سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند: داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانیمان گەیاندووەتە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران و وەک فراکسیۆنیش پشتیوانی داوا رەواکانیان دەکەین.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: یەکدەنگیی فراکسیۆنەکان بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە هەوڵێکی نیشتمانیی بوو کە بتوانین لەم رێگەیەوە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدۆزینەوە، خۆشبەختانە نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاساکە لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەست بە هەناردەکردنی دەکرێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی راشیگەیاند: لەگەڵ بەشێک لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکە یاداشتێکمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، کە تێیدا داواکاری مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو بۆ مووچە لە پارێزگای سلێمانیمان گەیاندوەو هاوکات داواشمان کردووە کە مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوویان پێبدرێت.
وتیشی: وەک فراکسیۆنی یەکێتی جارێکی دیکە پشتیوانی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەین و لە بەغداوە پشتیوانی لە داواکارییە رەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی دەکەین، هەروەها داوامان کردووە لیژنەیەکی بەپەلە لە ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەران دیاریبکرێن و سەردانی مامۆستایان فەرمانبەرانی مانگرتوو لە سلێمانی بکەن، داوای شکاندنی مانگرتنیان لێ بکرێت، چونکە ژیانیان لە مەترسیدایە و پەیامەکەیان گەیشتوەتە لایەنی پەیوەندیدار.