بەپێی هەمواری بودجە، سۆمۆ نەوتی هەرێم دەفرۆشێت

07:02 - 2025-02-02
ڕاپۆرت
26 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی هەمواری یاسای بودجە که ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەسەند کرا، پێویستە دەستبەجێ نەوتی هەرێم رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکرێت بەمەبەستى هەناردەکردنى.

 هەردوو حکومەتى عیراق و هەرێمى کوردستان ساڵى رابردوو لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم رێکەوتن و لەهەموارى یاساى بودجەدا جێگیرکرا، ئەمڕۆش هەموارەکە لەلایەن پەرلەمانى عیراقەوە دواى چەند جارێک دواخستن پەسەندکرا.
خاڵى یەکەمى هەموارەکە تایبەتە بە هەموارى بڕگەى (ج) لە ماددەى 12 ى یاساى بودجەى 2023-2024-2025 کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغداوە لە تەرخانکراوی خەرجییە سەروەرییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دەهێنرێت، کە لەلایەن کۆمپانیای گشتی فیدڕاڵی بۆ بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ەوە وەردەگیرێت بۆ هەناردەکردنی، تا ئەو کاتەى لیژنەیەکى راوێژکارى کە لەلایەن وەزارەتى نەوتى عیراقەوە دیاریدەکرێت بەهەماهەنگى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان لەماوەى (60) رۆژى دواى جێبەجێکردنى یاساکە تێچووى  راستەقینە کێڵگەکان بەجیاجیا دیارى دەکەن، ئەگەریش لیژنەکە نەگەیشتە رێکەوتن ئەنجومەنى وەزیرانى عیراق لیژنەیەکى دیکە بۆ ئەو مەبەستە رادەسپێرێت.
بەپێی هەموارەکە، لیژنە راوێژکارییەکە تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت رادەستى وەزارەتەکانى نەوت و دارایی هەرێم و بەغدا دەکەن، هەژمارکردنى قەرەبوی پێشووش بەشێوەیەک دەبێت بۆ هەر بەرمیلێک لێکدانی ژمارەی بەرمیلەکانی وەرگیراو دەکرێت و وەزارەتی دارایی عیراق قەرەبووەکە دەداتە حکومەتی هەرێم.
هەموارەکە حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەند دەکات بە رادەستکردنى دەستبەجێی نەوتى بەهەمهێنراو بە کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عیراق (سۆمۆ) یان وەزارەتى نەوتى عیراق، هەروەها قەرەبووکردنەوەى تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوە دەخاتە ئەستۆى وەزارەتى دارایی عیراق کە بەشێوەى پێشینە بیداتە هەرێم بە تێکڕاى گشتى (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، تا دواتر لیژنە راوێژکارییەکە کارەکانى تەواو دەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان