ئا: رەهێل سەمەد
لە سیمینارێكی تایبەت كە لە ساڵۆنی لاپەڕە9ی ناوەندیی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری(ی ن ك) بەناونیشانی(پیسبوونی ژینگەی هەولێر و كاریگەریی لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان) بەرێوەچوو، لوقمان شێروانی شارەزای بواری ژینگە، تیشكی خستە سەر هۆكارەكانی پسبوونی ژینگەی هەولێر و كاریگەرییەكانی لەسەر مرۆڤ و ئاو و هەوا و خاك لەم شارە. لەوبارەیەوە رایگەیاند: سەبارەت بە هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگەی هەولێر، ئەمانە هۆكارن: زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل و موەلیدەكانی كارەبا و پاڵاوگەی نایاسایی. ئەوەی تایبەتە بە هەولێر، بەگوێرەی داتاكان لە كۆی زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان، یەك ملیۆنی لە سنووری هەولێر تۆماركراوە، هەروەها هەولێر دوو هەزار و 400 مولیدەی ئەهلی هەیە، لەگەڵ بوونی 138 پاڵاوگەی نایاسایی.وتیشی: جگە لەو سێ هۆكارە، خراپی كواڵێتی بەنزین و گاز و زۆری خۆڵ و خاشاكی هاووڵاتیان و پیسبوونی ژینگە بە شەپۆلەكانی گەیاندنی بێ تەل، چەند هۆكارێكی دیكەن بۆ پیسكردنی ژینگە. راشیگەیاند: بەپێی توێژینەوە زانستی و تەندروستییەكان، پیسبوونی ژینگە ئەم كاریگەرە خراپانەی هەیە: سەرئێشە لای مرۆڤ، هەستیاریی پێست و هەستیاریی خوورانی چاو و كزبوونی ئاستی بیستن لای مرۆڤ و هیلاكبوونی خێرای جەستەی مرۆڤ و دەركەوتنی نەخۆشی رەبۆ تەنانەت لە منداڵانیش، تووشبوون بە شێرپەنجە و هەوكردنی سییەكان و كاركردنە سەر دەزگای دەماریی جەستەی مرۆڤ. هاوكات كەمبوونەوەی ئۆكسجین لە هیمۆگڵۆبینی خوێندا و تێكدانی باری دەروونی مرۆڤ و زیادكردنی خەمۆكی.
لە هەولێر 138 پاڵاوگەی نایاسایی هەیە
دواتر دەستنیشانی هەموو ئەو رێگاچارانەی كرد، كە پێویستە بۆ پاراستنی ژینگە بگیرێتەبەر، لەوانە هۆشیاری هاووڵاتیان لە پاكڕاگرتنی ژینگە، هەروەها دامەزراندنی كارگەكان بەشێوەی زانستی و ستانداردی جیهانی، بەبێ ئەوەی كاریگەریی لەسەر ژینگەی ئەو شوێنە هەبێت. لەلایەكی ترەوە بەرپرسیاریەتی خرایە سەر شانی حكومەت، لەگرتنەبەری رێوشوێنی توند و دەركردنی چەند بڕیار و رێنمایی بۆ پابەندكردنی هاووڵاتیان بە پاراستنی ژینگە.
لە كۆتایی سیمینارەكەدا لەلایەن ئامادەبووانەوە چەندین سەرنج و پێشنیاز لەبارەی ئەو بابەتە خرایەڕوو و جارێكی تر تەئكید لە چارەسەركردنی مەترسییەكانی پیسوونی ژینگەی هەولێر كرایەوە، كە بەهۆی پاڵاوگەی نایاسایی و كەمتەرخەمی ئیدارەی پارێزگاكەوە، رۆژانە چەندین ماددەی ژەهراوی بڵاودەكرێتەوەو ژینگەی هەولێر وێرانکردووە.