دانیشتوانی قەزای خەبات داوای رەخساندنی دەرفەتی كار دەكەن

10:53 - 2025-02-12
دووتوێ
72 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رەهێڵ سەمەد

وەك بەشێك لە دانیشتوانی قەزای خەبات لە خۆرئاوای شاری هەولێر ئاماژەی بۆ دەكەن، چەندین پڕۆژەی ستراتیجی و گرنگ لەو سنوورە دامەزراوە، كەچی هەلی كار بۆ خەڵكەكەی ناڕەخسێنن، بەڵكو لەلایەن چەند بنەماڵەیەكەوە بە پاڵپشتی حزبی قۆڕخكراوە.
ئەحمەد نەجمەدین، وەك یەكێك لە دانیشتوانی قەزای خەبات بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە سنووری خەبات و ناحیەكانی دەوروبەری، چەندین پرۆژەی ستراتیجی و كۆمپانیای گەورەی لێییە و چەندین هەلی كارییان دروستكردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە كۆمپانیاكانی نەوت و پاڵاوگە و كارگەكانی چەو و لمەوە هەیە، بەڵام رێگا بە خەڵكی ئاسایی نادرێت كار لەو پڕۆژانە بكەن و دەرفەتی كاریان بۆ بڕەخسێت.
وتیشی: ئەوانەی زیاتر سوود لەو پرۆژانە وەردەگرن، ئەوانەن کە خاوەن عەشیرەتی چەكدار و دەستڕۆیشتوون، حزبی دەسەڵاتداریش پاڵپشتیان دەكات، بۆیە سەرجەم جومگەكانی ئەو شوێنانەیان بۆ خۆیان داگیركردووە و قازانج و خێروبێرەكەی، هەمووی بۆ ئەوان دەڕوات، كاتێكیش هەڵبژاردن دەكرێت، هەر ئەوان دەنگ بۆ حزبی دەسەڵات كۆدەكەنەوە و بانگەشە بۆ ئەو لایەنە سیاسییە دەكەن.
عەلی عەبدوللەتیف، كەسێكی ترە لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای خەبات ئەوەی بە كوردستانی نوێ راگەیاند: هەموو جومگە ئەساسیەكانی ئەم سنوورە، لەلایەن ئەو عەشیرەتانە قۆڕخكراوە كە چەكدارن، چۆنیان بیەوێت وادەكەن، چونكە لەم سنوورە یاسا بۆ ئەوان بوونی نییە، بەڵكو هێز حوكم دەكات، هەندێكجاریش ئەگەر خاوەنی عەشیرەت و بنەماڵەكان بیانەوێت رێگریی لە پرۆژەیەكی حكومەت بكەن، دەتوانن و چەندین چەكدار كۆدەكەنەوە.
پێشیوابوو: ئەو رەوشەی لە ناوچەكانی سنووری قەزای خەبات هەیە، بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە خەڵكی ناوچەكە ناكات، چونكە لەلایەك گەنجانمان بێكارن، لەلایەكی تر هیچ خزمەتگوزارییەك لەرووی ئاوەدانی بەتایبەتی رێگاوبان پێشكەش بە ناوەندیی قەزا و ناحیە و گوندەكانی ناكرێت.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان