تەها عەبدوڵڵا
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: بەهۆی بێهەڵوێستیی دامەزراوەكانی هەرێم و فیدراڵ لەبەرامبەر دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم و پێشێلكردنی سەروەریی عیراق، كە تەنها دوێنێ شەش هاووڵاتی بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە پێکراون و گیانیان لەدەستداوە، لە ئەنجومەنی نوێنەران كار بۆ كۆكردنەوەی ئیمزای ئەندامان دەكەن بەو ئامانجەی بڕیارێك دەربكرێت بۆ ناچاركردنی حكومەت و وەزارەتی دەرەوە كاربكەن بۆ راگرتنی پێشێلكارییەكان.
ئیمان ئامێدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەبەرامبەر پێشێلكارییەکانی تورکیادا، بەداخەوە دامەزراوەكانی هەرێم و عیراق، هەڵوێستێكی جددییان نەبووە و پێشێلكارییەكانیش رۆژانە دووبارەدەبنەوە، بۆیە لە رۆژانی داهاتوودا هەوڵدەدەین لە ئەنجومەنی نوێنەران ئیمزای پەرلەمانتاران كۆبكەینەوە تا بڕیارێك لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دژی ئەو دەستدرێژیانە بۆ سەر خاكی عیراق دەربكرێت، دواتریش حكومەت و وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵ پابەندبكرێن بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی توند و گەڕانەوەی سەروەریی بۆ وڵات و پاراستنی خاك و خەڵكەكەی.
ئاماژەی بەوەشكرد كە دەبێت سەرجەم ئەو هاووڵاتیانەی لەو هێرشانەدا دەبنە قوربانی، بە شەهیدی هاووڵاتی هەژماربكرێن و قەرەبووی كەسوكارەكانیان بكرێتەوە.