جێگر خدر
پ.ی.د پەیمان رەمەزان، سەرۆکی زانکۆی راپەڕین لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ رایگەیاند: لە درێژەی سەركەوتن و بەرەوپێشچوونەكانی ڕیزبەندی زانكۆی راپەڕین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا زانکۆی راپەڕین بەپلەی “Reporter” لە ڕیزبەندی زانکۆکانی جیهانی تایمزی بەریتانی (Times Higher Education World University Rankings 2025) تۆماركراو خراوەتە ڕیزبەندییەکەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٥.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ساڵی رابردوو زانکۆی ڕاپەرین وەک ریپۆرتەر لە دامەزراوەی تایمز (Times Higher Education) بەشداریکردووە و بەپلەی “Reporter” لە ڕیزبەندی زانکۆکانی وڵاتانی عەرەبی (Times Higher Education Arab University Rankings 2024) خراوەیە ڕیزبەندیەکەوە، ئەمساڵیش لەریزبەندی ٢٠٢٥ لەریزبەندی جیهانی تایمزی بەریتانی بەهەمان پلە قبوڵكراوە بۆ ڕیزبەندی زانکۆکانی جیهان، لە وەشانی ٢٠٢٥ و لە ڕیزبەندی جیهانی دامەزراوەی ناوبراو بەڕەسمی دەرکەوتووە.
چوونە ناو ڕیزبەندییە جیهانییەکان بایەخێکی گرینگی بۆ زانکۆی راپەڕین هەیە، دەرکەوتن و پێگەی زانکۆکەش لە ئاستی نێودەوڵەتی زۆر زیاتر بەدەردەخات و تۆکمەتری دەکات.
سەرۆکی زانکۆی راپەڕین باسی لەوەشکرد، ئاستی توێژینەوە و کوالیتی فێرکردن و کاریگەری زانکۆ لەسەر کۆمەڵگە باشتر دەردەکەوێت. بەو ھیوایەی لە ڕیزبەندی زانکۆکانی جیهان کە دامەزراوەی تایمز لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئەنجامی دەدات پێگەیەکی بەرز لە ڕیزبەندیەکەدا بەدەستبهێنێت لە نێو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و وڵاتانی جیهان.
ساڵی ڕابردوو دەزگای (Times Higher Education) لە ( ١٢ /٦ /٢٠٢٤) ڕیزبەندی (Impact Ranking) راگەیاند كە جۆرێكی دیكەی رانكی تایمزی بەریتانییە و بۆ یەکەمجار زانکۆی راپەڕین توانی ئاستی یەكەم و بەرزترین ئاستی زانكۆكانی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تۆماربكات و لەسەر ئاستی عیراقیش لەریزبەندی شەشەم بەرزترین زانكۆدا بوو.