راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی قه‌سرۆك: گومانی تێدا نییە داواکارییەکانی دانیشتوانی ناحیەکە رەوان
قەسرۆک یەکێکە لە ناحیەکانی قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهۆک، چالاکوانانی ناحیه‌کە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن نەخۆشخانەیەکی گه‌وره و مۆدێرن و پارکێکی گەورە بۆ شاره‌كه‌یان دروست بكه‌ن، له‌گه‌ڵ جێبەجێکردنی چەند خزمەتگوزارییه‌كی دیكه لە سنووره‌كه‌یان.
یوسف شه‌ره‌فانی رۆژنامه‌نووس لە ناحیەی قەسرۆک بۆ كوردستانی نوێ وتی: با لە کەرتی تەندروستییەوە دەست پێبکەین کە په‌یوه‌سته به ژیانی رۆژانەی خەڵکەوه، خەڵکێکی زۆر لە ناحیه‌ی قەسرۆک نیشته‌جێن و سەردانکردنی هاووڵاتیانی دەوروبەریش گوشارێكی زۆری له‌سه‌ر شاره‌كه دروستكردووه، بەڵام تەنها یەک بنکەی تەندروستی هەیە، ئەوە لە کاتێکدایە وەزیری تەندروستیی حكومه‌تی هه‌رێم لە ماوەی رابردوودا خۆی وتی، قەسرۆک پێویستی بە نەخۆشخانەیەکی گەورە‌یە، لەبەرئەوەی سنوورێكی بەرفراوان لەخۆ دەگرێت. بەڵام تائێستا تەنها بەڵێن بووە و جێبەجێ نەکراوە. له کەرتی تەندروستیدا چ تایبەت بێت یاخود گشتیی كاری پێویست بۆ ناحیه‌ی قه‌سرۆك نەکراوه.
وتیشی: نزیکەی 10 ساڵە پارکی سه‌نته‌ری ناحیه‌ی قەسرۆک به ته‌واونه‌كراوی به‌جێهـێـڵراوه، هەروەها قه‌سرۆكی كۆن كه له چەند گەڕەکێک پێكهاتووه بێ خزمەتگوزارین. سەرەڕای بوونی چەند کێڵگەیەکی نەوت لە سنووری ده‌ڤه‌رداری قەسرۆک، بەڵام دانیشتوانی قەسرۆک لێی سوودمەند نەبوون. بەشێوەیەکی گشتیی لەڕووی وەرزشی و کەرتی تەندروستی و چه‌ند خزمەتگوزارییەکی دیکەوە كاری پێویست بۆ ناحیه‌كه‌مان نەکراوە.
ئەو رۆژنامەنووسە، بە ناوی دانیشتووانی ناحیەکەوە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی بۆ ناحیەکە دروست بکەن، هه‌روه‌ها ئەو گەڕەکانەی تائێستا گڵن بۆیان قیرتاو بكه‌ن و خزمه‌تگوزارییان بۆ جێبه‌جێ بكه‌ن، هەروەها پێویستە ئۆڤەرپاسێك لەسەر رێگەی گشتیی لە گوندی مەلا بورهان بۆ چوارڕییانی ناحیه‌ی قەسرۆک دروست بکرێت، لەبەرئەوەی زۆر رووداوی هاتوچۆ لەسەر ئەم رێگەیە روودەدات.
خێروبێری ناحیەکە
ناحیەی قەسرۆک لە ساڵی 1971 دامەزراوە و لە بنەڕەتدا ناحیه‌ی مرێبا بووە. بەڵام دوای راپەڕینی ساڵی 1991، ناوەندی ناحیه‌كه گواسترایەوە بۆ کۆمەڵگەی قەسرۆک و لە رووی کارگێڕییەوە نزیکەی 76 گوندی لەخۆ گرتووە.
بەشار قه‌سرۆكی دانیشتوویەکی ناحیەی قەسرۆکە بە کوردستانی نوێی وت، سەرباری داهاتێكی زۆری سروشتیی لە سنووره‌كه، بەڵام قەسرۆک وەک گوندێکی گەورە وایە. جگە لە بوونی چەند کێڵگەیەکی نەوت لە سنووری ده‌ڤه‌رداری قه‌سرۆك، کە رۆژانە نزیکەی 30 هه‌زار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام خەڵکی سنووره‌كه سوودمه‌ند نین.
وتیشی: حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، ئەگەر مەبەستی بێت دەتوانێت رووباری خازر بۆ مه‌به‌ستی كاری ئاودێری و کشتوکاڵكردن و بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی بەکاربهێنێت، بەڵام بەداخەوە رووبارەکە پارچە پارچە كراوه و تەنها خاوەن کارگەکانی حه‌س و رەمل لێی سوودمه‌ندن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناحیه‌ی قەسرۆک پێویستیی بە نەخۆشخانەیەکی گەورە و سەردەمیانە و باخچە و پارکی گشتی هەیە بۆ پشوودان و حه‌وانه‌وه‌ی هاووڵاتیان، خه‌ڵكی قەسرۆک به درێژایی شۆڕشه‌كانی كوردستان چەندین جار لەسەر کوردایه‌تی راگوێزراون و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار کێشە سەرەکییەکانی ناحیه‌ی قەسرۆک چارەسەر بکەن و به‌دواداچوون بۆ داواکارییەکانی هاووڵاتیان بکەن.
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی قه‌سرۆك بۆ کوردستانی نوێ :
پارچە زەوییەکمان ته‌رخانكردووه بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گەورە، هەروەها پلانمان هەیە بۆ دروستکردنی پارک و خەریکی دروستکردنی باخچەیەکین لەسەر رووبەری حەوت هەزار مەتر دووجا
وەڵامی لایەنی پەیوەندیدار
ژمارەی دانیشتووانی سه‌نته‌ری ناحیه‌ی قەسرۆک نزیکەی حەوت هەزار کەسن و کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانەکەی 27 هەزار کەسن.
غه‌یاس محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی ناحیه‌ی قه‌سرۆك به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: گومانی تێدانییە داواکارییەکانی دانیشتوانی ناحیەکە رەوایە و دەنگی ئێمەش لەگەڵ دەنگی ئەواندایە بۆ ئەوەی خزمەتی دەڤەری ناحیه‌ی قەسرۆک بکرێت.
وتیشی: شارەوانی پارچە زەوییەکی ته‌رخانكردووه بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گەورە، هەروەها پلان و به‌رنامه‌مان هه‌یه بۆ دروستکردنی پارک و زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە سەنتەری ناحیه‌ی قەسرۆک و دەوروبەری به گشتی. ئێستا خەریکی دروستکردنی باخچەیەکین بۆ گەنجان لەسەر رووبەری حەوت هەزار مەتر دووجا و لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە.
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی قه‌سرۆك دەڵێت: بەرنامەمان بەردەوامه بۆ گەیاندنی رێگەوبان و خزمەتگوزارییه‌كان به تایبەت بۆ ئەو گەڕەکانەی خەڵک تێیدا نیشته‌جێن و خزمەتیان دەکەین، ئێستا کۆمپانیایەک سەرقاڵی دروستکردنی رێگەوبان و سیستمی ئاودێرییه لە سەنتەری شاری قه‌سرۆك، بە تێچووی زیاتر لە 452 ملیۆن دینار، له‌سه‌ر بودجەی گەشەپێدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
ناحیـه‌ی قەسرۆک دەکەوێتە کەناری رووباری خازر، نزیکەی 35 کیلۆمەتر ده‌كه‌وێته خۆرئاوای قەزای ئاکرێ و ناحیه‌ی گرده‌سێن. لە رووی جوگرافییەوە سەر بە قەزای شێخانە و لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دهۆکە.