ئا: هەژیر محەمەد
لەئێستادا ژمارەیەكی زۆر لە هۆڵی وەرزشی و لەشجوانی لەشاری هەولێر كراونەتەوە، كە رۆژانە خەڵكێكی زۆر لە هەموو جۆرە تەمەن و رەگەزێك روویان تێدەكەن، بەڵام ئەو هۆڵانە كێشە و كەموكوڕییان هەیە و پێویستە لایەنی پەیوەندیداریی حكومەت بەردەوام چاودێرییان بكات
بەمەبەستی پاراستنی تەندروستیی و چارەسەركردنی نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان لەلایەك و جوان و رێككردنی لەشی مرۆڤ لەلایەكی تر، لەئێستادا ژمارەیەكی زۆر لە هۆڵی وەرزشی و لەشجوانی لەشاری هەولێر كراونەتەوە، كە رۆژانە خەڵكێكی زۆر لە هەموو جۆرە تەمەن و رەگەزێك روویان تێدەكەن، بەڵام ئەو هۆڵانە كێشە و كەموكوڕییان هەیە و پێویستە لایەنی پەیوەندیداریی حكومەت بەردەوام چاودێرییان بكات.
فەرمان حەمید، یەكێكە لە یاریزانە لەشجوانەكانی هەولێر كە ماوەی چەندین ساڵە سەردانی هۆڵەكان دەكات بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لەئێستادا خەڵكێكی زۆر سەردانی هۆڵەكانی لەشجوانی دەكەن، لەوانە بۆ مەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشییەكانیان، یان دابەزاندنی كێشیان، بەتایبەتی لەلایەن كچان و ژنان.
هانی تەها سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی لەشجوانی و لێهاتوویی كوردستان بەكوردستانی نوێی راگەیاند: كارەكانی یەكێتییەكەمان بریتییە لە چاودێرییکردنی هۆڵەكان و پابەندبوونی خاوەنەكانیان بەڕێنمایی وەرزشەكە و كارەكانیان، كە پێشتر خاوەنەكانیان پابەند نەدەبوون و بەبێ مۆڵەت هۆڵیان كردبووەوە، یان راهێنەری بیانی و وڵاتانی دراوسێی بێ بڕوانامەیان دەهێنا و كۆڕسی یارییكردنەكەیان بە هەڵە پێدەوتن، بە هۆیەوە وەرزشوان رووبەڕووی پێكان و پەككەوتن دەبوون.
راشیگەیاند: جگە لەئێمە وەزارەتی تەندروستی سەردانی هۆڵەكان دەكات، هەروەك نوێنەرانی ئاسایش و پارێزگاش بۆ بابەتی ئەمنی و دەرزی هۆڕمۆن سەردانیان دەكەن، هەر هۆڵێكیش راهێنەرەكەی بڕوانامەی نەبێت، ئەوا خاوەن هۆڵ و راهێنەرەكە، هەریەكێكیان بە 500 هەزار دینار سزا دەدەین.
لەبارەی لەشجوانی و بەكارهێنانی هۆڕمۆن وتی: بەكارهێنانی هۆڕمۆن ئەگەر لەژێر چاودێریی پزیشك نەبێت، ئەوا ئەو یاریزانە تەندروستی لەناودەچێت، بەهۆیەوە گورچیلەكانی تووشی كز بوون دەبن، هەروەها ئەوكەسە تووشی نەخۆشی لاوازیی سێكسی و دروستبوونی چەوری سەر جگەر و قژ هەڵوەڕین دەبن، لەگەڵ دروستبوونی موویەكی زۆر لەسەر جەستە و تێكچوونی دەنگ و گەورەبوونی قەبارەی گوێچكە و لووت و ئەندامانی ناوەوەی لەشیش دەبن.