بەشی یەکەم
پیتەر بروک ساڵی 2019 بە نمایشی (بۆچی؟) لە شانۆی "بوف دو نورد" کۆتایی بە گەشتێکی شانۆیی زیاتر لە حەفتا ساڵی تەمەنی خۆی هێنا. بۆ قسەکردن لەسەر ئەم نمایشە، لەوە باشتر نییە لەم گوتەیەی پیتەر بروک خۆیەوە دەستپێبکەین: "من ئەم چیرۆکە بۆ ئێوە دەگێڕمەوە، بۆئەوەی ئەو بیرۆکەیەتان لەگەڵ بەشبکەم کە شانۆ دابەشنەکراوە بەسەر هیچ جۆر و بەشێکدا، بەڵکو سەبارەت بە ژیانە. ئەمەش تەنیا دەروازەیەکە و هیچ شتێکی تر نییە لەم بنەمایە زیاتر".
(بۆچی؟)
بۆچی پیتەر بروک، ئەم ناونیشانەی بۆ دوا نمایشی ژیانی هەڵبژاردووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش چەندین رەهەند لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە ئەگەر لە رووی زمانەوانییەوە وەریبگرین، ئەوە خودی وشەی(بۆچی؟) لە زمانی ئینگلیزیدا جۆرە کرانەوەیەک لەخۆدەگرێت و هێمایەکیشە بۆ تاقیکردنەوەی شتێک کە دەنگی وشەکە پرسیارئامێزە و بیرکردنەوەی مرۆڤ بەرەو شتێکی تر، دید و بیرکردنەوەیەکی تر و ئەزموونێکی تر دەبات.
(بۆچی؟) بەرەو جۆرێکی تر لە بیرکردنەوە و شتە گونجاو و دیارەکانمان دەبات، یاخود بە پێچەوانەوە: ئەوەی هەیە بۆچی هەیە و چۆن دەکرێ بە جۆرێکی تر بیری لێ بکەینەوە؟ ئەم پرسیارەش بۆ کەسێکی وەک پیتەر بروک، کە زیاتر لە حەفتا ساڵ چەمک و پرسیارە شانۆییەکانی لەنێو هزر و تەکنیک و دیدی جۆراوجۆردا ئاڵوگۆڕ کردووە، شتێکی ئاساییە. پیتەر بروک تا دواڕۆژەکانی ژیانی بە دوای دۆزینەوەی وەڵامە جیاوازەکاندا گەڕاوە، کە بۆچییەکانی بەردەوام لای ئەو دەورووژان: بۆچی نمایشی شانۆیی پێشکەش دەکەین؟ بۆچی نواندن لەسەر شانۆکان دەکەین؟ بۆچی سەبارەت بە شانۆ دەنووسین؟ چی روودەدات، لە بەرکەوتنمان لەگەڵ فۆرمە جیاوازەکاندا؟
چ جۆرە فەنتازیایەکمان بۆ دروست دەکات، بیرکردنەوەیەک، هەست و سۆزێک و ئەگەرەکانی ژیان؟ چۆن دەتوانین، وەک ئەکتەر و بینەر، گەشە بە جۆرە پەیوەندییەک بدەین، لەگەڵ زمانی شانۆ و زانستە شانۆییەکاندا، کە شانۆ باسیان دەکات و بەرجەستەیان دەکات؟
پیتەر بروک بە ساکاریی، سەبارەت بە «بۆچی؟» دەڵێت: "ئەوەی جێگای سەرنجە دەگەینە خاڵێک، لەوێدا مرۆڤ بە هۆکاری زۆر سروشتیی، پرسیار لەخۆی دەکات: ئەرێ ئائەمە چییە؟ بۆچی؟ لێرە چی دەکەین؟ مرۆڤبوون ئاوایە؟
لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، کۆمەڵێک مرۆڤ هەبوون چەندین پرسیاری راستەقینەیان کردووە، وەک هەموو ئەو پرسیارانەی مرۆڤ لە تەمەنی جیاجیادا سەبارەت به فەلسەفە و مۆسیقا دەیکەن. لەم کاتەدا کەسانی وەک (گرەیک، ئارتۆ، ستانیسلاڤسکی، برێشت) هاتن، ئەوانە کەسانێکی زۆر بەهرەمەند بوون، ئەزموونێکی کردەیی و پراکتیکیی قووڵیشیان هەبوو، لەوە رامان کە: هەر بە راستی ئائەمە چییە؟
ئێمەیش بڕیارماندا دەقێکی شانۆیی ئامادە بکەین، بە شێوەیەکی گشتیی و لە بنەڕەتدا لەسەر بنەماکانی ئەو تێکستانە رۆبنرێت کە ئەوان نووسیویانە و تاقیانکردۆتەوە، دەقەکەش تەنیا دوو کارەکتەر بن، بۆ ئەم مەبەستە هەردوو ئەکتەری ناوازە "مارسێلۆ ماگنی" و "کاسرین هانتەر"مان هەڵبژارد و دوو مانگ لەمەوبەر وۆرکشۆپێکمان کرد. هەر لەسەرەتاوە ئەو تێکستانەمان خوێندەوە و هەوڵماندا بەشێکیان بە راگۆزاریی نمایش بکەین، هەستمان کرد لێرەدا شتێک هەیە جێگای سهرنجه بۆ هەمووان، ئەوانەی حەزیان لە شانۆیە؛ بۆ گەنجەکان، خوێندکارهکان، بەڵێ شتێکی ئێجگار جوان بوو.
(بۆچی؟) و پانتاییە بۆشەکان
سێ ئەکتەر لەسەر شانۆیەکی بۆش نمایشی (بۆچی؟) دەکەن. سەرەتا هەر سێ ئەکتەرەکە چەند دەقێکی جیاوازی شانۆکارە گەورەکانی سەرەتای سەدەی رابردوو، بۆ نموونە:(گۆردن گرەیک، ئەنتۆنان ئارتۆ، ستانیسلاڤسکی، گرۆتۆفسکی...) دەڵێنەوە. دەقەکانی ئەم شانۆکارانە، لەسەر رووپەڕی چەند پارچە کاغەزێک بە نێو پانتایی شانۆکەدا بڵاوکراونەتەوە. ئەکتەرەکان بێ هیچ رێکەوتنێکی پێشوەختە یەکێک لەم لاپەڕانە کە دەقە تیۆرییەکانی ئەو شانۆکارانەی لەسەر نووسراوە، هەڵدەگرن و بە دەنگی بەرز بۆ بینەرانی دهخوێننهوه. دوای ئەوە هەوڵدەدەن، بزانن مەبەستییان لەم دەقانە چییە و مانای چی دەگەیەنێت؟ بێگومان ئەم خوێندنەوەیە و گەڕان بە دوای ماناکانیدا، دهبێته گەمەیەک و نواندنێکی جیاواز لەنێوان ئەم سێ ئەکتەرە و بینەرانیشدا.
لەمجۆرە نمایشەدا، کە زۆر تایبەتە و زیاتر لە کاری لابوور و دهمهتهقێیەکی قووڵ سەبارەت بە شانۆ و هونەری نواندن دەچێت وەک لە نمایشێکی تەواو، چۆن دەکرێ بینەر لەم نمایشە بگات؟ یان بەدیارییەوە دابنیشێت؟ چۆن ئەکتەرەکان لەمجۆرە نمایشەدا متمانە لەنێوان خۆیان و بینەرەکانیاندا دروست دەکەن کە رەنگە هەندێکیان بەمجۆرە نمایشانە رانەهاتبن، یان ئەمجۆرە تەکنیکە جێگای سەرنجیان نهبێت؟ لێرەدا وشەی (بۆچی) کە ناونیشانی نمایشەکەیە ئەو دەرگایە بە رووی دید و هەست و هۆشماندا دەکاتەوە، تا ئێمهی بینهرانیش بە بۆچییەک رووبەڕووی (بۆچی؟) نمایشەکە ببینەوە. بۆچی ئەم نمایشە؟ بێگومان هیچ وەڵامێکی ئاشکرا یان دیاریکراو سەبارەت بەمە نییە، تەنانەت هیچ وەڵامێکیش نییە بۆچی شانۆ دەکەین و بۆچی دەچین بۆ شانۆ؟
ئەم سێ ئەکتەرە چیرۆکێکی پڕ لە فەنتازیامان سەبارەت بە سەرەتا بەراییەکانی شانۆ بۆ دەگێڕنەوە، کە خواوەند دنیای دروست کرد و گەیشتە حەوتەم رۆژی ئەم خوڵقاندنە، رۆژی پشوو بێزار بوو، مرۆڤەکانیش ناچالاک و پاسیڤ بوون، لێرەوە خواوەند بیرۆکەیەکی بۆ دێت و دەڵێت: با شانۆ بکەین! مرۆڤەکان بەمە زۆر دڵخۆش دەبن و یەکسەر کەوتنە خۆ و شانۆییان پێشکەش کرد. خۆیان دابەشکرد بەسەر چەندین جۆردا: ئەکتەر، دەهێنەر، سینۆگرافەر، تەکنیکار، فرۆشیاری بلیت و... هتد. هەر دوای ئەمە یەکسەر مرۆڤەکان دەکەونە ململانێ و پێشبڕکێ لەگەڵ یەکتری، هەموو یەکە یەکە دێنە پێشەوە، دەرهێنەر دەڵێت: من لە هەمووتان بۆ شانۆ گرنگترینم. ئەکتەر دەڵێت: نەخێر وانییە و من گرنگترم. لەولاشەوە شانۆنامەنووسەکان هاوار دەکەن کە بەبێ ئەوان شانۆ نابێت و... هتد. لەنێو ئەم هاتوهاوارەدا، هیچ کام لەمانە ناتوانن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، کە هونەری شانۆ بە چ شێوەیەک گەشە دەکات و چۆن نوێ دەکرێتەوە؟
ئەم کێشەیە کاتێک دروست دەبێت، دەبێتە جۆرە ئاژاوەیەک، وا دەکات بیرۆکەی دروستکردنی شانۆ چەندە ئامرازێکی گرنگ و چێژ بەخشە بۆ مرۆڤەکان، هێندەیش هەڵەیەکی گەورە و ترسناك بێ.
لێرەدا خواوەند یەکێک لە فریشتەکان، وەک نمایندەی خۆی دەنێرێتە خوارەوە بۆ سەر زەوی، تا بە تەنیا یەک پەیام کە لە یەک وشە پێکهاتووە، بە مرۆڤایەتی رابگەیەنێت، ئەویش (بۆچی؟)یە.
وشەی (بۆچی؟) لەم نمایشەدا، بە گەورەیی بەسەر دیواری بەرامبەر بینەرانەوەیە، بەهۆی ئامێری داتا و سلایدەوە دەردەکەویت و بینەران هەمیشە لە بیری ئەوەدان، کە (بۆچی؟)