ئا: رەوەست نەوزاد
(قشڵەی سواری) بنكەیەكی پۆلیس بوو لە گەڕەكی(عارەبان)ی شاری هەولێر، كە لە كۆندا ئەفسەر و پۆلیسەكانی شارەكە تێیدا كاری پاراستنی شاریان ئەنجامدەدا. بینای ئەو قشڵەیە زۆر كۆنە و لە سەردەمی عوسمانییەكاندا لە گڵ و خشت دروستكراوەو تائێستاش ماوە، بەڵام بەهۆی نۆژەننەكردنەوەی بەشێكی زۆری رووخاوە.
لەوبارەیەوە د.جەمال جەمیل پسپۆڕ لە بواری نۆژەنكردنەوەی بینا شوێنەوارییەكان و كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو قشڵەیە بە مەبەستی كاری سەربازی لەلایەن دەسەڵاتی عوسمانییەكان لە هەولێر دروستكراوە، هەرچەندە ساڵەكەی روون نییە، بەڵام مێژووەكەی بۆ كۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمی زایینی دەگەڕێتەوە.
وتیشی: ناوەكەی لە وشەیەكی توركییەوە هاتووە، بە مانای داڵدەدانی سەربازان و پاراستنیان لە وەرزەكانی ساڵ بەتایبەتی وەرزی زستان دێت، (سواری)ش وشەیەكی كوردییە، واتای بەكارهێنانی وڵاخ و ئەسپ. باسی لەوەشكرد: قشڵەكەی هەولێر بیناكەی لەیەك نهۆم پێكهاتووە، سێ لای ژوورە، ناوەڕاستەكەی گۆڕەپانێكی گەورەی هەبووە، لەگەڵ یەك دەروازەی چوونە دەرەوە رووی لە خۆرئاوایە، كەرەستە دروستكراوەكانیشی بریتین لەخشت و خۆڵ، گەچیش بۆ سافكردنی ژوورەكانی بەكارهاتووە، هاوكات داریش لە بنمیچی ژوورەكان بەكارهاتووە، جگە لە ژووری تەویلەی وڵاخ، ژوورێكی تری بۆ كارگێڕیی و پاسەوانان و مانەوەی پۆلیسەكان، لەگەڵ ژوورێكیشی بۆ كۆگای خۆراكی ئەسپەكان و پاراستنی چەك هەبووە.
د.جەمال ئەوەشی ئاشكرا كرد: ئەو قشڵەیە تا ناوەڕاستی ساڵی چلەكانی سەدەی رابردوو وەكو بنكەی پۆلیس بەكارهاتووە، دوای ئەو مێژووە موڵكی ئەو قشڵەیە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عیراق بەچەند هاووڵاتییەك دەفرۆشرێتەوە، دواتر ساڵی حەفتاكان بە تەواوی چۆڵ دەبێت و چەند خانەوادەیەكی هەژار تێیدا نیشتەجێدەبن، بەڵام لە ساڵی 2011 بەیەكجاری چۆڵكرا و دەرگاكەشی بە بەرد لەلایەن شارەوانی یەكی هەولێر داخرا، كە شێوە دێرینەكەی داپۆشیووە، لەكاتێكدا بەپێی یاسای نوێی شوێنەواری نابێت هیچ كەرەستەیەكی نوێ بەتایبەتی بلۆكی لەچیمەنتۆ دروستكراو لەهیچ شوێنێكی كۆن و كەلەپووری بەكاربهێنرێت، بەڵكو تەنیا دەبێت لەكەرەستەی كۆنی خۆی نۆژەن بكرێتەوە.
لەو بارەیەوە كەیفی مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆكاری ئەوەی كەوتۆتە شاری هەولێر، ئەو ناوچە دێرینەیان لە دەسەڵاتی ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەوار و كەلەپوور سەندراوەتەوە و دراوەتە پارێزگای هەولێر و كۆمسیۆنی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر، ئەمەش بڕیارێكی هەڵەیە، چونكە بە گوێرەی یاسا ئەو شوێنەوارانە دەبێت لە چوارچێوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار بێت.