ئا: زەمەن خالید
بەهۆی كەمیی بارانبارینی ئەمساڵ و نەكەوتنی پەڵە، بەشێكی زۆر لە جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر نەیانتوانیوە زەوییەكان بۆ گەنم و جۆ بكێڵن، هەربەهۆی کەمیی بارانبارینەوە، ئەوانەی زەوییەكانیان چاندووە تاڕادەیەك بێ ئومێدبوون لەوەی هیچ بەرهەمیان هەبێت.
حسێن محەمەد، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی جووتیارانی كوردستان، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ سنووری هەولێر پێویستە لە مانگی یازدە یان دوازدە، واتا لە وەرزی پاییزدا، باران ببارێت و پەڵە بدات، ئینجا جووتیاران دەتوانن زەوییەكانیان بۆ چاندنی گەنم و جۆ بكێڵن.
وتیشی: ئەمساڵ جگە لەوەی پەڵەی نەداوە، هاوكات بەراورد بە ساڵانی رابردوو، رێژەیەكی كەم باران لە سنووری پارێزگای هەولێر باریوە .
راشیگەیاند: هەربەهۆی گۆڕانی كەشووهەوا و كەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی، جووتیاران دەشتی هەولێر گرفتی پڕۆژەی ئاودێرییان هەیە و لێدانی بیر و دابینكردنی پێداویستەكانی رشاندنی ئاو(مڕشە)، ئەمە جگە لەوەی خەرجییەكی زۆری پێویستە و حكومەت لەوبارەیەوە ئاسانكاریی نەكردووە .
ئاماژەی بەوەشكرد: یەكێك لە هۆكارەكانی ئاوەدان نەكردنەوەی گوندەكانی سنووری هەولێر، بۆ كەمیی بارانبارین و گۆڕانكاریی كەشووهەوا دەگەڕێتەوە، چونكە جووتیاران ناتوانن سوود لە زەوییەكانیان وەربگرن و هیچ پاڵپشتییەكی حكومەتیش نەبۆتە هۆكاری سووکكردنی ئەركەكانی سەرشانی جووتیاران و گوندنشینان.