ئا: زەمەن رۆستەم
رۆژی 9/2/2025 لەکاتی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی و هاتنیان بۆ هەولێر، لەچەند ناوچەیەکی پارێزگای هەولێر بەتایبەت لەبەردەم بازگەی دێگەڵە، جارێکی دیکە پێشێلکاریی زۆر بەرامبەر ژمارەیەک دەزگای میدیا و رۆژنامەنووسان ئەنجامدرا.
زۆرترین پێشێلکاری لە سنووری پارێزگای هەولێر بەرامبەر بە میدیاکاران و رۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێت
لەوبارەیەوە هۆزان قادر سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لەرۆژی 9/2/2025 لەکاتی هاتنی مامۆستایانی ناڕازیی بۆ هەولێر و مانەوەیان لە بازگەی دێگەکە، جارێکی تر پێشێلکاریی بەرامبەر بە ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاند و رۆژنامەنووسان ئەنجامدرا، ئەمەش دەریدەخات پێشێلکارییەکان زیاتر لەکاتی خۆپشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزاییەکان تۆمار دەکرێت.
راشیگەیاند: ئەو پێشلێکارییانەی لەو رۆژەدا لە سنووری هەولێر تۆمارکراون بەمجۆرە بوون:
1. پێشێلکاری بەرامبەر (9) دەزگایی میدیایی
2. پێشێلکاری بـــــــــــــــــەرامبەر (22) رۆژنامەنووس
3. نۆ رۆژنامەنووس بەهۆی گازی فرمێسکڕێژ تەندروستیان تێکچوو، رۆز سەڵاح پەیامنێری کەناڵ8 هێشتا لە نەخۆشخانەیە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە
4. هێزێکی ئەمنی بە ئۆتۆمبێل و جلی مەدەنییەوە، بەناوی ئاساییشەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆفیسی کەناڵی knn لە هەولێر و دەستیان بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەوانیی و مۆبایل و پێداویستییە کەسیەکانیاندا گرتووە.
5. پێنج تیمی دەزگای راگەیاندن لەلایەن هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لێکراوە، بگەڕێنەوە شاری هەولێر
6. تیمی دەزگای میدیایی پۆڵەتیک پرێس لەکاتی وەرگرتنی لێدوان لە چالاکوانێک، لەلایەن ئاساییشەوە دەست بەسەر کراون و تائێستا ئازاد نەکراون.
سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان راشگەیاند: بەگوێرەی ئاماری ساڵانەی رێکخراوەکەمان، زۆرترین پێشێلکاری لە سنووری پارێزگای هەولێر بەرامبەر بە میدیاکاران و رۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێت. لەساڵی رابردوودا لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان 116 پێشێلکاری بەرامبەر بە میدیاکار و رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە، هەولێر زۆرترین پێشێلکاریی تێداکراوە کە44حاڵەت بووە، لە دوای ئەویش دهۆک 41 حاڵەت، کەمترین پێشێلکاریی بەرامبەر بە میدیاکاران و رۆژنامەنووسان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە، کە تەنیا 13حاڵەت تۆمارکراوە.