گێڕانەوە لە کۆچیرۆکی زیندەبەچاڵ-ی ئارێز عەبدوڵڵادا

09:31 - 2022-03-23
کەلتور
1342 جار خوێندراوەتەوە


عەلی مستەفا

1-2
زیندەبەچاڵ، تەنها لە سێ چیرۆک پێکهاتووە، ئەم چیرۆکانە پێشتر لە گۆڤاری (ئایندە، ژمارە 28، 41) و رۆژنامەی (کوردستانی نوێ ژمارە6651، 2016) بڵاو بوونەتەوە، لە ساڵی 2021 نووسەر لە دووتوێی کتێبێکی قەبارە بچووکدا چاپی کردوون، ئێمە لە لێکۆڵینەوەکەماندا کتێبەکەمان بەسەرچاوە وەرگرتووە، چونکە دوا چاپ و مێژووی بڵاوکراوەی چیرۆکەکانە. ئەم سێ چیرۆکە، کە دەکرێ لە زۆر لایەنی تری هونەری و مێتۆدی جیاوازەوە کاری رەخنەیی لەسەر ئەنجام بدرێت، گرنگی هەردوو چیرۆکی (سووتان و زیندەبەچاڵ) لەوەدایە، بە شێوەیەکی زۆر سرووشتی باس لە دوو دیمەنی ئەنفال و راگواستنی کۆمەڵگەی کوردی دەکات، لە کاتێکدا ئەمە نیشاندانی ئەو ئاکار و رەفتارە خراپەکارییەیە، کە دەسەڵاتی بەعسی عەرەبی عیراقی بەسەر کوردی هێنا لە تەواوی ناوچە جیاوازەکاندا. چیرۆکی سێیەم بەناوی (درەنگترین سەرەتا) کاریگەرییەکی سۆزدارییە، کە لەگەڵ رەوتی تەمەنی نووسەر بەژنی کردووە و دواتر بۆتە سوێ و لە دڵ و دەروونیدا بۆ ئەبەد بە ئارامی مۆسیقای خۆشەویستی دەژەنێت.
گێڕانەوە:
گێڕانەوە کایەیکی گرنگی هونەری نێو چیرۆک و رۆمانە، وەک پرسێکی گرنگ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بێ بوونی گێڕانەوە بەهای رووداو و واقیعی پرسەکان هیچ سەنگ و دەورێکیان نابێت، چونکە «پرۆسەی گێڕانەوە هاوئاهەنگ لەگەڵ لایەنە تەکنیکییەکانی وەک کارەکتەر و دایەلۆگ و مەنەلۆگ… خۆی ون دەکات، بەمەش بۆ هەر رووداوێک و زانیارییەک لە ناو دەقەکەدا پاڵنەرێکی تەکنیکی رۆل دەبینێت»[عەبدوڵڵا2000: 126] گێڕانەوە پەیوەندی تەواوی هەیە بە دۆخ و بنەماکانی رۆمان، کەواتە گێڕانەوە رەگەزێکی گرنگ و لەپێشی نێو رەگەزەکانی رۆمانە، لە گێڕانەوەدا پرسەکان ئاڵۆز دەبن، چونکە تەواوی لایەنە هونەرییەکان بەیەکدا دەچن و کاریگەری گێڕانەوە، وەک کەلتورێکی زاڵ لە نێو رۆماندا سێبەری بەسەر پرسەکانەوە دەبێت، بەمەش تەواو دەگەینە ئەو رایە، کە پێمان وایە گێڕانەوە پرسێکی ئاڵۆزە، دەبێت کەسی بگێڕەوە بە وریاییەوە رووداو، یان واقیعەکان بگێڕیتەوە، نەبادا تووشی هەڵەی تەکنیکی و واقیعەکانی نێو رۆمان بین، یاخود چێژی خوێندنەوە بەهۆی نەبوونی ستراتیژیەتی و بە پرس نەگرتنی ئەرکی گێڕانەوە لەدەست بدەین، بەمەش کاریگەری ئەدەبی و مێژوویی لەسەر دەقەکە کەم دەبێتەوە.

چیرۆکنووس دەزانێت
بۆ ئەوەی دەق تەمەنێکی مێژوویی و کاریگەرییەکی کەلتوری دروست بکات، پێویستە نووسەر بەم ئەرکەی هەڵسێت و هۆشیارانە ئەرکی بگێڕەوە و کارەکتەرەکانی نێو دەقەکان دیاری بکات، چونکە چیرۆک نووس دەزانێت چۆن پلانی دابەشکردن و بە ئەرک گرتنی هونەرەکان رێکبخات، رەچاوی بارودۆخی دەروونی کەسایەتییەکان دەکات و ژینگەی لەبار و گونجاو دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئەرکی بگێڕەوە لەسەر ئاستە جیاوازەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو دەربکەوێت، گێڕانەوە لە چیرۆکدا «کەمکردنەوەی، یان کپکردنی دەنگی چیرۆکنووسە. هاوکات بوار بۆ دەنگی ئەوانیتر لە دەقدا دەڕەخسێنێت»[مەنتک2018: 70] ئەو پەیوەندییەی دەکەوێتە نێوان چیرۆکنووس و بگێڕەوە، پەیوەندییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی بەهێزە، هەموو ئەو رووداو و کاریگەرییانەن کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبنە فشار بەسەر هەست و دڵی نووسەرەوە، ئەویش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کەسێک رادەسپێرێت بۆ ئەوەی تەواوی واقیع و رووداوەکان لە رێگەی دەقەکەوە بگێڕێتەوە، واتە چیرۆکنووس خۆی کەسی بگێڕەوەیە لە رێگەی دیاری کردنی بگێڕەوەیەکی تر، لەم جۆرە تەکنیکەدا چیرۆکنووس خۆی وا دەرخستووە کە هیچ پەیوەندییەکی بە رووداوەکانەوە نییە، ئەوە کەسی بگێڕەوەیە پەیامەکان دەگەینێت.
گێڕانەوە لە رێگەی چەند دۆخێکیەوە دەگێڕدرێتەوە، وەک گێڕانەوەی: (هەمووشتزان، کەمشتزان، هەمانشتزان). ئەمانەش دابەش دەبنە سەر سێ جۆری بگێڕەوە، یاخود سێ جۆری گێڕانەوە: (گێڕانەوەی خودی، گێڕانەوەی بابەتی، گێڕانەوەی ئاوێتە)، هەموو ئەمانە بە پێی ئەو خوێندنەوە و پێناسانەی بۆیان کراوە بنەما و تایبەتمەندی خۆیان هەیە، ئێمە لە چوارچێوەی کارەکەماندا کە گێڕانەوەیە و لە سۆنگەی ئەو گۆشانەی باسمان کردن، لەوێ هەوڵی روونکردنەوەی تیۆری و پراکتیزەکردنی کارەکەمان دەکەینە یەک هەنگاو، بۆ ئەوەی باسەکە پوختر و شیکتر بدرەوشێتەوە.
گێڕانەوە وەک پرۆسە لەگەڵ رەوتی تەمەنی مرۆڤ هاتووە و بەردەوامیش دەبێت، چونکە ژیان بەبێ گێڕانەوەی رووداوەکانی هەنوایەکی بێ شکۆیە، لە شکۆی هەر شتێکدا مێژووییەکی گرنگ هەیە، کە دواجار مرۆڤ خۆی خاوەنییەتی «گێڕانەوە لەگەڵ مێژووی مرۆڤ دەست پێ دەکات و لە هیچ شوێنێک گەل بەبێ گێڕانەوە بەدی ناکرێت»[راجێر2006: 92] گەل بنیاتی هەموو رووداو و گوزەشتەکانی سرووشت و سەردەمەکانە، بە هۆی پرۆسەی گێڕانەوەش بەردەوامی ئەدات بە مانەوەی ئەو مێژوو و کەلتورەی ئافەریدە بووە. کتێبی چیرۆکەکانی (زیندەبەچاڵ) لە کۆی هەرسێ چیرۆکدا بەسەر دوو جۆر گێڕانەوەدا دابەش دەبن، کە گێڕانەوەی خودی و بابەتین، بۆیە هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی تیۆری و پراکتیکی هەردوو جۆرەکە لە نێو چێڕۆکەکاندا بدۆزینەوە، بە پێی مێتۆدی هەڵوەشانەوەگەرەیش، کە جاک دریدا ڕێبەرایەتی دەکات شیکردنەوەیەکی خێرای دەقە بژێردراوەکانی نێو چیرۆک بکەین.

گێڕانەوەی خودی:
گێڕانەوە پەیوەندییەکی بەتینی هەیە بە ناوەوەی رۆمان و چیرۆک، چونکە پەیوەندییەکە لەسەر هەژماری گێڕانەوە و بگێڕەوە بە تین دەبێت، بۆیە لەم پەیوەندییەدا «هەرچەند رۆمان هەوڵ بدات لە توخمی گێڕانەوە و دەوری گێڕەڕەوە دوور بکەوێتەوە، ناتوانێت بە تەواوی دەست لەوانە هەڵبگرێت، چونکە لە بناغەدا رۆمان و چیرۆک لەسەر بنەمای ئەو دوو توخمە دامەزراون و هەتا ئەو دوو ژانرە ئەدەبییە بەردەوام بن ئەو دوو توخمەشیان تێدا دەمێنێت» [ئەڵوەنی2004: 72] کەواتە گێڕانەوە و بگێڕەوە لە هەردوو ژانری رۆمان و چیرۆکدا توخمی سەرەکیین، بە نەبوونیان پرۆسەی شارستانییەتی رۆمان و ئەرکی گەیاندنی پەیام لە چیرۆکدا پەکی دەکەوێت، بۆیە پێم وایە دەبێت بە رەهایی زاتی ئەوە بکەین بڵێین: رۆمان و چیرۆک بەبێ هەردوو توخمی گێڕانەوە و بگێڕەوە ناتەواون. گێڕانەوەی خودی، کە چیرۆک نووس خۆی لە چوارچێوەی پلانەکەیدا کاری لەسەر دەکات و ئەرکی ئەم جۆرە گێڕانەوەیە بە کەسێک دەدات، پێی دەڵێن: بگێڕەوەی کەمشتزان، یاخود گێڕانەوەکە دەکەوێتە سەر ئەرکی جێناوی لکاوی(من) بۆ کەسی یەکەمی تاک، ئەگەرچی ئەم هاوکێشەیە جێگای سەرنجە و گومان لەخۆیدا پۆشتە دەکات، بەڵام ئەمە پرسێکە زۆر هەڵدەگرێت و لێرە جێی ناکەینەوە.
گێڕانەوەی خودی لەڕێگەی کەسێکەوە دەگێڕدرێتەوە کە باسی خۆی بکات، یان پەیوەندی هەبێت بە بابەتەکانەوە و تێکەڵەیەکی بەرچاوی نێو رووداوەکان بێت، بگێڕەوەی ناوەکی « ئەم بگێڕەوەیە بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەیبینێ و دەبیستێ پرۆسەی گێڕانەوە بە زمانی (من)ی قسەکەر ئەنجام دەدات، واتە گێڕانەوە لەلایەن کەسێکەوە ئەنجام دەدرێت» [الساعدی1989: 35] لە رێگەی ئەم جۆرە گێڕانەوەیە، تێکەڵی بارێکی ناسەقامگیر دەبین، چونکە باری کۆمەڵایەتی و دۆخی ویژدان دەبنە بابەتێکی گرنگ و تەواوی ژان و ئازارەکانی نێو دەقەکە لە رێگەی بگێڕەوەی کەمشتزانەوە هەست پێ دەکەین. ئەرکی ئەم جۆرە بگێڕەوەیە یەکلایی بۆتەوە لەگەڵ بگێڕەوەکانی تر، چونکە تایبەتمەندییەکانی بگێڕەوەی کەمشتزان لە گێڕانەوەی خودیدا «رۆلی رەنگدانەوە، یان گواستنەوەی رووداوەکان ناگێڕێت، بەڵکو رۆلی هێنانە کایەیان دەگێڕێت، بە واتایەکی تر، کەسی بگێڕەوە لە پشت رووداوەکانەوە ناوەستێت، بەڵکو لەگەڵ رووداوەکان دەوەستێت» [ابو ناصر 1979: 118] بەم جۆرە بێت هاوسێیەتی بگێڕەوەی کەمشتزان هەر ئەوەندەیە کە زانیارییەکان لە تەک کەسەیاتیەکانی هاوسێی خۆی کە پەیوەستە بە خودی خۆیەوە دەگێڕێتەوە، هەر بۆیەشە زۆر لە رەخنەگران ناویان ناوە (بینینی هاوسێتی).
(درەنگترین سەرەتا)، چیرۆکێکی سۆزدارییە، چیرۆکنووس خۆی تەواوی رووداو و مەشهەدەکانی ئەو چیرۆکەمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەم چیرۆکە لەسەر زاری کەسێکە لە شێوەی جێناوی نادیاری (من) بۆ کەسی یەکەمی تاک، دەگێڕدرێتەوە، کە پێی دەگوترێت (بینینی هاوسێیی، کەمشتزان، یان خودی).
(هەنوکە ئەمن بە جۆرێک ئەو داستانەتان بۆ دەگێڕمەوە گەر کەسێک لەو بوارەدا شارەزا نەبێ، رەنگە بە سادەیی لە وشە ریزکراوەکانم بگات، بەڵام هەندێ جار، وشەی سادەش لە قوڵترین ناخەوە هەڵدەقوڵێن و خۆشم دەزانم کە وشە سادەکانم لە چ دڵێکی پێکراوەوە دێنە دەرێ و بە چ سۆزێکەوە هەڵدەچن و…..) ل58
چیرۆکنووس خۆی دێت باسی ئەو هەستە دەکات کە لە نێوان خۆی و رەگەزی بەرامبەردا دروست بووە، دەشێ ئەم چیرۆکە رووداوێک بێت، نووسەر دیتبێتی و بەڵام لە شێوەی (من)ی خاوەن، رووداوەکە بگێڕێتەوە، ئەمەش هونەرێکە کاریگەری دەخاتە سەر هەندێک دەق و توانای سەرنجڕاکێشی بۆ دەقەکە پتر دەکات. «جێناوی (من) خوێنەر پابەندی پرۆسەی گێڕانەوە دەکات، تا ئەو رادەیەی وا هەست بکات نووسەر یەکێکە لە کارەکتەرەکان کە دەقەکە پشتی پێ دەبەستێت، وەکو بڵێین گێڕانەوە بەم جۆرە جێناوە رۆلی نووسەر ناهێڵێت بە پێوانە کردنی لە بەرانبەر وەرگر، کە هەست بە بوونی ناکات»[مرتاض1998: 184] لەم چیرۆکەدا، کە داستان و بەسەرهاتێکی لەمێژینەی پڕ لە برینە، هەست دەکەیت کە (من)ی بگێڕەوە، کەسێتییەکی باڵایە لە گێڕانەوەدا، دەوری چیرۆکنووس تەنها سێبەرێکە بەسەر بابەتەکە و ئەرک پێدانە بە بگێڕەوە و کارەکتەری بەرامبەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان