بۆچی بە گەلەگورگ ناودەبرێن؟

11:37 - 2022-07-24
ژینگە
1283 جار خوێندراوەتەوە

گورگ جۆرێكە لە شیردەرە گۆشتخۆرەكان و ئەسڵی دەچێتەوە سەر سەگ، دڕەندەی نیوەی باكووری گۆی زەوییە، بە زۆری لە ئۆراسیا و ئەمریكای باكوور بڵاوبۆتەوە. ئەم گیانەوەرە نەوەی سەگی كێوییە. بەم پێیە سەگ و گورگ دەچنەوە سەر یەك خێزان و سەگ «18-32» هەزار ساڵ پێش ئێستا ماڵی بووە.

گورگ (90 بۆ 130) كیلۆگرامە
گورگ زیاتر رەنگی خۆڵەمێشییە و پەڵە پەڵەی رەنگی تری تیایە، بەڵام گورگی سپی و سوور و قاوەیی و رەشیش هەیە. قەبارە و كێشی گورگ لە شوێنە جیاوازەكاندا  زۆر جیاوازە. ئەمما بەشێوەیەكی گشتی گورگی ناوچەكانی باكووری زەوی قەبارەیان گەورەترە و گورگی ناوچە ساردەكان كێشیان لە نێوان (90-130) كیلۆگرامدایە. بە بەراورد بە گروپە نزیكەكانیان وەكو چەقەڵ، گورگ زیاتر راوی گیاندارە گەورەكان دەكات و زیاتر بە كۆمەڵ دەژین و رەفتار و شێوازی هەڵسوكەوتیان ئاڵۆز و نامۆیە. یەكەی سەرەكی خێزانی گورگ لە نێر و مێ و بەچكەكانیان پێكدێت و ئاسایی بە گەلە دەژین، بە چەند خێزانێك گەلەگورگێك پێكدەهێنن. گورگ بەشێوەیەكی سەرەكی یەكێكە لە راوچییە دڕندە هەرە بەناوبانگەكان و تەنیا مرۆڤ و هەندێك پڵنگ دەتوانن راویان بكەن.

گورگی هار دوژمنی مرۆڤە
خواردنی سەرەكی گورگ بریتییە لە راوی ئاژەڵە سمدارە گەورەكانی وەكو مەڕ و بزنی كێوی و ئاسك و كەڵەكێوی. هەندێك جار راوی ئاژەڵی بچووكتری ماڵی دەكەن و كەلاكیش دەخۆن. ئەگەرچی مرۆڤ زۆر لە گورگ دەترسێت و خۆی لێ بەدوور دەگرێت، بەڵام زیاتر پەلاماری گورگ بۆ سەر مرۆڤ لە رێگەی ئەو گورگانەوەیە كە تووشی نەخۆشی هاری بوون و هێرشی گورگی ئاسایی و ساغ بۆ سەر مرۆڤ  بە حاڵەتی نائاسایی لە قەڵەم دەدرێت. نزیكەی (30) هەزار ساڵ پێش ئێستا بە مەبەستی چنگ كەوتنی خۆراك گورگ لە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ نزیك كەوتۆتەوە و لە رۆژگاری قات و قڕیدا بەناچاری پەنای بۆ كەلاك خواردن بردووە و لە شوێنی كوشتاری ئاژەڵان نزیك كەوتوونەتەوە. گورگ لە جۆری خۆشی دەخۆن و لە زستانە سەختەكاندا گورگە بریندارەكان لەت و پەت دەكەن و دەیخۆن، بەڵام ئەم حاڵەتانە تەنیا لەكاتی قات و قڕیدایە.

گەلەگورگ
پەیوەندی گورگ لەگەڵ یەكتری زۆر بەهێزە و هەمیشە پێكەوە دەژین، بۆیە زیاتر بە گەلەگورگ ناودەبرێن و پێكەوە راو دەكەن و ماوەی زۆر پێكەوە دەبڕن و هەتا سەر ئێسقان داكۆكی لە یەكتری دەكەن و ئەگەر هەلومەرج بخوازێت پێكیشەوە دەمرن و لە بەرامبەر تاكەكانی گەلەكەیاندا هەست بە بەرپرسیاری دەكەن. 
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بەهۆی راوی مرۆڤەوە نێچیری گورگ كەمبۆتەوە و ئەمەش بۆتە هۆی كەمبوونەوەی گورگ و زۆربەی گەلەگورگەكان لە شوێنی ئاسایی ژیانی خۆیان نەماون و لە باكووری ئەفریقا و ئەوروپای خۆرئاوا بەتەواوی دوایان بڕاوە. بۆ نموونە لە ساڵی 2010دا تەنیا 100 گورگ لە سوید تۆمار كراوە. گورگ دەبێتە هۆی گوێزانەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان بۆ مرۆڤ بە تایبەتی نەخۆشی هاری و كۆرۆنا، نەخۆشی گورك ماوەی (8-21) رۆژە و لەوكاتانەدا بە تەواوی خۆی لە گەلەكەی دادەبڕێ و نزیکەی 80 كیلۆمەتر دوور دەكەوێتەوە و گورگ بە نەخۆشی سڵ لە مرۆڤ ناكاتەوە.

گەنم محەمەد

سەرچاوە: wikipedia.org

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان