ئا: رەوەست نەوزاد
(كۆڕنیش) یا كەندی هەولێر، ئەو چاڵە درێژەیە، بەر لەچوار دەیە لەلایەن حكومەتی پێشووی عیراق بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی ئەمنی و رێگرییكردن لەژێر ئاوكەوتنی شارەكە لەكاتی لافاو، لە دەوروبەری هەولێر دروستكرا، ئێستاش بەهۆی گەورەبوونی شار، ئەو چاڵە كەوتۆتە ناو چەندین گەڕەك، بۆیە ئاوی زێرابی چەندین گەڕەك دەڕژێتە ناو ئەو كەندە، ئەوەش دەبێتە هۆكاری گرتنی رێڕەوی باران، هاوكات بەهۆی ئەوەی سەری ئەو ئاوەڕۆیە دانەپۆشراوە، دیمەنێكی ناشارستانی و بۆنێكی ناخۆشی دروستكردووە و وەك پزیشكان ئاماژەی بۆ دەكەن ئەو بارودۆخە هۆكارێكە، بۆ بڵاوبوونەوەی مێش و مەگەز و چەندین نەخۆشی.
سەعدیە حەمید، هاووڵاتییەكی دانیشتووی گەڕەكی فەرمانبەرانی هەولێرە دەڵێت: كەندەكەی كۆڕنیش كەوتۆتە نزیك گەڕەكەكەی ئێمە، كە رۆژانە وەكو رووبارێك ئاوی پیسی قوڕسی گەڕەكەكانی تر دەڕژێنە ناویەوە و بۆنێكی پیسی هەیە، بۆیە ترسی ئەوەمان هەیە كە ببێتە هۆكارێك بۆ زیادبوونی مێش و مەگەز و بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی.وتیشی: جگە لە زیانەكانی تەندروستی، دیمەنی شوێنەكەش تێكچووە، كە بەهیچ شێوەیەك شایستەی شارێكی وەكو هەولێر نییە كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە، بۆیە داواكارم لە لێپرسراوانی شارەكە چارەسەرێكی ئەو دیاردە ناشارستانییە بكەن و بە پڕۆژەیەك ئاوەڕۆیەكی سندوقی تایبەت بۆ گەیاندنی ئاوی زێراب بۆ دەرەوەی شار دروست بكەن.
هیمداد عەلی خاوەنی یەكێك لە نووسینگەكانی خانووبەرەیە لەبارەی نەبوونی زێراب لە شاری هەولێر وتی: پێویستە پێش دروستكردنی هەر گەڕەكێك و شوێنێكی نیشتەجێبوون، لــــەگــــەڵ دابینكرنی ئاو و كارەبا، ئاوەڕۆی سندوقی داخراو دروست بكرێت، بۆئەوەی ئاوی زێراب و پاشماوەكانی خێزانەكان، تێكەڵ بەهیچ ئاوێكی تر نەبێت، بەتایبەتی لەكاتی بارانبارین و وەرزی زستان.
پێشیوابوو: لەهەر گەڕەكێك ئاوەڕۆی سەركراوەی هەبێت، خەڵكی كەمتر رووی تێدەكەن، چونكە لەلایەك دیمەنێكی ناشارستانی هەیە، لەلایەكی تر كەمتر پرۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنانی تێدا ئەنجامدەدرێت، ئەمەش وادەكات نرخی خانووەكانی ئەو گەڕەكانە كەمتر بێت بە بەراورد بە شوێنەكانی دیكە.
لەوبارەیەوە زەردەشت عەبدولخالق سەرسام بەڕێوەبەری گشتی ئاوەڕۆی هەولێر بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لەڕابردوودا كە ئەو كۆڕنیشە دروستكرا، ئاوی بـــــــاراناوی گــــل دەدایەوە، دواتر دەچووە دەرەوەی شارەكە، بەڵام بەهۆی فراوانی شارەكە و نەبوونی تۆڕی ئاوەڕۆی سەرەكی، كە تائێستا تەنیا تۆڕی ئاوەڕۆی بارانی هەیە، بۆیە ئەو تۆڕانەی كە ئێستاش لە گەڕەكەكان دروستدەكرێن، لەیەككاتدا ئاوی باران و ئاوەڕۆی قورسی چێشتخانە و گەرماوەكان و پاشماوەكانی پیشەسازیی و كارە خزمەتگوزراییەكان پێیدا دەڕوات.ئاشكراشیكرد: ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی هەولێر، پرۆژەیەكمان جێبەجێكرد لە شەقامی هەولێر-كۆیە و نزیك گەڕەكی بێتـواتە، تەنیا ئاوەڕۆی ئاوی سووك لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت، تا گەڕەكی ئاوێنەی شار دروستكراوە، بەڵام بەهۆی زیاتر فراوانبوونی شارەكە بڕێكی تری ئاوی سووك دێتەوە ناو كەندەكە، ئەگەر پڕۆژەكان هەموویان جێبەجێ بكرێن، ئەوكات تەنیا لەكاتی بارانبارین ئاوی باراناوی پێدا دەڕوات، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە هەموو پڕۆژەكان جێبەجێ بكرێت، بۆیە كارەكانی دواكەوتووە.