ئا: رەهێل سەمەد
شێرزاد هیرانی ناوێكی دیاری بواری فۆتۆگرافییە و ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە وێنە و دیمەنە جوانەكانی سروشتی كوردستانی تۆمار دەكات و لە ئەرشیفی خۆی دەیانپارێزێت، ئەو لە ساڵی 1970 لەشارە جوانەكەی هیرانی سەر بەشاری هەولێر لەدایكبووە، هەر بەهۆی جوانی سروشتی ئەو شارە، خولیای وێنەگرتنی لەلا دروست دەبێت.
ئەو فۆتۆگرافەرە دێرینە، بەشداریی لەچەندین خول و راهێنان كردووە و زیاتر لە 60 پێشانگای تایبەت و هاوبەشی بۆ وێنەكانی لە كوردستان و عیراق و وڵاتان كردۆتەوە و چەندین خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشراوە، ماوەیەكیش سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی وێنەگرانی كوردستان بووە.
شێرزاد هیرانی جگەلە كاری فۆتۆگرافەر، وەك كامێرامان بەشداریی لەبەرهەمهێنانی چەندین فیلمی سینەمایی و دراما و فیلمی كارتۆنی منداڵان كردووە، هاوكات وێنەكانی لەچەندین گۆڤار و كاری خێرخوازیی و فەرمانگەی حكومی بەكارهێنراوە.
ئەو فۆتۆگرافەرە دوای ئەو ماوە لەتێكەڵبوون بەدونیای سروشت و خۆشەویستی بۆ چركاندنی وێنەیەكی سەرنجڕاكێش پێمان دەڵێت: حەزی من بۆ وێنە و ئەرشیفكردنی دیمەنە جوانەكانی كوردستان و رووداوە سەرنجڕاكێشەكان بەردەوامە و لەیەكتر دانابڕێین، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پیسكردنی ژینگە و شێواندنی سروشتی بەشێك لەناوچەكانی كوردستان، دەرفەتی چركاندنی وێنەیەكی سەرنجڕاكێش كەمبۆتەوە و وێنەگر ناتوانێت بە سەلیقەوە دیمەنە جوانەكان تۆمار بكات، تەنانەت گوند و لادێكان سیمای كوردەواییان نەماوە و لەرووی بیناسازییەوە تایبەتمەندیی خۆیان لە دەستداوە.
وتیشی: لەگەڵ ئەوەشدا خولیای وێنەگرتنم هەر ماوە، بەجۆرێك زۆرجار بۆ وێنەیەك دوو سەعات چاوەڕوانی رەخسانی دەرفەتێكی گونجاو دەكەم، ئەو كاتە چێژ لەو دیمەنە وەردەگرم، هەروەها زیاتر لە 20 ساڵە خەریكی ئەرشیفكردنی سروشتی كوردستانم، بۆیە گۆڕانكارییەكانی ژینگە و سروشت، منیان دانەبڕاندووە لە وێنە، تا ئێستا، زیاتر لە 10هەزار تابلۆم لە ئەرشیفەكەمدا پاراستووە.