ئاماری پێنج مانگی رابردوو ئاشكرا دەكرێت

لیژنەكانی چاودێریكردنی بازاڕ لە ئەركەكانیان بەردەوامن

09:50 - 2022-07-24
ئابووری
593 جار خوێندراوەتەوە
#لیژنەكانی چاودێری بازرگانیی هەولێر

لاپەڕەی ئابووری

 لیژنەكانی چاودێری بازرگانیی هەولێر بەردەوامن لە چاودێریكردنی بازاڕەكان و رێگریكردن لە بەرزكردنەوەی نرخی شمەك و كوالێتییەكانیان، بەشێوەیەك لە سەرجەم رۆژەكانی هەفتەدا بە بەردەوامی لە ئەركدان.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەولێریش رایدەگەیەنێت: لە پێنج مانگی رابردوودا، لیژنەكانی چاودێری بازرگانی سەردانی 24 هەزار دوكان و ماركێتیان كردووە و زیاتر لە 680 سەرپێچییان تۆمار كردووە. 
هاوكات داوایەك ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەكات و دەڵێت: «لە هەر شوێنێك خۆراكی بەسەرچوو یان خۆراك بە نرخی بەرز فرۆشرا، بە پەلە ئاگاداری لیژنەكانمان بكەن».

دابەشكردنی بەشە خۆراك
نەوزاد كامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەولێر، بە كەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستانی راگەیاندووە: لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی شمەك لە بازاڕەكاندا، كۆمەڵێك هەنگاویان جێبەجێكردووە، یەكێك لەوانە بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عیراقدا لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی مانگانە بەشە خۆراكی هاووڵاتیان بنێردرێت، چونكە بەوتەی ئەو، «دابەشكردنی بەشە خۆراك، دەبێتە هۆی ئەوەی كە كەمتر خەڵك پێویستیان بە كڕینی مادە خۆراكییەكان هەبێت، هاوكات باڵانسی نرخی شمەك لە بازاڕەكاندا رادەگرێت».
سەبارەت بە هەنگاوی دووەمیان، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەولێر وتی: «ژمارەی لیژنەكانی چاودێری بازرگانیمان فراوان كردووە، بەشێوەیەك لە رۆژانی هەینی و شەممەشدا دەوام دەكەن و سەردانی تەواوی مۆڵ و ماركێتەكان دەكەن و لێپرسینەوە لە نرخ و كوالێتی خۆراكەكان دەكەن».

ئاماری پێنج مانگی رابردوو
ئەو ئاماری پێنج مانگی رابردووی چالاكی لیژنەكانی چاودێری بازرگانیی هەولێر ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، سەردانی زیاتر لە 24 هەزار دوكان و مۆڵ و ماركێتەكان كراوە و زیاتر لە 680 سەرپێچییان تۆمار كردووە، هاوكات هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە 68 شوێنیان داخستووە و بە بڕی 130 ملیۆن دیناریش سزای سەرپێچیكارانیان داوە و زیاتر لە 74 تۆن خۆراكی بەسەرچووش دەستی بەسەرا گیراوە.
لەكۆتایی قسەكانیدا، نەوزاد كامل داوایەك ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەكات و دەڵێت: «لە هەر شوێنێك خۆراكێكی ماوەبەسەرچوویان بینی، یاخود بە نرخێكی بەرز فرۆشرا، ئەوا بە زوویی ئاگاداری لیژنەی چاودێری بازرگانیی شارەكان بكەن، بۆ ئەوەی بەدواداچوون و لێپرسینەوەی خێرا بكرێت».
لیژنەكانی چاودێری بازرگانیی لە سەرتاسەری شارەكانی هەرێمدا، بە وردی پشكنین و بەداواچوون بۆ نرخ و كوالێتی شمەك و مادە خۆراكییەكان دەكەن و بەردەوام سەرپێچیكاران روبەڕووی سزا و یاسا دەكەنەوە، بە جۆرێك لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی بەشێك لە مادە خۆراكییەكان لەسەر ئاستی جیهان، كاری ئەو لیژنانە فراوانتر بۆتەوە و رێگری دەكەن لە قۆرخكاریی بەشێك لە بازرگانان و فرۆشیاران.
پێشتریش، وەزارەتی بازرگانیی عیراق رایگەیاند: بۆ رێگریكردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی خۆراك لە بازاڕەكاندا، بڕیاریانداوە مانگانە بەبێ دواكەوتن سەبەتەی خۆراك بەسەر هاووڵاتیان دابەش بكەن و بڕی مادە خۆراكییەكانیش زیاد بكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان