شێرۆ خەلیل ئەو یاریزانە گۆڵپارێزەی دەبوو لە هەڵبژاردەی عیراق یاری بكات

10:49 - 2025-02-12
دووتوێ
85 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رەوەست نەوزاد


شێرزاد خەلیل، ناسراو بە(شێرۆ خەلیل) یەكێك بوو لە گۆڵپارێزەكانی یاری تۆپی پێ لەسەرئاستی شاری هەولێر و عیراق، بەهۆی پێشكەشكردنی ئاستەكانی لە ناو یاریگا، سەرنجی هەمووانی بۆلای خۆی راكێشا بوو.
عیماد قادر، میدیاكاریی وەرزشی شاری هەولێر لەبارەی ئەو وەرزشوانە بۆ كوردستانی نوێ وتی: شێرۆ خەلیل لە ساڵانی حەفتاكاندا تا ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، وەك گۆڵپارێز، یاری تۆپی پێی كردووە، سەرەتا یاری بۆ تیپی قەڵای هەولێر كردووە، كاتێكیش  خزمەتی سەربازی دێت، ئەو پەیوەندیی بەهێزەكانی پۆلیس كرد، بۆیە لەوێ بووە یاریزانی تیپی تۆپی پێی(ئالیاتی شورتەی هەولێر)، كە ئێستا ناوەكەی بۆتە یانەی (بروسك).
وتیشی: هەر بەهۆی ئاستە بەرزەكەیەوە، لەلایەن یانەی شورتەی عیراقی بانگهێشت دەكرێت، بەڵام لەبەر هەندێك هۆكار نەیتوانی بچێت یاریان بۆ بكات، دواتر لە ساڵەكانی 1981 تا 1983 لەیانەكانی هەولێر و هێرش، یاری كردووە.
باسی لەوەشكرد: شێرۆ خەلیل، بەهۆی هەژارییەوە، بەردەوام كاری بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی كردووە و دواتر رووی لە گۆڕەپانەكانی تۆپێ پێ كردووە و بۆ ئەنجامدانی یاری، تا ساڵی 1989 بەردەوام دەبێت، دواتر بەهۆی نەخۆشییەوە، واز لەیاریكردن دەهێنێت.
عەونی سەید ئەحمەد، یاریزانی دێرینی تۆپی پێی شاری هەولێر و هەڵبژاردەی عیراق كە لە نزیكەوە ئاشنایەتی لەگەڵ شێرۆ خەلیل هەبوو سەبارەت بەو گۆڵپارێزە وتی: شێرزاد خەلیل لە ساڵی 1951 لەقەڵای هەولێر لەدایكبووە، ئاستی یارییكردنی لە گۆڵپارێزی هاوتای گۆڵپارێزەكانی جیهان بوو، دەبوو بانگهێشتی هەڵبژاردنەی عیراق بكرێت، بەڵام ئەوكات ستەمی لێكرا.
پێشیوابوو: شێرۆ خەلیل لەكاتی یاری لەناو یاریگادا، هەڵسوكەوتی لەگەڵ یاریزانانی تیپی بەرامبەر زۆر جوان بوو، بەهۆی بەتوانایی لەبەرگرییكردن لە گۆڵەكەی، زۆر بەدەگمەن گۆڵی لێدەكراو بەتوندی گۆڵی خۆی دەپاراست، بەتایبەتی ئەوكاتانەی من لە تیپی شورتە یاریم دەكرد، ئەویش گۆڵپارێزی یانەكە بوو.
هەرلەو چوارچێوەیەدا زاگرۆس نانەكەلی، نووسەر و میدیاكاریی وەرزشی وتی: شێرۆ خەلیل بەهۆی ئاستە بەرزەكەیەوە بە(یاشین)ی گۆڵپارێز ناوبانگی دەركردبوو، وەك ئاماژەیەك بە(لیف یاشین)ی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی تۆپی پێی روسیا.
راشیگەیاند: ئەو یاریزانە پێش ئەوەی لە 1/2/2013 لەتەمەنی 63 ساڵیدا كۆچی دوایی بكات، ساڵانێك بوو بەهۆی نەخۆشییەكەیەوە دەیناڵاند و گللەیی هەبوو لەوەی مووچەی رێزلێنانی وەرزشوانە دێرینەكانی لێبڕاوە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان