تەها عەبدوڵڵا، هێمن ئەحمەد
دوێنێ، لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، پرۆژەیاساكانی (هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی مەجلیسی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوە، یاسای باری كەسێتی، لێبوردنی گشتی) دەنگیان لەسەر درا.
״سوپاسی نوێنەرەكانی یەكێتی دەكەم لە بەغدا كە پێكەوە بەوپەڕی دڵسۆزی و خۆنەویستییەوە توانییان كۆدەنگییەكی نیشتمانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم بڕیارە مێژووییە دروستبكەن״
سروە محەمەد: هەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی باشتر بەڕێوەچوونی كارەكانی نوێنەران
لەبارەی كۆبوونەوەكەوە، سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا، دەنگ لەسەر هەرسێ پڕۆژەیاساكە درا، كە ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی باشتر بەڕێوەچوونی كارەكانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، كە بەهۆی ناكۆكی لەسەر ئەو سێ پڕۆژەیاسایە، چەندین پڕۆژەیاسای دیكە پەكخرابوون و دانیشتنەكان وەك پێویست بەڕێوەنەدەچوون، وتیشی: بەهۆی هەستیاریی ئەو سێ پڕۆژەیاسایە، نەتوانرا دەنگ لەسەر هەمواركردنی یاسای بودجە بدرێت و دواخرا.
ئاماژەی بەوەشكرد كە دەنگدان لەسەر ئەو سێ پڕۆژەیاسایە، لە ئەنجامی رێككەوتنی هەرسێ پێكهاتەی كورد، شیعە و سوننە بوو، كە هەریەكەیان پشتگیرییان لە یاسایەك دەكرد و ئەوەشی بەلای كوردەوە گرنگ بوو، گەڕانەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی جووتیارانی كورد و توركمان بوو ئەوەش لەچوارچێوەی یاسای هەڵوەشانەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوەدا، دەنگی لەسەر درا.
دیلان غەفوور: لە بەرژەوەندیی جووتیارانی كورد و توركماندایە
سەبارەت بەو باسە، دیلان غەفوور پەرلەمانتاری كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەران، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعس، هەنگاوێكی گرنگە بۆ گەڕانەوەی زەویی جووتیارانی كورد و توركمان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای كەركوكدا، وتیشی: ئەو پڕۆژەیاسایە لە بنەڕەتدا پڕۆژەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو و بەردەوام داكۆكی لێكردووە.
د.گەیلان قادر: 10 بڕگە هەڵوەشێنرایەوە
د.گەیلان قادر پەرلەمانتاری كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی وت: هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە خۆی لە 10 بڕگەی یاسایی دەبینێتەوە و بەهەزاران دۆنم زەویی كورد و توركمانی كەركوك بۆ خاوەنە رەسەنەكانی دەگەڕێنێتەوە، كە پێشووتر بەزۆرملێ لە خاوەنەكانیان زەوتكرابوو، لە هەمانكاتدا بڕیاری گرێبەستە كشتوكاڵییەكانیش كە لە رابردوودا لەسەر عەرەبە هاوردەكان تۆماركرابوو، هەڵدەوەشێنرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە لە حەوت ساڵی رابردوودا لەلایەن عەرەبی هاوردەوە بە هاوكاریی سوپا و پارێزگاری بەوەكالەتی پێشووی كەركوك، فشارێكی زۆر لەسەر جووتیارانی كورد هەبوو، بەڵام بەدەنگدان لەسەر ئەو یاسایە تاڕادەیەكی باش گرفتی جووتیاران بەتایبەتی جووتیارانی كورد چارەسەردەبێت، وتیشی: لە تێپەڕاندنی یاساكەدا سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان هاوڕا و هاودەنگ بوون.
عەبدوڵڵا میروەیس: زەوییەكان دەخرێنە نێو پلانی كشتوكاڵیی ساڵی 2025 ـەوە
عەبدوڵڵا میروەیس سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەئێستا بەدواوە دەسەڵات دراوە بە پارێزگاری كەركوك، كە دەتوانێت بڕیاربدات ئەو زەوییانەی بە بڕیاری ئەنجومەنی قیادەی سەورە دەستی بەسەرداگیرابوو و درابوو بە عەرەبی هاوردە، خاوەنە رەسەنەكانیان دەتوانن كشتوكاڵی لەسەر بكەن و بخرێنە نێو پلانی كشتوكاڵیی ساڵی 2025ـەوە.
وتیشی: هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە، كۆتایی بە سەرجەم ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانە دەهێنێت كە بەناوی عەرەبی هاوردەوە كراون، لە بەرامبەریشدا مافی ئەوانیش پارێزراو دەبێت لەلایەن حكومەتەوە كە ئەویش قەرەبووكردنەوەیانە.
نوێنەری جووتیارانی پەڵكانە و سەرگەڕان: هیوادارین كێشەی تەواوی زەوییەكان چارەسەربكرێت
هەر سەبارەت بە گرنگیی یاساكە، محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی كورد لە پەڵكانە و سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای كەركوك، پێیوتین: ماوەیەكی زۆربوو جووتیارانی كەركوك لە چاوەڕوانی پەسەندكردنی یاسای گەڕانەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیاندا بوون، راشیگەیاند: ئەوە هەنگاوێكی باشە بۆ پاراستنی جووتیاران لە هەڕەشەی دەركردن و هیواداریشین كێشەی تەواوی زەوییە كشتوكاڵییەكان چارەسەربكرێت.
نوێنەری جووتیارانی گوندی تۆپزاوا: گەڕانەوەی هەزاران دۆنم زەوی
ساتیع ناسیح نوێنەری جووتیارانی گوندی تۆپزاوای كەركوكیش، پێیوتین: عەرەبە هاوردەكان، بەپاڵپشتیی بڕیارەكانی ئەنجومەنی قیادەی سەورە و سوپای عیراق، بەردەوام بیانوویان بە جووتیارانی كورد و توركمانی ناوچەكانی كەركوك و دەوروبەری دەگرت و زەوییەكانی داگیر دەكرد، بەڵام ئێستا كە ئەو یاسایە دەركراوە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو بڕیارانە دێت و موڵك و ماڵ و زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ خاوەنە رەسەنەكانی دەگەڕێنرێتەوە و كێشەكان تاڕادەیەكی زۆر كۆتاییان پێدەهێنرێت.
قوباد تاڵەبانی: گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف رەنگە درەنگ بكەوێت، بەڵام دواجار هەر بەدیدێت
هەرلەوبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند: گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف رەنگە درەنگ بكەوێت، بەڵام دواجار هەر بەدیدێت، راشیگەیاندووە: هێشتا زۆر داواكاری دەستوریی دیكەی خەڵكی كوردستان جێبەجێ نەكراوە، هیوادارین ئەم هەنگاوە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت و هاندەربێت بۆ پێكەوەكاركردنی زیاتری نوێنەرانی كورد بۆ جێبەجێكردن و دابینكردنی هەموو مافە دەستوورییەكانی دیكە.
رەفعەت عەبدوڵڵا: هیواخوازم هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان بەدیبێت
رەفعەت عەبدوڵڵا، لە پەیامێكدا لە فەیسبووك نووسیویەتی: بەبۆنەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەركردایەتیی شۆڕشی لەناوچوو، پیرۆزبایی لە تەواوی دانیشتووانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان دەكەم بەتایبەتی برا جووتیارە كورد و توركمانەكان، كە زەوییە داگیركراوەكانیان بۆ دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەم هەوڵە بەهۆی یەكڕیزیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و پێداگریی بەردەوامی تیمی یەكێتی لە حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەدیهات. هیواخوازیشە هەموو مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بەدیبێت.
ئاسۆ مامەند: فراكسیۆن و تیمی یەكێتی هەوڵی بێوچانیان دا تا ئەم یاسایە گەیشت بە ئاكام
ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری كەركوك- سەڵاحەدینی ی.ن.ك لە پەیامێكدا بەبۆنەی دەنگدان لەسەر یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی مەجلیسی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوە، رایگەیاندووە: دەستخۆشی لەو هەوڵانە دەكەین كە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و فراكسیۆنەكان، بە تایبەتیش فراكسیۆن و تیمی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران و حكومەتی عیراق بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە هەوڵی بێوچانیاندا تا ئەم یاسایە گەیشت بە ئاكام.
د.یوسف گۆران: میللەتەكەمان چەندین ساڵە خەباتی لەپێناودا دەكات
د.یوسف گۆران، لە پەیامێكدا پیرۆزبایی لە خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكات و رایدەگەیەنێت: یاساكەی ئەنجومەنی نوێنەران، خەمێكی قووڵی گەلەكەمانی بەدیهێنا، كە چەندین ساڵە هەنگاوی بۆ دەنێت و خەباتی لەپێناودا دەكات و هیواداریشین هۆكارێك بێت بۆ كاری پێكەوەیی نێوان پێكهاتەكان و متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەكان.
ئەوەش دەخاتەڕوو كە «بەئومێدەوە چاوەڕێی هەوڵ و كۆششی زیاترین تا بەدیهاتنی تەواوی مافەكانی خەڵكی كوردستان بەتایبەت جێبەجێكردنی ماددەی 140».
د.خالید شوانی: یاساكە، بەشێكی گەورەی بەعەرەبكردن هەڵدەوەشێنێتەوە
د.خالید شوانی وەزیری دادی عیراق، لە پەیامێكدا، نووسیویەتی: زۆر خۆشحاڵم بە دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر یاسای گەڕانەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی جووتیارانی كورد و توركمان، ئەو یاسایەی كە زیاتر لە 20 ساڵە كاری لەسەر دەكەین، یاساكەش بەشێكی گەورەی پرۆسەی بەعەرەبكردن، هەڵدەوەشێنێتەوە و زوڵمێكی گەورەی دەیان ساڵەش لەسەر جووتیارانی كورد و توركمان لادەبات، هەروەك میكانیزمێكی دادپەروەرانە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ لێكەوتەكانی لەسەر جووتیارە عەرەبەكان، دابینكردووە.
دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم: ئامانجێكی گەورەمان بەدیهات
دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان بەگشتی و ناوچە دابڕێنراوەكان بەتایبەتی دەكات و رایدەگەیەنێت: ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی هەوڵی هاوبەشی حكومەتی هەرێم و سەرجەم كاربەدەست و وەزیر و پەرلەمانتارانی كوردە لە بەغدا، كە ئامانجێكی گەورەمان بەدیهات، ئەم هەنگاوەش گیانی كاری پێكەوەیی نێوان پێكهاتەكان قووڵتر و متمانەی نێوان لایەنەكان فراوانتر دەكات.