ئەمڕۆ پێنجشەممە 30/1/2025، تیمێكی كوردستانی نوێ، بەسەرپەرشتی د.عەدالەت عەبدوڵڵا سەرنووسەری كوردستانی نوێ، سەردانی دەڤەری راپەڕین دەكات و لە رانیە چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ لایەنە حزبی و حكومییەكانی سنوورەكە و نووسەران و رۆژنامەنووساندا دەكات.
ئامانج لە سەردان و كۆبوونەوەكان، بایەخپێدانی زیاتری راگەیاندنی یەكێتی و كوردستانی نوێ-یە بە سنوورەكە و گفتوگۆكردنە لەبارەی دەركردنی دووتوێی كوردستانی نوێ- راپەڕیننامە، تایبەت بە سنوورەكە.
هەر لەو سەردانەدا، دوو كۆڕ بۆ سەرنووسەری كوردستانی نوێ، رێكدەخرێت، كۆڕی یەكەم، لە هۆڵی چالاكییەكانی مەڵبەندی راپەڕین، سەعات 10:30 دەقیقەی پێشنیوەڕۆ بەناونیشانی (رووداوەكانی ناوچەكە.. دۆخی كورد و هەڵوێستی یەكێتی).
كۆڕی دووەم، لە كتێبخانەی ناوەندی رێكخراوە دیموكراتییەكانی راپەڕین، سەعات 3:30 دەقیقەی پاشنیوەڕۆ تایبەت بە ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبـی (ئابووریی میدیا).
شایانی باسە، پێشتریش رۆژی 12/12/2024، تیمێكی كوردستانی نوێ، بەسەرپەرشتی سەرنووسەری كوردستانی نوێ، سەردانی شاری خانەقین-ی كرد. بڕیاریشە تیمەكە سەردانی شار و ناوچە جیاوازەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، بكات.