددەكات.
مەزهەر کەریم ئامادەی کردووە