فراكسیۆنی یەكێتی مافی جووتیارانی هەرێم دەگەڕێنێتەوە

09:52 - 2022-07-24
ئابووری
491 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە رابردوودا فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستیان بە هەوڵێكی چڕ كرد، بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم بۆ ساڵانی 2014 تا ساڵی 2016، دواجار وەزارەتی بازرگانیی عیراق بڕیاریدا، لەم مانگەدا بڕی 308 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكات، بەمەبەستی دابەشكردنی بەسەر ئەو جووتیارانەدا.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: دوای هەوڵە بەردەوامەكانمان لە سەرۆك و ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە لیژنە جیاوازەكان،  توانیمان سەركەوتووبین لە گەڕانەوەی مافی جووتیاران و راگرتنی ئەو بڕیارانەی كە دژ بە زەوییە كشتوكاڵییەكانی جووتیارانی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان دەركراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەر بە هەوڵی فراكسیۆنی یەكێتی، قەرزی كۆنی جووتیاران بە بڕی 308 ملیار دینار وەرگیرایەوە، كە دەبوو لە ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 خەرج بكرایە، بەڵام بەهۆی چەند گرفتێكی سیاسی و ئابوورییەوە، بۆ ماوەیەكی زۆر دواكەوت، بەڵام دواجار لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عیراقەوە بڕیاردرا كە لەم مانگەدا بڕی ئەو 308 ملیار دینارە رەوانەی هەرێم بكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، هەریەكە لە سەرۆك كۆمار و وەزیری بازرگانیی عیراقیش، هاوكار و هەماهەنگ بوون لە گێڕانەوەی ئەو مافانەی جووتیارانی هەرێم كە ساڵانێكی زۆرە بۆیان خەرجنەكراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان