گێڕانەوە لە کۆچیرۆکی زیندەبەچاڵ-ی ئارێز عەبدوڵڵادا

09:40 - 2022-03-24
کەلتور
487 جار خوێندراوەتەوە

عەلی مستەفا

2-2 و کۆتایی

بەڵام لە شوێنێکی تر هەست دەکەین چیرۆکنووس خۆی بگێڕەوەیە، چونکە لە نێوان تاودان و خاوبوونەوەی گەیاندنی مەبەست دایە لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر.
بەم شیوەیە بیرم دەکردەوە و لە ناخەوەش زۆر پەشۆکا بووم، بەڵام هەوڵمدەدا دەرەوەی خۆم ئاسایی نیشان بدەم و رێگە نەدەم تێبگات، ململانێیەکی دەروونی ئان و ساتی یەکلاییکردنەوەی کێشەیەکی ئاڵۆزی هەست و هۆشدام… لەگەڵ ئەوەشدا لەپڕ پرسییەوە:
– ئەرێ ئەوە چیتە؟
جا توخوا ئەوە کەی پرسیارە! ئەگەر بەڕاست وەڵامی دەدەمەوە، مەسەلەکە یەکلایی دەبێتەوە و هەموو شتێک دەبڕێتەوە.. ئەگەر بە شێوەیەکی دیش وەڵامی دەدەمەوە ناکرێ لە یەکەم دانیشتنی تایبەتدا راست درۆیەکی وای لەگەڵدا بکەم، کە گەرمەی کات و شوێنی راستگۆیی بشێوێنێ. ئەو پرسیارە هێندەی تر تاساندمی و دڵەڕاوکێی وێخستم، چونکە لە لایەک لەم بارەیەوە بێ ئەزموون بووم، لە لایەکی دیکەشەوە دەترسام بە هەڵە لێی تێگەیشتبم، بە نێگەتیڤ وەڵامم بداتەوە و ئەو کات کۆشکی بە خەیاڵ دروستکراوی خۆشەویستییەکەم بەسەردا بڕوخێ! کەمێک بیرم کردەوە ئینجا پێم گوت:
– گەرمایە
+ بەڵام کات ناوەڕاستی بەهارە و دنیاش زۆر فێنکە!..
– مەبەستم گەرمای ناخە.
بەو وەڵامە ئەویش ڕەنگی گۆڕا…..) ل62
لەم نموونەیەی سەرەوە هەست دەکەی چیرۆکنووس خۆیەتی، چونکە سەری قسەی ئەم بابەتەی جلەو کردییە و تەواو بە دوای دەستەمۆکردنی مەبەستدا دەگەڕێت، لەلایەکی تر باری دەروونی لە نێوان فێنکایی بەهار و خۆشەویستیدا وەک باڵۆنێک هەڵدەبەزێت و تا دواجار لەسەر مێزی پڕ لە دڵ و جگەر دەبێتە کۆشکێکی یەکلاکەرەوەی لە ئومێد جێماو. ئەم جۆرەشیان کە کاریگەری چیرۆکنووس بە تەواوی دەرکەوتووە، دەبێتە گێڕانەوەیەکی خودی، چونکە کەسێکە باسی خۆی دەکات و هاوسێی بابەتەکەی خۆیەتی، لە گێرانەوەی خودیدا زۆر بە کەمی باسی کەسایەتییەکان دەکرێت و باسکردنی زانیاری لەسەر رووداو و کەسایەتییەکانی تێدا دەرناکەوێت.

گێڕانەوەی بابەتی:
ئەم جۆرە گێڕانەوەیە، جیاوازە لە گێڕانەوەی خودی، بەوەی ئەوەندەی پەردەلادانە لەسەر زانیاری و باسکردنی کەسایەتییەکان، بە کەمترین کات باسی خۆی دەکات، کات هەیە بە هیچ جۆرێک باسی خۆی ناکات، چیرۆکنووس ئاگایانە دێت ئەرکی گێڕانەوە لە نێو دەقەکە بەسەر کەسایەتی (ئەو)ی هەموو شتزاندا جێبەجێ دەکات، (ئەو) جێناوی نادیارە بۆ کەسی سێیەمی تاک، هەموو رەخنەگرانی بواری گێڕانەوە لەسەر ئەوە کۆکن کە بگێڕەوەیەکی هەمووشتزانە، یان بابەتییە، چونکە لەدەرەوەی، یان لە پشتەوەی بابەتاکان دەوەستێت و زانیارییەکان لە بارەی کەسێتی و رووداوەکان بە پوختی دەگێڕێتەوە. بینین لە پشتەوە «بەوە جیادەکرێتەوە کە زانیاری گێڕەڕەوە تیایدا لەبارەی کەسایەتی زۆرترە لەو زانیارییانەی کە کەسایەتی لەبارەی خۆیەوە دەیزانێت، چیرۆکگێڕەوە بە پێی ئەو روانینە هەموو شتێک لە بارەی کەسایەتییەوە دەزانێت» [مسلم العانی‌1994: 173] کەواتە ئەو جۆرە کەسایەتییە لە رۆمان و چیرۆکدا ناتوانێت لە بارەی خۆیەوە بگێڕێتەوە، ئەوە سرووشتی گێڕانەوەیە لە دەقی ئەدبییدا. هەردوو چیرۆکی (سوتان، زیندبەچاڵ) لە رووی پێکهاتەی گێڕانەوەییدا، لە رێگەی جێناوی نادیاری (ئەو) رووداوەکان و زانیارییەکان دەگێڕێتەوە، ئەمەش پێی دەگوترێت گێڕانەوەی بابەتی، لەم گێڕانەوەیدا کەسی بگێڕەوە لە پشتەوەی رووداوەکان وەک سێبەر وەستاوە و لە بارەی هەموو شتەکانیشەوە زانیاری هەیە، تەنها لە بارەی خۆی ناتوانێت بگێڕێتەوە، چونکە هاوسێی رووداوەکان و زانیارییەکان نییە.
(سامان ئەوەی گوت و بە خشکەیی بە ناو باخەکاندا بەرەو سەر لێواری زێیەکە خشی. تا سامان لە پێش چاوان بزر بوو جاش و سەربازیش گەیشتنە ناو گوند، هاوارم وەبەر تۆ خودایە، بووە چ حەشرێک؟ مام سەید و دوو پیرەمێردی دی لە ناو گریان و زیڕ و هۆڕی ژنان و منداڵان بە قورئان و پەڕۆیەکی سەوزەوە بەرەوپیری داگیرکەران چوون). ل16
ئەم چیرۆکە رەنگدانەوەی ئەنفال و سووتاندنی ماڵ و دێهاتەکانی کوردستانە، لە دەستپێکی گێڕانەوەکەدا کەسێک بە نادیاری دێت زانیارییەکانمان پێ دەگەینێت و رووداوەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە، جێناوی نادیاری (ئەو) وەک بگێڕەوەیەکی کاریگەر و هەمووشتزان دەگێڕێتەوە، بەبێ ئەوەی باسی خۆی بکات و هیچ شتێک لەبارەی خۆیەوە بدرکێنێت.
بگێڕەوە ئەوەندە بە جۆشەوە رووداوەکان دەگێڕێتەوە، کاریگەری دەخاتە سەر دەروونی خوێنەر، بەمەش تا ئاستێکی باڵا مرۆڤی توڕە بەرهەم دەهێنێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی پەرپەرچ دانەوە و داینەمۆی بزاوتێکی سیاسی و شۆڕشگێڕی، هەرواش بوو ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان بۆ هاندان و گیانی بەرەنگاری وەک فاکتێک بەکاریان هێنا و کورەی تۆڵە و شۆڕشیان پێ خۆشتر کرد.
(ئەوان شەکەت، ماندوو، برسی و تێنو بوون. ئەوان لە رەگەوە لە نیشتمان هەڵکەندرابوون و بەو گەرمایەش لە ناو تۆز و خۆڵی وێران بوونی نیشتمانێک بە قۆڵبەستراوی بەرەو بیابانێکی لماوی بێ هاوار دەبران، ئەوان داستانی رەگەکانیان نەدەزانی، بەڵام دڵنیا بوون لە کاروانی هات و نەهاتن…). ل30
تەواوی ئەم چیرۆکە گوزارشتە لە ئەنفال و راگواستنی هاووڵاتی کورد لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستاندا، گێڕانەوەی بەش مەینەتی هاووڵاتی کوردی بووە لە سەردەمی دەسەڵاتی حکومەتی حیزبی بەعسی عیراقی، کە ئەنفال دەکران و بە زیندی چاوان دەخرانە ژێر خۆڵ و لمی بیابانەکانی عەرەبییەوە.
(ئەو)ی جێناوی نادیار، ئەرکی گێڕانەوەکەی بینیوە، کەواتە گێڕانەوەکە بابەتییە و لە دووری بابەتەکانەوە رووداوەکان دەگێڕێتەوە، ئەوی هەمووشتزان هیچ باسی خۆی ناکات، میشال بۆتۆر دەڵێت: «جێناوی نادیاری (ئەو) لە دەرەوەمان جێدێڵێت، کەچی جێناوی نادیاری (من) دەمانباتەوە ناوەوەی رووداوەکان»[میشال بوتور1971: 105] لە تەواوی چیرۆکەکەدا پەنجە رادەداشێت بۆ هەموو ئەو رووداو مەشهەدانەی هاتوونەتە پێشەوە، واتە بگێڕەوەی هەمووشتزان کەوتۆتە دەرەوەی رووداوەکان، بۆیە ناتوانێت ئەو شتانە بگێڕێتەوە کە لەبارەی خۆیەوە دەیزانێت.
چیرۆکنووس گێڕانەوەی هەردوو چیرۆکەکەی لە ڕێگەی جێناوی نادیاری (ئەو) جێگیر کردووە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین دەسەڵاتی چیرۆکنووس بەسەر باسەکانەوە لە باری دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە بە دیار دەکەوێت، بەڵام بۆ ئەوەی کاریگەری چیرۆکەکان بکەوێتە سەر هەست و تێمای خوێنەرەکان، هونەری گێڕانەوەی بابەتی (ئەو)ی هەمووشتزانی بەکار هێناوە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە پراکتیزە کردنێکی خێرای تیۆری و هەڵوەشاندنەوەی چیرۆکەکان بوو، چیرۆکنووس وەک کەسایەتییەکی ئاگادار لە پشت دوو چیرۆکی (سووتان و زیندەبەچاڵ)دا دەردەکەوێت، بۆ گەیاندنی زانیارییەکان و رووداوەکان، تەکنیکی (ئەو)ی هەمووشتزانی بەکار هێناوە، لەم دوو چیرۆکەدا کەسایەتی و کارەکتەری لاوەکی و سەرکی و تەنانەت واتاییش دەردەکەون، بەڵام بەهۆی دوورنەکەوتنەوەمان لە بابەتەکە ئاماژەیان پێ نەدراوە.
لە چیرۆکی (درەنگترین سەرەتا) چیرۆکنووس بە شێوەیەکی ئاشکرا دەردەکەوێت، کە تەکنیکی (من)ی کەمشتزانی بەکار هێناوە، چونکە باسێکی سۆزدارییە و باسی خۆی دەکات، هەر بەم شێوەیەش کاریگەری گێڕانەوەی خودی لە نێو دەقەکاندا دەردەکەوێت.

سەرچاوەکان:
1.
عەبدوڵڵا. ئەمین. محەمەد2000، شاکەس لە رۆمانی کوردی- کوردستانی عیراقدا (1990 – 1997 )، نامەی ماستەر، کۆلیژی ئاداب- زانکۆی سەلاحەددین، هەولێر.
2. مەنتک. حەمە 2018، هونەرەکانی چیرۆکنووسین، چاپی یەکەم، چاپخانەی تاران.
3. وێستێر. ڕاجێر 2006، توێژینەوەی تیۆری ئەدەبی(پێناسەیەکی پوخت)، وەرگێڕانی عەبدولخالق یەعقوبی، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر.
4. ئەڵوەنی. نەجمەددین. خالید. نەجم 2004، بینای کات لە سێ نموونەی رۆمانی کوردیدا(ژانی گەل- شار- ڕاز)، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی.
5. الساعدی‌. سهر. خالد 1989، البنا‌ء الفني في الروایة‌ التاریخیة‌ العربییة‌(1870 – 1939)، رسالة‌ ماجستیرو كلیة‌ الاداب، جامعة بغداد.
6. ابو ناصر. موریس 1979، الالنسیة‌ والنقد الادبی في النظریة‌ والممارسة‌، دار النهار للنشر، بیروت.
7. مرتاض. عبدالملك1998، فی نظرییة‌ الروایة‌ (بحث في تقنیات السرد)، منشورات عالم المعرفة‌، الكویت.
8.العانی‌. مسلم. شجاع 1994، البن‌و الفنی‌ في الروایة‌ العربیة في العراق، بنا‌ء السرد و طبع في مطابع دار الشؤون الثقافیة‌ العامة، بغداد.
9. بوتور. میشال 1971، بحوث في ریوایة‌ الجدید، ترجمة‌: فرید انطونیوس، منشورات دار عویدات، بیروت- لبنان.
10. عەبدوڵڵا. ئارێز٢٠٢١، زیندەبەچاڵ، چیرۆک، چاپی یەکەم

بابەتە پەیوەندیدارەکان