عاموودا کۆنترین شاری رۆژئاڤای کوردستان

10:40 - 2022-07-24
کەلتور
867 جار خوێندراوەتەوە

ئەیاز هه‌ركی

عاموودا شارێکی هەژارنشیینه‌ له‌ جه‌زیره‌ی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، نزیکەی 20 کم لە رۆژهەڵاتی قامیشلۆ دوورە، 2 کم لە سنوورەکانی باکووری کوردستانەوە دوورە، 26 کم لە رۆژئاڤای ناحیەی دێربێسيەوە دوورە و شارى ماردین بە ئاسانی دەبینرێت، هه‌روه‌ها نزیکەی 70 کم، لە ناوەندی پارێزگای حەسەکەوه‌ دوورە و پێش په‌یمانی سایكس بیكۆ و دابه‌شبوونی كوردستان به‌شێك بووه‌ له‌ دەشتی ماردین لە باكووری كوردستان و یەكێكە لە ناوچە كۆنەكانی میزۆپۆتامیا. هاوكات خه‌ڵكی عاموودا له‌ ماوه‌ی یازده‌ ساڵی شۆڕشی گه‌لانی سووریا به‌ تایبه‌ت له‌ رۆژئاڤای کوردستان به‌ ئارامی و دوور له‌ شه‌ڕ ژیاون.
عاموودا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە پێکەوە ژیانی نێوان هەموو نه‌ته‌وه‌ و ئایینە جیاوازەکان بە درێژایی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست. بە تایبەت لە دوو سەدەی رابردوودا بەشێک لە شۆڕشگێڕانی کورد بەهۆی زوڵم و زۆرداری دەوڵەتی عوسمانییەوە و شکستی راپەڕینەکانی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان و ئاوارەکانی ئەرمەن و مەسیحی لە باکووری کوردستان و ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە بەدوای ژیانێکی سادە و ئارامدا دەگەڕان، لە عاموودا نیشتەجێ بوون و که‌لتور و دابوونەریتەکانیان پاراست، هۆزی داقووری رۆڵێکی گرنگیيان لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا گێڕاوه و‌ بە پایتەختی داقوورییەکان ناسراوە.

شارستانییەت بنیاتنراوه‌
 عاموودا لە باکوورەوە بە چیای ئۆمه‌ریان و لە رۆژهەڵاتەوە بە شاری قامیشلۆ دەورە دراوە و دوو دەریاچەی بچووکی هەیە و (رووباری چەمى دارێ) شاره‌كهی  كردووه‌ دوو بەشەوە. هاوکات شوێنەوارەکانی وەک:(بازاڕی شاگر) گردی مۆزان و شەرمۆڵە، هێمای مێژووی شارەکەن و مێژووى دروست بوونيان بۆ زياتر له‌ 3000 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە سەرەتای مێژووە لەو ناوچەیە نیشتەجێ بووه و شارستانییەت بنیاتنراوه‌.
 پێش شۆڕشى گەلانی سوريا، شاری عاموودا سەر بە پارێزگای حه‌سه‌كه‌ بووه، ئێستا سه‌ر به‌ کانتۆنی جه‌زیره‌ی رۆژئاڤای كوردستانه‌ و پێشبینی زۆر لەسەر ناوەکەی هه‌یه‌، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە له‌ میدیاوه‌ هاتووه‌ واتە (ئامەد، ئامێدی، ئاموودا).
لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوودا فەرەنسییەکان بنکەیەکی سەربازیان لەوێ دامەزراند و لە ساڵی 1934دا به‌ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ ناسێندراوه و 95%ی له پێكهاتەی كوردی موسڵمانن و باقی تر سوریان و عەرەبن. بە پێی سەرژمێری ساڵی 2008 ژمارەی دانیشتوانی ناحیه‌ی عاموودا به‌ گونده‌كانیشه‌وه‌ 50 بۆ 60 هه‌زار کەس بووە و بەپێی ئامارەکانی ئێستا ‌ نزیکەی 80 هەزار کەسه‌. چونكه‌ هه‌ر چه‌نده‌  بەهۆی هەژارییەوە هەزاران کەس لە شارەکە كوچیان كردووه. بەڵام بەهۆی بەردەوامی شه‌ڕ و ناسەقامگیری لە سووریا و رۆژئاڤای کوردستان هەزاران پەنابەری دیکە نیشته‌جێی ئه‌و شاره‌ن.

هێمای پێكه‌وه‌ ژیان
هاووڵاتیانی شاری عاموودا بە پێشەنگ لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵ و بازرگانی و کاری دەستی دادەنرێن. هه‌روه‌ها به‌ ئاشتی و ئارامی ده‌ژین و په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێزییان له‌ نێوان خۆیاندا هه‌یه‌ و عاموودا به‌ هێمای پێكه‌وه‌ ژیان و کەلتووری جۆراوجۆر لە نێوان ئایینە جیاوازەکاندا ماوەتەوە و گوند وماڵی مەسیحی و ئەرمەن و ئێزیدی بە درێژایی مێژوو هێمای پێکەوەژیانی شاره‌كه‌ن.
هاوكات ژمارەیەکی زۆر لە عەشیرەتەکانی کورد لە كۆنه‌وه‌ لە عاموودا و دەوروبەری دەژین، وەک داقووری و گاباری و ملان و مەندی و بەهدینی و مێرسینی و ئۆمه‌ری و خاتوونی و هێزكی و به‌راڤی و شكاكی و مێردینی... هتد. کۆنێ ره‌ش، مێژوونووسى دیاری رۆژئاڤاى كوردستان  دەڵێت:»هەندێك لە بنەماڵەی هۆزی هەركی لە شارەكانى عاموودا و قاميشلۆ دەژین».
هه‌روه‌ها رووبەری ئێستای عاموودا نزیکەی 8 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی گوندەکانی 184 گوندە، کشتوکاڵی سەرەکی بریتییە لە گەنم و سۆرگۆم و گارس و باخ و باغی میوە و خاکەکەی بەپیتە بۆ بەرهەمهێنانی پیاز و به‌خێوكردنی‌  ئاژەڵداری ناسراوه.
بەهۆی شۆڕش و راپەڕینەکانی کوردەوە، عاموودا وەک پارچەکانی دیکەی کوردستانی گەورە چەند جارێک لەلایەن داگیرکەرانەوە وێران کراوه‌.
 
راپەڕینی عاموودای لێکەوتەوە
کۆنێ ره‌ش، مێژوونووسى رۆژئاڤاى كوردستان لە کتێبی (مێژووی قامیشلۆ) دا دەڵێت:» دوای شكستی کۆنفرانسی گوندی
(توپز) لە کۆتاییەکانی ساڵی 1937دا لە نێوان سەرۆك هۆزه‌كانی کورد و شێخەکانی عەرەب و ئاشوری راپەڕینی عاموودای لێکەوتەوە و فەرەنسییەکان پاڵپشتی ئاشوورییەکانی کرد و شارەکەیانی بۆردومان کرد و سوتاند. سەعید ئاغای داقووری سەرکردایەتی راپه‌ڕینێكی کرد دژ به كۆلۆنیالیزمی فەرەنسى و پشتگوێخستنی مافە نەتەوەییەکانی کورد له ‌سوریا. دواتر سه‌عید ئاغای داقووری و لایەنگرانی کشانەوە بۆ ده‌ڤه‌ری شه‌نگال و راپەڕینەکە بە (تۆشا عاموودا) ناسراوه. واته تالان و وێرانكردنى عاموودا.»
هاوكات لە 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 1960 ئاگرێك لە سینەمای عاموودا کەوتەوه‌ و 283 خوێندکارى كوڕ و كچ گیانیان له‌ده‌ستدا وهەموویان لە قوتابخانەی سەرەتایی بوون و زۆربەیان خەڵکی شاری عاموودا بوون. وه‌ك زانراوه‌  ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی مۆلیده‌ی كاره‌باوه‌ بووە، بەڵام هه‌ندێك سەرچاوەی دیکە گومان لە رووداوەکە دەکەن. چونکە داهاتی سینەما بۆ پشتیوانی بووە لە شۆڕشی جەزائیر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان