״وەرگرتنی بەرهەمەكانمان تێكەڵ بە كێشەكان نەكرێت״

یەكێتیی جووتیارانی كوردستان بۆ کوردستانی نوێ : جووتیارانی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عیراق مافەكانیان پێنادرێت

02:13 - 2025-02-03
کوردستان
91 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا


یەكێتیی جووتیارانی كوردستان داوای چارەسەركردنی گرفتی وەرگرتنی بەرهەمی ئەمساڵی جووتیارانی كوردستان و دووبارەنەبوونەوەی كێشەكانی ساڵانی رابردوو دەكات.
هەڵكەوت محەمەد ئەندامی مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی جووتیارانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: گرفتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە، چارەسەرنەكراوە و جووتیارانی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عیراق مافەكانیان پێنادرێت، ئەوەش زیاتر بۆ گرفتە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەگەڕێتەوە، كە لە بنەڕەتدا نابێت وابێت، وتیشی: لەكاتی وەرگرتنی گەنمی ساڵانەی جووتیاران لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عیراقەوە، رێژەیەكی زۆر كەم لە گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەردەگیرێت، بەڵام لە پارێزگاكانی خواروو و ناوەڕاست تەواوی بەرهەمەكانیان لێوەردەگیرێت، ئەوە جگەلەوەی لە پێدانی مافیشدا، جیاوازی دەكرێت و جووتیارانی كوردستان درەنگتر مافەكانیان پێدەدرێت.
باسی لەوەشكرد كە بەغدا مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ جووتیارانی كوردستان ناكات و وەك سامانێكی نیشتمانی، لە گەنم و بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستان ناڕوانێت، كە لە خاكێكی بەپیت بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم وەك چۆن درێغییان نەكردووە، بۆ ئەمساڵیش هەر لەئێستاوە هەوڵی زیاتر بدات تا كێشەكان دووبارەنەبنەوە، بەتایبەتی لە رێژەی وەرگرتنی گەنم و خەرجكردنی شایستەكان لەكاتی خۆیدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان