سازدانی: ئالان محەمەد جەزا
ئومێد محەمەد پیرۆت بۆ کوردستانی نوێ : روسیا مانگانە هاوکاری دارایی خوێندکار دەکات کە بڕەکەی بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی سێ هەزار رۆبڵی روسییە بۆ ئاستەکانی بەکالۆریۆس و ماستەر، هەروەها 4500 رۆبڵی روسییە بۆ ئاستی دکتۆرا لە بەشە وێژەییەکان و 11 هەزار رۆبڵی روسیی بۆ دکتۆرا لە بەشە زانستییەکان
دەربارەی بەدەستهێنانی زەمالەی خوێندن لە روسیای فیدراڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای و توێژینەوەی زانستیی، بۆ ساڵی (2025-2026) بۆ ئەو خوێندكارانەی خوازیاری بەدەستهێنانی بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆران، 70 زەمالەی خوێندنی راگەیاند، بەپێی چەند مەرجێك بۆ هەریەك لە بڕوانامەكانی بەكالۆرێوس و ماستەر و دكتۆرا، بۆ ئەم مەبەستە كوردستانی نوێ دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ ئومێد محەمەد پیرۆت خوێندكاری دكتۆرا لە ئەندازیارییدا لە زانكۆی روودن لە شاری مۆسكۆ- ی پایتەختی روسیا و مامۆستا و تۆێژەر لەزانكۆی راپەرین سازکرد بۆ زانیاری و بەرچاوڕوونیی بۆ ئەو خوێندكارانەی خوازیاری خوێندنن لە روسیای فیدراڵ.
*بەدەســـتهێنــــانی بڕوانــــــــامەی بەكالۆرێوس و ماســــــتەر و دكتۆرا بە چ سیستمێک دەکرێت؟
کۆماری روسیای فیدڕاڵ ساڵانە نزیکەی 15 هەزار کورسی خوێندن تەرخان دەکات بۆ خوێندکارانی بیانیی بە شێوەی سکۆلارشیپ، ماوەی دووساڵ دەبێت لەم رێژەیەدا 70 کورسی خوێندن بەر خوێندکارانی کورد کەوتووە. کورسی سکۆلارشیپەکە چانسی خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لە گشت بوارەکانی خوێندندا دابین دەکات.
*بە گشتی خوێندكار ماوەی چەندی پێویستە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەكان؟
ماوەی بەدەستهێنانی بڕوانەماکان دەکەوێتە سەر بوار و ئاستی خوێندن، وەک لە تەواوی وڵاتاندا نزیک و چوونییەکە، بۆ نموونە بەکالۆریۆس جگە لە ساڵی زمانی روسیی چوار ساڵی ئەکادیمیشی دەوێت، کە هەڵبەتە ئەم ماوەی خوێندنی ئەکادیمییەش بۆ هەندێ بەشی وەک بەشی ئەندازیاری تەلارسازی پێنج ساڵ و پزیشکیی گشتی شەش ساڵی ئەکادیمییە. خوێندنی ماستەر دوو ساڵی ئەکادیمی و دکتۆرا بەگوێرەی بەش و زانکۆکان دەگۆڕیت کە نزیکەی 3 بۆ 4 ساڵی ئەکادیمی دەوێت.
*خەرجی خوێندن لەو وڵاتە چەندە و جیاوازیی نێوان بڕوانامەکان چۆنە؟
ئەوەی ئاشکرایە كۆماری روسیای فیدڕاڵ جگە لە چانسی سکۆلارشیپ کە هیچ بڕە پارەیەکی بۆ خوێندن تێناچێت و تەواوی کۆرسی زمان و ئەکادیمیشی بێ بەرامبەرە، ساڵانە دەرگای خوێندیش دەکاتەوە بۆ هەر خوێندکارێکی بیانی کە بیەوێت لەسەر بودجەی خۆی بخوێنێت. هەڵبەتە ساڵانە لە مانگی ئەیلول و تشرینی یەکەمدا پرۆسەی پێشکەشکردن دەکرێتەوە، خوێندکارانی جۆری سکۆلارشیپ دەتوانن لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمەوە ئاگاداری کاتی کردنەوەکەی بن. لە رێگەی لینکی فەرمی (https://education-in-russia.com) بەشێوەی ئۆنلاین و هەرخۆیان دەستبکەن بە پرۆسەی پێشکەش کردن، بۆ پرۆسەی پێشکەشکردن پێویستە خوێندکار کۆمەڵێک دیکۆمێنتی پێویست ئامادە بکات و وەریگێڕێتە سەر زمانی روسی، بە مۆرکراوی (تصديق)کرابێت، لەوانە بڕوانامەی دوا قۆناغی خوێندن بە هەردوو شێوازی بە نمرە و جێداری و سیڤی و پشکنینی پزیشکی لە تاقیگەی ناوەندی و پشتگیری چەند مامۆستایەکی زانکۆ کە خوێندکار تێیدا خوێندوویەتی و هەڵگری نازناوی دکتۆرا و پرۆفیسۆر بن باشترە بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا. هەروەها پشتگیریی شوێنی ئیش و پاسپۆرت و پرۆپۆزەڵی بواری خوێندن بۆ ماستەر و دکتۆرا دەگرێتەوە. خوێندکار پێویستە پێش پێشکەشکردن بۆ خوێندن سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکات و لەسەر زانکۆی دیاریکراو پشکنین بکات. بۆ ئەو خوێندکارانەی کە رەچاوی بارودۆخی دارایی خۆیان دەکەن، واباشترە پێشکەشی خوێندن بکەن لە زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی دەرەوەی شارەکانی (مۆسکۆ و سانت پترسبۆرگ) بۆ پشکنینی ئاستی زانکۆ سەردانی ماڵپەڕەکانی (Qs ranking, Shanghai Ranking, webometrics Ranking) بکەن هەڵبەتە چانسی وەرگرتنی زمالەکە بۆ هەر کورسیەک دەکەوێتە سەر نمرەی خوێندکار و توانستی زانستی خوێندکار و بڵاوکراوەی زانستیی و دروست پڕکردنەوەی فۆرمەکە و كێبڕکێی خوێندکاران بۆ هەمان بەش و زانکۆ. ئەنجامی پرۆسەکە دوای نزیکەی 8 مانگ دەردەچێت و خوێندکار لە رێگەی ئیمەێل و ئەکاونتی خۆیەوە ئاگادار دەکرێتەوە و تەواوی پرۆسەکە لەو ماوەیەدا شەش قۆناغی جیاواز دەبڕێت.
*ئەو پشتگیرییە داراییە چییە كە وڵاتی روسیا پێشكەشی خوێندكارانی دەكات؟
روسیا مانگانە بڕێک هاوکاری دارایی خوێندکار دەکات بە شێوەی ستێپنێس کە بڕەکەی دیسان بە گوێرەی زانکۆ و ئاستی خوێندن و بەش دەگۆڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بڕەکەی نزیکەی سێ هەزار رۆبڵی روسییە بۆ ئاستەکانی بەکالۆریۆس و ماستەر، هەروەها 4500 رۆبڵی روسییە بۆ ئاستی دکتۆرا لە بەشە وێژەییەکان و 11 هەزار رۆبڵی روسیە بۆ دکتۆرا لە بەشە زانستییەکان و ئەندازیاریی و پزیشکییەکان.
*حكومەتی هەرێم و خوێندنی باڵا چ پشتگیریی و هاوكارییەكی ئەو خوێندكارانە دەكات كە لە زەمالەی ئەو 70 کورسییەدا دەخوێنن؟
بەداخەوە خوێندکار هیچ هاوکارییەکی دارایی ناکرێت لەلایەن حوکمەتی هەرێمەوە، ئەمەش بارگرانیی بۆ سەر خوێندکار و خانەوادەکەی دروست دەکات، کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی خوێندنەکەی هەیە و سترێس و ناڕەحەتیی بۆ خوێندکار دروستدەکات. ئەمە لەکاتێکدایە خوێندکارانی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق پشتگیریی دارایی دەکرێن.
*لە كوردستان تا چەند خوێندكاران بەگرنگییەوە هەوڵ دەدەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو زەمالەیە لە روسیا؟
ساڵانە خوێندکاران بە تاسەوە چاوەڕێی کردنەوی دەرگای سکۆلارشیپ دەکەن بۆ وڵاتانی بیانیی، کێبڕكێ لەنێو خوێندکاراندا دروست دەبێت. خوێندکار وەک دەرفەتێکی زێڕین تەماشای دەکات کە بێ بەرامبەر دەرفەتی خوێندنی پێ دەبەخشێت و تێکەڵ بە کەلتور و ژیانێکی نوێ دەبێت، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ماوەی دووساڵە رێگە بە خوێندکارانی عیراقیی و چەند وڵاتێکی تر نادرێت لەسەر بودجەی خۆیان لە روسیا بخوێنن. هەڵبەتە هەوڵدان بۆ خوێندن لە روسیا بەراورد بە وڵاتانی تری ئەوروپا و تەنانەت تورکیا و ئێرانیش کەمترە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەختیی فێربوونی زمانی روسیی و سیاسەتی تایبەت و شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا.