ئەحمەد عەسکەری*
کاتێک ئەو کتێبە بڵاوبویەوە، مام جەلال لە دەرەوەی وڵات بوو، کە گەڕابووە، زۆر کەس، چووبوونە خزمەتی و داوای سزادانی نووسەرەکەیان کردبوو، مام جەلالیش پێی گوتبوون؛ سزادان لەسەر چی؟
لە گەرمەی مفاوەزاتی ساڵی 1984 دا بووین، لە سەردانەکانم بۆ کەرکوک، زۆر بەکەمی دەچوومە دەرەوە، تەنها شوێن کە زۆر حەزم دەکرد سەردانی بکەم، پەرتوکخانەی ئاسۆ بوو لە شەقامی کۆماری، خاوەنەکەی کاک جەبار بوو کە بە جەباری ئاسۆ ناسرابوو، هەرچەندە ئەو پەرتوکانەی کە عەوداڵی بووین زۆربەیان شارابونەوە و بە کەمی بەرچاوبوون، جەبار شاردبونییەوە و دوور لە چاوی ئەمنەکان، ئەو بەشەی بۆ دەکردینەوە. کە چوومە کتێبخانەکە پێشمەرگەیەکی باڵابەرزی رەشتاڵە لەوێ بوو، ئەویش دیار بوو بە هەمان مەبەست هاتبووە پەرتوکخانەکە، شوێنەکە قەڵەبالغ بوو، خەڵکی جۆراوجۆری لێ بوو لە ناسراو و نەناسراو، جەبار وتەنی ئەمنەکان بە دەگمەن دەورم چۆڵ ناکەن، جاری وا هەیە لەمن زیاتر دەوام دەکەن، تەنها ئەو و جەبارم لەوێ دەناسی سەڵاوم لێکردن، دوای کەمێک محەمەد موکری گوتی: بۆ بە پیاسەیەک نەچینە دەرەوە، هەتا تۆزێک چۆڵتر دەبێت، بە دەم رێوە کەوتینە دەمە تەقێ، سەبارەت بە مفاوەزات و لێکەوتەکانی، قسە هاتە سەر ئەوەی، موکری وتی: لایەنێک، یان کەسێک، بە بێ ئەوەی ناوی بهێنێ، بڕی 10000 دە هەزار دیناری (ئەو کات ئەو بڕە یەکسان بوو بە زیاتر لە 20000 بیست هەزار دۆلار، گەلێک زۆر بوو بۆ تێچووی چاپکردنی کتێبێکی قەوارە بچوک) داومەتێ بۆ چاپکردنەوەی کتێبی سەگوەڕ(1)، بەڵام من قبوڵم نەکردووە وتم باشە پێت وا نییە ئەوەی بۆ ئەو کارە هانی داوی دژی شۆڕش بێت؟ کێ دەڵێ ئەوە دەستی رژێم نییە؟، گوتی: منیش بۆیە قبوڵم نەکرد، هەر خۆی بە بێ ئەوەی من لێی پرسم گوتی؛ هەتا دەمرم هەڵویستی مامم لە بیر ناچێ، کە چۆن بەرگری لێکردووم. کەوتە گێڕانەوەی چیرۆکی یەکەم دیداری لەگەڵ مام جەلال بەم شێوەیەی خوارەوە.
کە چیرۆکەکە بڵاو بوویەوە، مام جەلال لە دەرەوە بوو، کاتێک هاتەوە، دوای ماوەیەک ناردی بەدوامدا، هاوڕێ نووسەرەکانم گوتیان، خۆت بشارەوە و مەچۆ، ئەگەر بچیت ئەوەندەی قسە بۆ کراوە، بە گۆچان پشتت دەشکێنێ!، منیش مکوڕبووم لەسەر چوونم، گوتم؛ ئەگەر لەسەر نووسینەکانم لێدان بخۆم، بۆ من شانازییە!. یەکەم جاریشم بوو بە دیداری بگەم، بە پێچەوانەی ئەوەی کە گوترابوو، بەرەوپیرم هات و زۆر بە گەرمی پێشوازیی کردم، پێی گوتم؛
- دەزانیت بۆ چی بانگم کردوویت؟!
- هەر کتێبەکە نییە؟!
- نەخێر، بۆ ئەوەی سوپاست بکەم! چونکە من بە هۆی ئەو کتێبەی تۆوە دوو کتێبکم لەسەر وجودییەت خوێندەوە، ئەگەر ئەو کتێبەی تۆ نەبوایە، من ئەو دوو کتێبەم نەدەخوێندەوە. ئەتو لە شۆڕشدا ئیشت چییە؟
- پێشمەرگەی یەکێتیم و نووسەرم و سەر بە یەکێتی نووسەرانی شاخم.
- رۆژی چەند نامە دەنووسی؟
- ئەگەر رێکبکەوێت، مانگی نامەیەک، دووان.
- ئەمن رۆژی زیاتر لە 30 نامە ئەنووسم بۆ کادیر و هەرێم و لایەنەکان. مانگانە چەند کتێب دەخوێنیتەوە؟
- ئەگەر دەستکەوێت کتێبێک یان دووان.
- ئەمن مانگی لە 4 کتێب کەمتر ناخوێنمەوە، رۆژانە چەند رۆژنامە دەخوێنێتەوە؟
- رۆژنامە کوا هەتا بیخوێنمەوە!
- ئەمن رۆژانە، رۆژنامەکانی رۆژی پێشتری ئەمدی و ئەودیو (ئێران و عیراق) دەخوێنمەوە. چەند راپۆرتی (مقالة) رۆژنامەوانی ئەنووسی؟
- ئەگەر جار جارێک، کورتەیەک بۆ بڵاوکراوەکانی شاخ بنووسم.
- ئەمن رۆژانە پێشەکی بۆ ئیزگە دەنووسم، زۆربەی جاریش وتاری پێشەکی «رێبازی نوێ» و «الشرارة» دەنووسم، تەحەدای نەک سکرتێر و سەرۆکی حیزبە کۆنەکان، هی ئەم تازانەش دەکەم، کە بتوانن ئەوە بکەن، کەواتە من بۆ سکرابم(2) تۆ بۆ سکراب نیت؟! تۆ لە وشەی سکراب باش تێنەگەیشتووی، تۆ لای خۆی نووسەریت و پیشەت نووسینە، باش نییە وشە لە شوێنی خۆی دانەنێیت، وشەی «سکراب» بۆ کەرەسەیەک بەکاردێت کە لەکار کەوتبێت، بۆ نموونە، ئۆتۆمبیل کاتێک لەکار دەکەوێت و بە کەڵکی لێخوڕین نایەت، وەک پارچە ئاسنێک فڕێی دەدەن و پێی دەڵێن «سکراب». ئێ با بزانین ئێوەی نووسەران چیتان پێویستە.
- وەڵا مام جەلال، ئێمە لە بارەگایەکی بچوکداین و میوان زۆر لەلای ئێمە دەمێننەوە، نەسریەی مانگانەکەمان کەمە و بەشمان ناکات.
- پێیان دەڵێم نەسرییەکەتان بۆ زیاد بکەن بۆ ئەوەی بەشتان بکات.
- ئێ چیتر؟
- مەکتەبی عەسکەری داوای لە هەموو بارەگاکان کردووە، دەبێ هەموو بارەگایەک شەوانە لە شوێنی خۆیان هێشک بگرن، ئێمەش چەکمان نییە، بەچی هێشک بگرین؟!
- ئەوەش چارەسەر دەکەین. یەک تکاتان لێدەکەم، مەوەستن لە نووسین و رەخنەگرتنی بنیاتنەرانە.
زۆرم سوود لە رەخنە و ئامۆژگارییەکانی وەرگرت، بە ماناوە پێی گوتم، کە وجودیم، هەروەها پێی گوتم، زۆر بەهەڵەدا چوویت، بەڵام یەک تۆز ئازاری نەدام، بەپێچەوانەی هەندێک نووسەرەوە، بە تایبەتی یەکێکیان لە سیمینارێکدا زیاتر لە دەجار گوتی: بەڕاستی ئەم «سەگوەڕەی» کاکە حەمە سەگوەڕە، ئەگەر کام جوێن ناشیرینە پێی بدامایە، هەندەم لەلا ناخۆش نەبوو، دەتگوت بە کوتەک دەکێشێت بە تەپڵی سەرما.
بە کڵاشینکۆفێک و پێنج هەزار تمەنەوە گەڕامەوە لای برادەران، گوتیان ئەوە چییە؟ گوتم وەڵا خەڵاتی کردم!.
منیش گوتم: ئەی رات چۆنە بەرامبەر بەوانەی دەڵێن؛ لە شۆڕشدا ئازادی بیر نییە و گوتی؛ ئەوەی وا دەڵێ: ...خوارد.
پەڕاوێزەکان:
(1) کورتە چیرۆکێکی رەخنە ئامێزە، لەسەر ئەرکی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە نامێلکەیەکی بچوکدا، چەند ژمارەیەکی لێ چاپکرابوو، بەسەر خوێنەراندا پەخشکرابوو، رەخنەی توندی لە هەموو حیزب و لایەنەکانی شۆڕش گرتبوو، زۆرترین رەخنەی ناو ئەو چیرۆکە دژ بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، راستەوخۆ هێڕشی کردبۆ سەر مام جەلال، زۆر بە توندی لەلایەن چەند نووسەرێکەوە رەخنەی لێگیرا. کاتێک ئەو کتێبە بڵاوبویەوە، مام جەلال لە دەرەوەی وڵات بوو، کە گەڕابووە، زۆر کەس، چووبوونە خزمەتی و داوای سزادانی نووسەرەکەیان کردبوو، مام جەلالیش پێی گوتبوون؛ سزادان لەسەر چی؟ گوتبویان؛ لەسەری نووسیوین، رەخنەی لێگرتووین، ئەویش گوتبوی ئێوەش لەسەری بنووسن و جوابی بدەنەوە، گوتبویان، جنێوی پێداوین! گوتبوی ئێوەش جنێوی پێبدەن، خۆ گولەی پێوە نەناون.
(2) لە چیرۆکەکەدا ئەوها هاتووە: (هەموو سکرابە سیاسییەکان هەر یەکە و حیزبێکی دامەزراند، هەموویان گوتیان؛ لەسەر رێبازی مارکسی لینینین.
*ئەندامی پێشوی سەرکردایەتیی ی ن ک