هەرێم كەمال ئاغا: فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە هەمواری یاسای بودجەدا یەكدەنگن

12:37 - 2025-01-30
کوردستان
94 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

 
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، رایدەگەیەنێت: بە هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بەشێك لە گرفتە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەردەبێت و فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش لە نوێنەران یەكدەنگن بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هۆكارێكی دواكەوتنی دەنگدان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لەوبارەیەوە، پەیوەندیی بە گفتوگۆ و رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداوە هەیە لەبارەی پرسی مووچە و پرسە داراییەكانی نێوان هەردوولا.
باسی لەوەشكرد كە فراكسیۆنی یەكێتی، پشتیوانی لە هەمواری یاسای بودجە دەكات بەتایبەت ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە پەسەندكراوە و بەگشتیش فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگن بۆ تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە، كە هۆكارێكی باشە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان