خەلیل عەبدوڵڵا
زاراوەی خانمی یەكەم، زاراوەیەكی كۆنە و بۆ سەردەمی (جۆرج واشنتۆن)، یەكەم سەرۆكی ئەمریكا دەگەڕێتەوە و لەگەڵ دەستبەكاربوونی سەرۆك واشنتۆن لەساڵی 1789دا، (مارسا واشنتۆن)، هاوسەری سەرۆك بە خانمی یەكەمی واشنتۆن ناودێرا كرا، دواتر ناسناوەكە بۆ خانمی یەكەم گۆڕدرا.
هەرچەند لە دەستوور و یاساكانی ئەمریكادا هیچ ئاماژەیەك بە پێگە و پۆستی خانمی یەكەم نەكراوە، بەڵام لە واقیعدا ئەو پۆستە هەیە و لە پێگە و دەسەڵاتی سەرۆكەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئەندرۆ جاكسۆن حەوتەمین سەرۆكی ئەمریكا، كە ساڵی 1829 دەسەڵاتی گرتەدەست، پێش چەند مانگێك هاوسەرەكەی كۆچی دوایی كردبوو، بۆشایی خانمی یەكەمی پڕكردەوە و برازای خێزانە كۆچكردۆكەی راسپارد ئەركی خانمی یەكەم بگرێتە ئەستۆ و پێشوازی لە میوانان بكات و سەرپەرشتیی بۆنە فەرمییەكان بكات.
سەرۆك جیمس بیوكانان، كە هەرگیز هاوسەرگیری نەكردبوو، كە بوو بە سەرۆك، هاریس لینی خوشكەزای بردە كۆشكی سپی و ئەركی خانمی یەكەمی پێسپارد.
كارۆلین هاریسۆن هاوسەری سەرۆك بنیامین هاریسۆن، لە هەموو خانمە یەكەمەكانی پێش خۆی جیاوازتر، سەرباری كار و ئەركەكانی لە كۆشكی سپی، بەهۆی ئەوەی ژەنیار بوو، بایەخی زۆری بە هونەر و موزیك دەدا.
ئەدیس رۆزفڵت هاوسەری سەرۆك سیودۆر رۆزفڵت، لە هەموو خانمە یەكەمەكانی تر جیاوازتر و سەیرتر، بایەخی بە باری ئەمنی كۆشك و سەرۆك دەدا و ژمارەی پاسەوانەكان و خاڵەكانی پاسەوانی زیاد كرد، ئەوەش ناڕەزایی و نیگەرانی خەڵكی لێكەوتەوە.
ئەگەرچی ناسناوی خانمی یەكەم سەرەتا لە ئەمریكاوە دەركەوت، بەڵام دواتر لە زۆربەی وڵاتانی خۆرئاواو ئەوروپا و وڵاتانی دیكەی جیهان، خانمانی یەكەم لە بۆنە و كۆڕ و كۆبوونەوە فەرمییەكان هاوشانی سەرۆك دەردەكەون
ساڵی 1838، بۆ یەكەمجار لە رۆژنامەكانی ئەمریكا ئاماژە بە ناسناوی خانمی یەكەم كراو بە رای گشتی ئاشنا كرا.
ئیلیانۆری هاوسەری سەرۆك رۆزفڵت، بە هۆی چالاكی و هەڵسوڕانییەوە، زیاتر وەك خانمی یەكەم دەركەوت، كۆنگرەی رۆژنامەوانی دەبەست و بانگەشەی بۆ سیاسەتی نوێی سەرۆك رۆزفلت دەكرد، وەك رۆژنامەنووسێك ستوونی رۆژنامەنووسی دەنووسی و باسی مافە مەدەنییەكان و نادادی و چاكسازیی پەروەردە و خوێندنی دەكرد، هاوكاری دامەزراندنی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو، لە لیژنەی داڕشتنی جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤدا بەشداریی كردبوو.
ساڵی 1849 سەرۆك زەكاری تایلۆر لە رێوڕەسمی كۆچی دوایی (دۆللی مادیسۆن)ی هاوسەریدا زاراوەی خانمی یەكەمی بەكارهێنا.
رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 1863 بۆ یەكەمجار ناسناوی خانمی یەكەم (ماری تۆ لینكۆڵن) لە تەنیشت ناوی سەرۆك (ئەبراهام لینكۆڵن) لە كۆشكی سپی نووسراوە، ئیدی ئەو ناسناوە لەسەر ئاستی جیهان ناسراو ساڵی 1877 بە فەرمی دانی پێدانرا.
لە كۆتایی سەدەی نۆزدە و لە رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی سەرۆك (هایز رۆزفڵت)دا، رۆژنامەكان خاتوو (لوسی هایز)یان بە خانمی یەكەم لەسەر زەوی وەسف كرد. بە هۆی چالاكی و دەركەوتنی (لوسی هایز)ی خانمی یەكەم ئەو ناسناوە لە ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی خۆرئاوا و ئەوروپا زیاتر ناسرا.
ئەگەرچی لە دەستوور و یاساكانی ئەمریكادا، باسی كار و ئەركەكانی خانمی یەكەم نەكراوە و لە پێگەی سەرۆكەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام ئەو خانمانەی زیرەك و بەتوانا بوون، توانیویانە رۆڵی دیار لە كۆشكی سپیدا بگێڕن، ئەوانەشی بێتوانا بوون، لە پەراوێزی سەرۆكدا ماونەتەوە و هیچ رۆڵێكی ئەوتۆیان نەبووە و ناویان كوێر بۆتەوە.
ئۆفیسی خانمی یەكەم، سەرپەرشتی بۆنە كۆمەڵایەتی و ئاهەنگە فەرمییەكانی لە كۆشكی سپی كردووە و بۆ ئەو بۆنانە سكرتێری رۆژنامەنووسی و سەرۆكی فەرمانبەران و سكرتێری كۆمەڵایەتی و سەرۆكی دیزاینەری گوڵ لە كۆشكی سپی هاوكاری بوون.
ئەركی خانمانی یەكەمی سەرەتا، تەنها راوێژ و هاوكاری سەرۆك بووە، بەڵام سەرەتای سەدەی بیست ئەركەكان گۆڕا و زیادی كرد.
لۆهۆڤەر كە ساڵی 1929 وەك خانمی یەكەم چووە كۆشكی سپی، ئەركی زیاتر گرتە ئەستۆ، بەرنامەیەكی رادیۆیی هەبوو باسی مافە مەدەنییەكان و كاری خۆبەخشی و خێرخوازی دەكرد و هەوڵی باشكردنی ژیانی هەژارانی دەدا كە ئەو كاتە وڵات لە قەیرانێكی سەختی ئابووریدا بوو.
ساڵی 1933 كە (ئیلیانۆر رۆزفڵت) وەك خانمی یەكەم چووە كۆشكی سپی، بە ئەركی كلاسیكی وەك پێشوازی لە میوانان و میوانداری رێكخستنی بۆنە و ئاهەنگە فەرمییەكان رازی نەبوو، گۆڕانكاری لە ئەركی خانمی یەكەمدا كرد و رۆڵی دیاری لە بوارەكانی كۆمەڵایەتی و دابینكردنی مافە مەدەنییەكاندا بینی.
ئیلین ویڵسۆن هاوسەری سەرۆك ویڵسۆن و خانمی یەكەم، بایەخی بە پرسە گشتییەكان دەدا، سەردانی گەڕەكە هەژارنشینەكانی واشنتۆنی پایتەختی دەكرد و لەگەڵ خەڵكی ئەو گەڕەكانەدا كۆ دەبۆوە و لە كێشە و گرفت و داخوازییەكانیانی دەكۆڵییەوە و دەیگەیاندە كۆنگریس بۆ ئەوەی بە یاسا كێشەكانیان چارەسەر بكرێ و هاوكاریی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین بكرێت.
هەندێ لە خانمە یەكەمەكانی وەك (مارسا واشنتۆن، لویز ئادەمز، ئیلیزابێس مۆنرۆ) نەخۆش بوون، بەهۆی ئەوەوە زۆر جار لە چاوان ون دەبوون.
لەسەدەی بیست و یەك ئەركەكانی خانمی یەكەم كەمتر بوونەوە، بەهۆی ئەوەی یاریدەدەریان بۆ دابین دەكرا، بۆ ئەوەی هاوكاریان بن و ئەركی سەرشانیان سووك بكەن. ئیدی خانمی یەكەم خۆی بۆ هەندێ بواری تایبەت تەرخان دەكرد، بۆ نموونە میشێل ئۆباما هاوسەری سەرۆك باراك ئۆباما، بایەخی بە رێگەگرتن لە قەڵەوی منداڵان دەدا و پشتیوانی و هاوكاری خێزانی سەربازەكانی دەكرد، لۆرا بوشی هاوسەری سەرۆك جۆرج بوشی كوڕ، بەرگری لە مافەكانی ژنان و منداڵان دەكرد. نانسی ریگان هاوسەری سەرۆك ریگان بایەخی بە رێگرتن لە ماددەی هۆشبەر دەدا. جاكلین كەندی هاوسەری سەرۆك كەنەدی بەرگری لە پاراستنی شوێنەوار و كەلەپووری بیناسازی لە ئەمریكا دەكرد.
ئەوەی تێبینی دەكرێ تەنها سەرۆكەكان ئەو ماوەیەی سەرۆك بوون، یاداشتی خۆیان نووسیوتەوە، زۆربەی خانمانی یەكەم یاداشتی خۆیان نەنووسیوەتەوە.
ئەگەرچی ناسناوی خانمی یەكەم سەرەتا لە ئەمریكاوە دەركەوت، بەڵام دواتر لە زۆربەی وڵاتانی خۆرئاواو ئەوروپا و وڵاتانی دیكەی جیهان، خانمانی یەكەم لە بۆنە و كۆڕ و كۆبوونەوە فەرمییەكان هاوشانی سەرۆك دەردەكەون.
سەرچاوە
د.ماهر مبدر عبدالكریم- مروة وادی صالح،السیدة الاولي في التاریخ الامریكي، مجلە دیالی العدد (98) كانون الاول 2023