یادكردنەوەی شەوی بەرات لە هەولێر

11:10 - 2025-02-12
دووتوێ
143 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد سەعید كوردە

هەموو ساڵێك لە شەوی 14 لەسەر 15ی مانگی شەعباندا، شەوێكی تایبەت دێتە پێشەوە، كە هەموو لایەك بە تایبەتی توێژی منداڵان چاوەڕێی دەكەن، ئەویش پێی دەڵێن(شەوی بەرات)، ئیدی لە بەشێكی شار و شارۆچكەكانی كوردستان وەك هەولێر و سلێمانی و زۆربەی زۆری شار و شارۆچكەكانی دیكەدا، هەتا لە هەندێك وڵاتی دەرەوەی كوردستانیش بە شێوەی جیاواز، یادی ئەو شەوە دەكرێتەوە و ئاهەنگی خۆشی و شادیی و نمایشی جوان و سەرنجڕاكێشی بۆ ئەنجام دەدرێ.
ئەوەی تایبەت بێت بە شاری هەولێر بێت، وەك شارێكی دێرین و خاوەن شارستانیەت، خەڵكەكە زیاتر رووە ئاینییەكەیان وەرگرتووە و لەو رۆژەدا وەك مانگی رەمەزان لە نیوەی شەودا بۆ پارشێوكردن هەڵدەستانەوە بۆ بەیانیەكەشی بەڕۆژوو دەبوون و چێشت و خواردنی زۆریشیان بۆ رۆژوو شكاندنەكە ئامادە كردووە.
هەربۆیە خەڵكی هەولێر بە گەورە و بچووكییەوە لەم شەوەدا بەگشتی و پیاوان بەتایبەتی، بەمەبەستی نزا و پاڕانەوە سەردانی مزگەوتەكانیان دەكرد. هەندێک ماڵ و خێزانیش لەو شەوەدا لە ماڵەوە خواردنی تایبەتیان دروست دەكرد، لە پاڵ ئەوەشدا خێر و چاكە و سەدەقیان دەبەخشیە نەدار و هەژارەكان، وەك خۆ ئامادەكردنێك بۆ مانگی رەمەزان، كە دوای شەوی بەرات تەنیا 15 رۆژ دەمێنێت بۆ ئەو مانگە پیرۆزە.
بەپێی زانیارییەكان هەندێك پێیان وایە وشەی (بەرات) لە(بەرائەت)ی عەرەبییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام وەك دەڵێن لە بنەڕەتدا وشەیەكی رەسەنی كوردییە و چەندین مانا و مەبەست دەگەیەنێت، وەك دیاریی و خەڵات و بەخشین و قوربانیدان.
بەگشتی جگە لەوەی بەرات بۆنەیەكی ئایینییە و بەچەندین شێواز پیرۆز كراوە، لەهەمانكاتدا لەكوردستان بۆتە بۆنەیەكی كۆمەڵایەتی و خەڵكی هەریەكەیان بەگوێرەی ناوچەكەیان، ئەو رۆژە دەكەن بە دەرفەتێك بۆ چێژوەرگرتن لەو رۆژە و ئامادەكردنی خواردن و شیرینی و دڵخۆشكردنی منداڵان.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان