د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لەمیانەی بەشداریی لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس لە سویسرا، چەندین دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك و سەركردەی وڵاتاندا ئەنجامدا.
لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف یاریدەدەری سەرۆك كۆماری ئێران، سەرۆك كۆمار، گرنگیی هەوڵەكانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خستەڕوو بە ئاڕاستەی سەقامگیری و پاراستنی گەلانی ناوچەكە.
لەلایەكی دیكەوە و لەكۆبوونەوەیدا لەگەڵ خاوەن شكۆ لویس فیلیپ لیۆپۆڵد ماری پادشای بەلجیكا، سەرۆك كۆمار، خواستی عیراقی دووپاتكردەوە بۆ بەهێزكردنی هاوكاریی دووقۆڵی لەبوارەكانی ئابووری، وزە و وەبەرهێنان و داواشیكرد بەلجیكا باڵیۆزخانەی خۆی لە عیراق بكاتەوە.
لە دیدارەكەدا، تاوتوێی ئەو پرسانەیان كرد كە لە كۆڕبەندی داڤۆس خراونەتەڕوو و تەئكیدیان كردەوە لە جێبەجێكردنی بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە گۆڕانی كەشوهەوا و ژینگەوە هەیە.
لە دیدارێكیشدا لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ سەرۆكی ئازەربیجان، بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات تەئكیدی لەسەر كرایەوە بەتایبەتی لە بوارەكانی وەبەرهێنان، پیشەسازی، گەشتیاری، فڕۆكەوانی، ژینگە و وزە.