ئا: رەوەست نەوزاد
ساڵێك لەمەوبەر و لە رۆژی 22/1/2024، حەمید سابیر رەحمان ناسراو بە(خارە حەمید)، شانۆكار و میدیاکار و جێگری بەڕێوەبەری كەناڵی هەولێری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان، بە كارەساتێكی دڵتەزێن لە تەمەنی 61 ساڵی لە شاری هەولێر گیانی لەدەستدا. خوالێخۆشبوو لەساڵی 1963 لەگوندی شێخانی سەر بە پارێزگای هەولێر لەدایكبووە، ساڵی 1982دێتە ناو بواری هونەر، بەدرێژایی 41 ساڵ بەشداریی لە دەیان كاری وەكو دراما و شانۆ و فیلم كردووە.
خارە حەمید، لە بواری هونەردا زیاتر لەناو خەڵكیدا ناسرا، كە لە سەرەتای ساڵی هەشتاكان لە درامای(تاپۆ حەقی چیە) بە كاراكتەری(سەعید)ی كوڕی(خدری لۆبیا فرۆش) بەشداریكرد، كاتێك كاراكتەری خدری لۆبیافرۆش دەیویست(سەعید) وەكو فەرمانبەر دامەزرێنێت.
لە بواری راگەیاندنیشدا زیاتر لە 33 ساڵ لە كەناڵی هەولێری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان كاریكردووە و لەسەرەتای كردنەوەی ئەو دەزگایە، لە بەشی ئەرشیف بووە، دواتر لەبەر لێهاتوویی و دڵسۆزی بۆ كارەكەی، بۆتە جێگری بەڕێوەبەر و دواپلەشی ئەندامی ئەنجومەنی راوێژكاری بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.
لەوبارەیەوە هاوڕێ رواندزی، بەڕێوەبەری كەناڵی گەلی كوردستان لە هەولێر كە نزیكترین هاوڕێی خارە حەمید بوو، لەو ساڵیادە خەمناكە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەداخەوە ئەمڕۆ من قسە لەسەر كۆچی دوایی كاك حەمیدی رەحمەتی دەكەم، كە بۆ من زۆر بە ئازارە، خۆزگە قسەم لەسەر كارەكانی بكردایە و لەژیاندابوایە، من لە ساڵی 2003 بەخزمەتی گەیشتم و ناسیم خۆزگە زووتر بمناسیایە، كە ئەوكات لە مەكتەبی راگەیاندن بوو لە سلێمانی، منیش لەپەخشی تەلەفزیۆن بووم لە هەولێر.
وتیشی: پەیوەندییم لەگەڵ كاك حەمید بەچەند قۆناغێك بوو، بەڵام لە هەموو قۆناغەكان باشترین پەیوەندییمان هەبوو وەكو مام و برازا وابووین، ئەو بە منی دەگوت برازا و منیش پێمدەگوت مام، هەندێكجاریش دەمگوت برای گەورەم هەرگیز دڵمان لە یەکتر نەئێشاوە.
باسی لەوەشكرد:لە ساڵی 2011 من و كاك حەمیدی رەحمەتی بە یەكەوە ئیدارەی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستانی كەناڵی هەولێرمان وەرگرت، كە ئەو جێگری بەڕێوەبەر بوو، بەڵام من وەك بەڕێوەبەری خۆم سەیرم دەكرد و شانازییشم پێوە دەكرد، لە یەكەم ساتی مردنی گوتم، كاك حەمید لە من رۆیشت، چونكە بۆ من و تەلەفزیۆن و بۆ راگەیاندنی یەكێتی لە هەولێر پشت و پەنا بوو، بۆیە هەموو رۆژێك بە كاكە(رێدووری) كوڕی كۆچكردوو دەڵێم من لەتۆ دڵ بەخەمترم.
هاوڕێ رواندزی باسی لەوەشكرد: خارە حەمید پیاوێكی دڵسۆز و بەوەفا بووە، ئەو پیاوە یەكێتییەكی عەیار 24 بوو، لە ماوەی ئەم ساڵەی بێ كاك حەمیدین، خوڕپەیەك لەسەر دڵمە دەڵێ چیتر مەچۆوە دەوام، پیاوێكی بە سەلیقە و بە هەڵوێست چاكەی بەسەر هەمووان هەیە، بۆیە یەك ساڵە ئێمە لە تەلەفزیۆن هەتیویین و هەموومان لە ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن بێ ئەویمان پێوە دیارە، هەرگیز كاك حەمید بۆ ئێمە دووبارە نابێتەوە.
هەربەو بۆنە خەمناكە، لوقمان مستەفا بەڕێوەبەری كارگێڕی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری ی.ن.ك و هاوڕێیەكی نزیكی خارە حەمید، كە ماوەی چەندین ساڵ لە مەكتەبی راگەیاندن بە یەكەوە كاریانكردووە، باسی رەوشتە جوان و باشەكانی ئەو پیاوە دەكات و پێیوتین: كاك حەمید لە سەرەتای دامەزراندنی لە ساڵانی نەوەدەكان لە تەلەفزیۆنی هەولێر كاری دەكرد و منیش لە مەكتەبی راگەیاندن بووم، بەڵام من لە سلێمانی ئەوم ناسی، كەسێكی زۆر چالاك بوو كارەكانی بەڕێكوپێكی ئەنجامدەدا.
وتیشی: خارە حەمید هەر كارمەندێكی راگەیاندن لە سلێمانی كارێكی لە هەولێر هەبووایە، ئەو دەچوو بۆی جێبەجێ دەكرد، هەندێكجار لە ماڵەكەی خۆی میوانداری دەكرد، كەسێكی دڵ باش و قسەخۆش بوو، بۆ كۆچی دوایی، زۆر دڵتەنگ بووم، چونكە وەكو برا وابووین، چەندین ساڵ بە یەكەوە كارمان دەكرد، بەڵام یەك رۆژ دڵمان لەیەك نەشكاوە.