مۆڵدۆڤا لە هەمان سیناریۆی ئۆكرانیا دەترسێت

09:26 - 2022-07-27
ڕاپۆرت
416 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

ناتالیا گاڤریلیتا سەرۆك وەزیرانی مۆڵدۆڤا ترسی خۆی لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئۆكرانیا لە وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات بەوەی دوای ئۆكرانیا، روسیا هێرش بكاتە سەر وڵاتەكەیان.
لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا، سەرۆك وەزیرانی مۆڵدۆڤا رایگەیاندووە: وڵاتەكەی لەوە دەترسێت كە ئەوەی بەسەر ئۆكرانیای دراوسێیاندا هاتووە، بەسەر ئەوانیشدا بێت ‌و روسیا هێرش بكاتە سەریان. وتیشی: بە دڵنیاییەوە ئێمە نیگەرانین، ئێستا ئەوە تەنیا ئەگەرە، بەڵام ئەگەر سوپای روسیا بەرەو باشووری خۆرئاوای ئۆكرانیا ‌و ئۆدیسا بجووڵێت. ئەوا هەست بە نیگەرانیی زیاتر دەكەین.
روونیشیكردۆتەوە: ئەوە هەڵوێستێكی زۆر قورسە، نەك تەنها بۆ مۆڵدۆڤا، بەڵكو بۆ هەر وڵاتێكی بچووك، بۆ هەر وڵاتێك كە پشت بە سیستمی نێودەوڵەتی ببەستێت ‌و وڵاتێكی بەهێزیش بە پشتگوێخستنی یاسای نێودەوڵەتی،  شەڕی بەسەردا بسەپێنێت. بە دڵنیاییەوە هیچ كەس هەست بە ئارامیی ناكات.  
بەهۆی لێكەوتەكانی شەڕی ئۆكرانیاوە، مۆڵدۆڤا دووچاری تەنگژەی ئابووری ‌و هەڵاوسانی گەورە بۆتەوە، بە شێوەیەك كە رێژەی هەڵاوسان لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا گەیشتبووە %32. 
بەێی ئامارەكانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ماوەی نێوان 24ی شوبات تا 15ی نیسانی رابردوودا، مۆڵدۆڤا پێشوازی لە نزیكەی 421 هەزار پەنابەری ئۆكرانی كردووە. 
مۆڵدۆڤا كە بە یەكێك لە هەژارترین وڵاتانی ئەوروپا دادەنرێت، ساڵی 1991، سەربەخۆیی خۆی لە یەكێتیی سۆڤیەت وەرگرت، بەڵام نەیتوانی ئابوورییەكی سەربەخۆ ‌و جیا لە روسیا بنیاتبنێت. 

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#مۆڵدۆڤا

بابەتە پەیوەندیدارەکان