سووتانی درەخت لە تەمەنی مرۆڤ کەمدەکاتەوە

11:52 - 2022-07-24
ژینگە
615 جار خوێندراوەتەوە

ئا: بورهان ئەمین

تینی گەرمای دوو ساڵی رابردوو و ئەمساڵ بووەتە هۆی سووتانی روبەرێکی زۆری دارستانەکان و جگە لە زیانە مادییەکان و لەناوچوونی دەرەخت و سەوزاییەکی زۆر، مردنی سەدان کەس و کارمەندانی ئاگر کوژێنەوەشی لێکەوتۆتەوە، زانیارییەکانی تایبەت بە روماڵی ئاماری دارستانەکان لە هەموو جیهان ئاشکرایکرد، لەم دوو ساڵەی دوایدا 2020 و 2021 و نیوەی ئەمساڵیش رووبەری 500  ملیۆن هێکتار سەوزایی و دارستان سووتاون کە دەکاتە 15-10٪ ی رووبەری کۆی دارستانەکانی هەموو جیهان، هاوینی پار دارستانەکانی کەنەدا گڕیان گرت و 136 شوێن سووتان و زیانێکی زۆر بەو ناوچەیە گەیشت، دواتر لە وڵاتی قوبرس ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی بەربوو و جگە لە سووتانی دار و درەختێکی زۆر چوار کەسیش سووتان و مردن، ئەمجارە لە ویلایەتی ئۆریگۆنی ئەمریکا دارستانی فریمۆنت-وینیما گڕی گرت و 102 هەزار هێکتار لەو دارستانە سووتا، هەر لە ئەمریکا و لە هەرێمەکانی ئەلاسکا و کالیفۆرنیا  و ئەیداهۆ و مینوسوتا و چەند ویلایەتێکی تر 200 هێکتار لە سەوزایی سووتان، ئەمساڵ تەنها لە مانگی رابردودا نزیکەی 90 ملیۆن هێکتار لە دارستان و سەوزایی سووتاون.
سێبریاش سووتا
ئەوەی جێی سورسوڕمانە هەرێمی سێبیریای روسیا کە ساردترین ناوچەی هەموو جیهانە دارستانەکانی ئاگریان تێبەربوو، لە کۆی 1600 ناوچە و باخچە و دارستان نزیکەی 550 ئاگر کەوتنەوە و 1,5 هێلکتار لە رووبەری ئەو دارستانانە سووتان، بەهۆی ئاگرەکەی  هەرێمی کاریلیاکە 7000 هێکتاری سەوزایی سووتاو نیو ملیۆن کەسیش بەهۆیەوە ئاوارە و سەرگەردان بوون تا ئاگرەکە کوژێندرایەوە و کۆنترۆڵکرا حکومەتی روسیا باری نائاسایی راگەیاند، گەرمبوونی هەرێمەکە بە چەند پلەیەک، چینی سەهۆڵبەندانی ناوچەکەی تەنک و لاواز کردووە، زاناکان ئەو گۆڕانکارییە بۆ دەرهاویشتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە، هەروەها لە ناوەڕاستی هەمان مانگدا ئاگر دارستانەکانی تورکیاشی گرتەوە و لەمێرسین و ئەنتالیا و ئەنالیا  و نزیکەی 200 شوێنی تر ئاگر کەوتەوە و زیاتر لە هەزار هێکتاری لێ سووتا، ئاگرەکەی شاری یایلداغی باشووری تورکیا پەڕیەوە بۆ ناو خاکی سوریا و لەوێش لە دەوروبەری شاری لازقیە ئاگرێکی گەورە بەرپا بوو، دواتر چووە ناوچەی عەکاری وڵاتی لوبنان و مەغریب و جەزائیر و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی و جگە لەسووتانی دار سنەوبەرێکی زۆر زیانی گیانیشی لێ کەوتەوە.

ئەوروپا
ئەم هاوینە بەشێک لە دارستان و ناوچە کشتوکاڵییەکانی یۆنان و ئیتاڵیا و فەرەنسا و پورتوگال و ئیسپانیاو ئیتاڵیا دار زەیتونەکانیان بەر ئەو ئاگرانە کەوتن و تەنها لە کەتەلۆنیای  ئیسپانیا پار 1500 و ئەمساڵ زیاتر لە 4000 هێکتار لە دارستان سووتاون، بەو هۆیەشەوە 281 کەس مردوون، لە باخچەکانی ناوەڕاستی وڵاتی بولگاریاش دەیان هێکتار سووتان، فنلەندای باکووری ئەوروپا کە وڵاتێکی ساردە 50 ساڵ دەبێت گەرمای وای بەخۆوە نەبینیوە و لەماوەی پێنج رۆژدا 300 هێکتار لە سەوزایی لێ سووتا، هەر لەمڕۆژانە لە 13 شوێنی پورتوگال ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە هەزاران درەخت و رووبەرێکی گەورەی پانتایی سەوز بووە سوتماک.
مرۆڤ بەرپرسیارە
پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا و گەرم بوونی بۆ زۆر هۆکاری تایبەتی و گشتی دەگەڕێتەوە کە هەموویان دەستکردی مرۆڤن، دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و بڵاوبوونەوەی بەناو گۆی زەوی و بڕینەوەی دارودرەخت و ژاوەژاوی مەکینە و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و فڕێدانی پیسی و پاشەڕۆ بۆ ناو سروشت و راوکردنی گیانلەبەران و تەختکردنی پانتاییە سەوزەکان بۆ مەبەستی بازرگانی و دەیان هۆکاریتر هەموویان لە دەستکردی مرۆڤن و هەر خۆشی زەرەرمەندی یەکەمی ئەو گۆڕانەیە و بە سووتانی ئەو دارستانانە لە ژیانی مرۆڤ و خۆشبەختی کۆمەڵگاکان کەمدەبێتەوە.

سەرچاوە: Globalforestwatch

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان