یەكەم بڕیاری سەرۆكی تونس لە دوای راپرسییەكە

09:19 - 2022-07-27
ڕاپۆرت
433 جار خوێندراوەتەوە

ئا: یانی سابیر

دوای راپرسیی لەسەر دەستووری وڵاتەكەی، كە زۆرینەی هاووڵاتیان دەنگیان پێدا، قەیس سەعید سەرۆكی تونس رایگەیاند: یەكەم بڕیار دەربارەی دانانی یاسای نوێی هەڵبژاردن دەبێت و ئەو یاسایە، شێوازی هەڵبژاردنە كۆنەكە دەگۆڕێت. 
دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی تونس رایگەیاندووە، كە رێژەی بەشداربوون لە پڕۆسەكەدا ٪27ی تێپەڕاندووە، كە دەكاتە دەنگی نزیكەی دوو ملیۆن هاووڵاتی ‌و ئەنجامە بەراییەكانیش دەریانخستووە كە %92ی بەشداربوان دەنگیان بە دەستووری نوێی وڵات داوە. بڕیاریشە لە مانگی داهاتوودا ئەنجامی كۆتایی راپرسییەكە رابگەیەنرێت، بەو مەرجەی لە 27ی مانگ تێپەڕ نەكات.
بە بۆچوونی چاودێرانیش، سەركەوتنی لایەنگرانی بەڵێ لە راپرسییەكەدا بۆ دەستووری نوێی تونس، پەیامێكە بۆ ئیخوانەكانی تونس بەوەی لە ئایندەی وڵاتەكەیاندا هیچ رۆڵێكیان نابێت.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، راپرسیی لەسەر دەستووری تونس بەڕێوەچوو، كە سەرۆك كۆمار پێشنیازی كردبوو. وێڕای ئەوەی نۆ ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام نزیكەی دوو ملیۆن كەس بەشداریی پڕۆسەكەیان كرد. 
بەپێی دەستووری نوێی تونس، رۆڵی پەرلەمان و دەزگای دادوەری كەم دەكرێنەوە و دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار زیاد دەكرێت و ئەو دەستە ‌و دەزگایانەی مافیان هەیە چاودێریی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار بكەن، هەڵدەوەشێنەوە. 

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

# تونس

بابەتە پەیوەندیدارەکان