عەباس مەحمود
ئێوارەی رۆژی 20ی ئازار، لەسەر بەرزاییەكانی شاری خانەقین و دەورووبەری لە كۆچە و كۆڵان و شەقامەكانی ناوشاركەدا هەردەستە و گروپێك لەلای خۆیەوە دەستی بە داگیرساندنی ئاگری نەورۆز دەکرد و پێیان وابوو ئاگرەکە ئاماژە بە هەستی نەتەوایەتی ئەوان دەکا. دواتر بە سرودی (ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە) جەژنە پیرۆزەیان لە یەكتری دەکرد و مناڵانی شار و گوندەكانیش لە دەرگای ماڵانیان دەدا و دەیانوت ((ئەمشەو ئەوەڵ نەوروزە – خێر وەماڵدان بڕووزە) ( خودا خاون ماڵ نەكوژی، خودا باوكیان نەكوژی) و جەژنانەی خۆیان لە خاون ماڵ وەردەگرت و تا درەنگانێكی شەو سەریان لە تەواوی ماڵانی گەڕەك دەدا.
خەڵكەكە لە سەیران بوون
ئەم بۆنەیە، لەپێش هاتنی بەعس، بەگڕ و تینێكی زۆر و بەهەستێكی كوردانە و بە جۆش و خرۆشێكی تایبەتەوە بەرێوە دەچوو. لە خانەقین بۆ ماوەی 13 رۆژی بەردەوام خەڵكەكە لە سەیران بوون و دواین رۆژی ئەو جەژنەش رۆژی سیانزەوەدەر بوو، بە واتای رۆژی كۆتایی دەرچوون و سەیران لە گردی باوە مەحمی (باوە مەحمود کە مەزاری پیاوچاکێکی ئاینی یارستانە) خەڵكەكە كۆ دەبوونەوە و دواین رۆژی نەورۆزیان بەهەڵپەرکێ و گۆرانی و رازاندنەوەی خوانی تایبەتی و میوانكردنی یەكتری بۆ خوانی یەكدی پیرۆز دەكرد.
لە یەكەمین رۆژی نەورۆز دا خەڵك بەخیزانەوە بە جلوبەرگی كوردی رەنگاورەنگی خۆیانەوە روویان دەكردە دەشت و دەری دەورووبەر و تا درەنگانی شەو لەوێ بەخۆشی و شادی کاتەکانیان بەرێ دەكرد. دووەم رۆژی جەژن، گەورەو بچوك و ژن و منداڵ دەرۆیشتن بۆ سەرگردی مەزارگەی (ئیمام عەباس) و بە دەهۆڵ و زوڕناوە هەڵدەپەڕین و دواتر یارییە فۆلكلۆرییەكانیان دەكرد. خەڵكە زۆربەیان بەپێ دەرۆیشتن بۆ ئەو شوێنە و ئەوانەی كە نزیك بوون و ئەوانیتر بەعەرەبانە و گالیسكەوە دەهاتن. لە ساڵانی پەنجاكاندا ئۆتۆمبیلی پاسە تەختەكان هاتە خانەقین و خەڵك بەو پاسانە هاتووچۆیان دەكرد.
رۆژی دواتر نۆرەی مەزاری (عەلەمدار) بوو، مەزارێكی پیرۆزە لەلای خەڵكەكە و نزیكی رووباری ئەڵوەنە و لە نزیك گوندی (دووروو)یە و لەو رۆژەشدا مەجلسی خەڵكەكە گەرمبوو، چونكە ماڵی هونەرمەندی گەورەی میللی خوالێخۆشبوو (خودادای عەلی) نزیكی عەلەمدار بوو، بەو بۆنەیەوە گۆرانی و مەقاماتی وتووە و پاشانیش پێشبڕكێ لەنێوان مەقامبێژەكانی تری شارەكەدا دروست دەبوو.
چوارەمین رۆژ لەبەرەبەیانەوە خەڵكەكە بەرەو گردی مەزارگەی پیرۆزی (باوە مەحمود) دەرۆیشتن كە نزیك گوندی باوەپڵاوی و لە كەناری باخ و دارستان و بوستانەكانی نزیك لە گردەكە، دەشتێكی پان و پڕ سەوزایی هەبووە و دیمەنێكی سەرنجڕاكێشی هەبووە لەچواردەوری گردەكە و مەزارگە پیرۆزەكە هەڵپەركێ و ئاهەنگی گەورەیان سازدەكرد و جگە لە خەڵكی خانەقین، كوردەكانی جەلەولا و سەعدیە و ناوچەی بنكورە و دێهاتەكانی دەوروبەریش بەشدارییان دەکرد. بۆ رۆژی پێنجەم پێشبڕكێ لەنێوان ئەسب سوارەکاندا دەكرا و توانا و لێهاتووی و ئازایەتیان پێشانی خەڵكەكە دەدرا و ئێوارەش براوەی سواركاریی دیاری دەكرا.
دەكەویتە سەر ئاوی ئەڵوەن
بۆ رۆژانیتر خەڵكەكە بۆ زیارەتی مەزاری (خدری زندە) دەچوون كە دەكەویتە سەر ئاوی ئەڵوەن و بەرامبەر (گوندی بانمیل) و پاڵاوگەی نەوتی ئەڵوەن . هەروەها لە مەزارگە پیرۆزەکەی گوندی (ئەكەوازی)یش بەهەمان شێوە بەزم و ئاهەنگ گەرم دەكرا و دەهۆڵ ژەنەكانیش بە دەهۆڵ و زوڕناوە خەڵكیان لە دەوروبەری خۆیان كۆ دەكردەوە.
بۆ رۆژی دواتر پێشبركێی ئەسب سواری بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر لە پیاوان و گەنجان و ژنانی شاركە بەڕێوەدەچوو، لە پردی كۆنی ئەڵوەنەوە بۆ پاشا كۆپری تا ویستگەی شەمەندەفەر، جەژن تەنها هەر بە رۆژ نەبوو، بەڵكو لەشەوانیشدا لەهەموو ماڵانی شاری خانەقین بەدانانی جۆرەكانی میوە و چەرەزات لەگەڵ پەرداخێكی پڕ لە مۆرتی سەوز و داگیرساندنی مۆمدا سینیان پێ دەڕازاندەوە و بەقسەی خۆش و گاڵتە و گەپ و یاری و دەمەتەقێی خۆش كاتیان بەسەر دەبرد و ژنانیش نانیان ئامادە دەكرد بۆ ئەوەی لە سەیران خوانی خۆشیان هەبێت و زۆربەی ماڵان لەناو دەفرێكدا گەنم و جۆیان دەوەشاند و تاوەكو بۆنی نەورۆز و شینایی ئامادە بوایە.
لە شەوی كۆتایی نەورۆزی خانەقیندا ژنانی گەڕەك لە ماڵێكدا خوانی رۆژی كۆتاییان ئامادە دەكرد و سەماوەر و چای و كولیچەیان ئامادە دەكرد تا بۆ ریوڕەسمی (سیانزەوەدەر) هیچ كەموكورتێكیان نەبێت، هەر خێزانێك بە گوێرەی توانای ماددی خۆی شتێکی دەهێنا و دواتر تەواوی كۆڵان یان چەند خێزانێك پێكەوە خوانێكیان ئامادە دەكرد و خەڵكی شار و گوند پێیان وابوو كەس نابێت خەوی نێوەڕۆیان بكات چونكە بڕوایان وابوو كە پێویستە رۆژانی جەژنی نەرۆز بەخۆشی و ئاهەنگ و شادی ببەنەسەر بەپیچەوانەوە بەدریژایی ساڵەكە تووشی خەمباری و كۆسب دەبن. سیانزدەهەمین رۆژی نەورۆز پێیان دەوت سیانزەوەدەر، جەژن یەكەمین رۆژی نەورۆز 21ی ئازارەوە دەستی پێدەكرد و تاوەكو 2 ی مانگی نیسان و لەو ماوەیەدا بەو بۆنەوە خەڵكی خانەقین روویان دەكردە سەیرانگا و باخ و دارستان و بەرەو چەم و كەناری ئەڵوەن و مەسفا دەڕۆیشتن بۆ گەشت و سەیران.