لەلایەن حزبی فەرمانڕەوای شارەکەوە

یاریگا بچوككراوەكانی تۆپی پێ قۆڕخكراون

10:50 - 2025-02-12
دووتوێ
93 جار خوێندراوەتەوە

ئا: هێدی گەڵاڵی


لە هەولێر سەرجەم یاریگا بچوككراوەكانی تۆپی پێ لەلایەن حزبی دەسەڵاتەوە قۆڕخکراوە و لەجیاتی خزمەتكردن بە وەرزشوانان، بۆ مەراسیم و رێكخستنی حزبی و بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندیدەكانیان بەكاردەهێنرێن.
پێشەوا سەباح، مامۆستا لە ئەكادیمیای تۆپی پێی رێباز فاوەندەیشن بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لە هەولێر جیاوازیی لە نێوان یاریزانەكان دەكەن، بەوەی كە هەر یاریزانێك سەر بەرێكخستنی خۆیان نەبێت، ئەوە هاوكار و یارمەتیدەریان نابن و ئاستەنگیان بۆ دروست دەكەن.
وتیشی: لەكۆی نزیكەی 35 یاریگای بچوككراوە، 28 یاریگا لەلایەن رێكخراوەكانی تایبەت بە حزبی دەسەڵات سەرپەرشتی دەكرێت و بۆخۆیان قۆرخیان كردووە، بەتایبەتی لەكاتی هەڵبژاردنەكان و دەنگدان ئەو یاریگایانە بۆ بەرژەوەندیی حزبی بەكاردەهێنن، زۆرجار كاندیدی ئەو لایەنە لە رێگای یارگاكانەوە بانگەشە دەكەن و پۆستەر و وێنەی گەورەی خۆیان هەڵدەواسن.
هەرپەیوەست بەو بابەتە شوان خدر، راهێنەری وەرزشی پێی راگەیاندین: هەر تیپێكی تۆپی پێ ئەگەر بیەوێت بلیتی یارییكردنی لە یاریگا بچووكەكان دەستبكەوێت، دەبێت فۆڕمی لایەنگیریی و حزبی پڕبكاتەوە، ئەوەش رێكخراوی لاوانی حزبی دەسەڵاتە، ئەمەش پێشێلكارییەكە بەرامبەر بەو وەزشوانانە دەكرێت، كە هیچ ئینتیمای حزبییان نییە، جگە لە وەرزشكردن نەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: بۆئەوەی یاریگا وەرزشییەكانی تۆپی پێ و گۆڕەپانەكان بۆخزمەتی گشتی بێت و هەمووان لێیسوودمەند بن، پێویستە لەلایەن حكومەتەوە سەرپەرشتی بكرێت، نەوەك رێكخراوی لاوانی حزبی،  ئەوە وادەكات وەرزش لە كوردستاندا بەرەوپێش نەچێت، وەك سەرجەم بوارەكانی  دیكە توشی قەیران و لەیەكترازن بێتەوە.
عەلی بارزان، وەك یاریزانێكی یانەی برایەتی تیپی لاوانی دیوان، قۆرخكاریی یاریگا بچووكەكانی پشتڕاست كردووە و وتی: یاریگای شەش یاریزانی (فوتسال) لە لایەن رێكخراوێكی لاوانی حزبی قۆڕخكراوە و چەندەها گەنج و یاریزانی گەڕەكەكانی شاری هەولێر باجی ئەم سیاسەتە دەدەن، كە حزبێكی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە وەرزشوانان دەیكات.
وتیشی: یاریزانمان هەیە لە ناوەندیی باڵای هەولێرە كەچی كێشەی بۆ دروستدەكرێت، چونكە سەر بە لایەنێكی ترە و لەگەڵ ئەوان نییە، بۆیە داوا دەكەم وەرزش و سیاسەت تێكەڵ نەكرێت، بەڵام وەك دەبینرێت لە هەولێر وەزش خراوەتە ژێر دەسەڵاتی حزبەوە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان