د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا، پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا دوایین پێشهاتەكانی وڵات بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی تاوتوێكران.
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك كۆمار تەئكیدی لە پێویستیی گرتنەبەری دیالۆگی كاریگەر و جددی كردەوە لەپێناوی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم بەگوێرەی دەستوور و یاسا.
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە، قسەكردن بوو لەسەر دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر پرۆژەیاسای هەمواری یاسای بوجەی فیدراڵ و لەوبارەیەوە، جەختكرایەوە لەسەر «هەمواری یاسای بودجە هۆكارێك بێت بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ ئاستەنگ و چارەسەری كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم، بەشێوەیەك ببێتەمایەی خۆشگوزەرانی و خواستەكانی هاووڵاتیان بەدیبێت و پێداویستییەكانی ژیانیان دابین بكات».
لای خۆیەوە، قوباد تاڵەبانی، ستایشی رۆڵی سەرۆك كۆماری كرد لە نزیككردنەوەی بیروبۆچوونەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان بەشێوەیەك كە ژیانێكی ئازاد و شكۆمەند بۆ هەموو خەڵك مسۆگەر بكات.