هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یەکدەنگن بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی ٢٠٢٥، بەتایبەت ئەو ماددەیەی کە پەیوەندی بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمەوە هەیە.
وتیشی، وەک فراکسیۆنی یەکێتی پشتیوانی لە هەمواری پرۆژە یاسای بودجە دەکەین، بەتایبەت ئەو پڕۆژە یاسایەی کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە پەسندکراوە و نێردراوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، هاوکات ئێمە لەگەڵ دەقی ئەو پرۆژەیەین کە لەلایەن حکومەتەوە نێردراوە و هەر دەستکارییەکی پرۆژە یاساکە کرابێت لەدوای پەسندکردنی لەگەڵیدا نین.
وتیشی، بەهەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان داهاتی گشتی عیراق زیاد دەکات، هاوکات بە هەناردەکردنی لەڕێگەی سۆمۆشەوە پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم بەیاسایی دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕاندەکرێت هەناردەی نەوتی هەرێم بەشێک لەکێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات.